یاقوب 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یاقوب 5:1-20

ئاگادارکردنەوەی دەوڵەمەندەکان

1وەرن ئەی دەوڵەمەندەکان، بگریێن و شیوەن بکەن بۆ ئەو دەردەسەرییەی بەسەرتان دێت. 2سامانتان بۆگەن بووە و بەرگتان مۆرانە لێیداوە، 3زێڕ و زیوتان دادەخورێت، داخورانەکەشیان شایەتیتان لەسەر دەدات و وەک ئاگر جەستەتان دەخوات. لە ڕۆژانی کۆتایی گەنجینەتان بۆ خۆتان کۆکردەوە. 4ئەوەتا ئەو کرێیەی کە نەتانداوە بەو کرێکارانەی کە لە کێڵگەکانی ئێوە کاریان کردووە، لە دژی ئێوە هاوار دەکات. هاواری سەپانەکانیش گەیشتە گوێی یەزدانی سوپاسالار. 5لەسەر زەوی خۆشتان ڕابواردووە و بە شوێن ئارەزووەکانی جەستەتان کەوتوون، دڵی خۆتان وەک دابەستە بۆ ڕۆژی سەربڕین ڕاگرتووە. 6بێتاوانەکەتان حوکم دا و کوشتتان، کە بەرهەڵستی ئێوەی نەدەکرد.

دانبەخۆداگرتن لە ئازار

7بۆیە خوشکان و برایانم، هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ ئارام بگرن. تەماشا بکەن چۆن جوتیار چاوەڕێی بەرهەمە بەهادارەکەی زەوی دەکات، بۆ بارانی پاییز و بەهار ئارام دەگرێت. 8ئێوەش ئارام بگرن و ورەتان بەرز بێت، چونکە هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ نزیک بووەتەوە. 9خوشکان، برایان، بۆڵەبۆڵ لەسەر یەکتری مەکەن، نەوەک حوکم بدرێن. ئەوەتا دادوەر لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.

10خوشکان، برایان، نموونە وەربگرن لە بەرگەی ئازار و ئارامگرتنی ئەو پێغەمبەرانەی کە بە ناوی یەزدانەوە قسەیان کرد. 11وا ئێمە ئەوانە بە بەختەوەر دەزانین کە دانیان بەخۆیاندا گرتووە. دانبەخۆداگرتنی ئەیوبتان بیستووە کە لە ئەنجامدا یەزدان چۆن بەرەکەتداری کرد،5‏:11 بڕوانە ئەیوب 42‏:10‏-17.‏ چونکە یەزدان بەزەیی زۆرە و میهرەبانە.

12خوشکان و برایانم، پێش هەموو شتێک، سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان و نە بە زەوی و نە بە شتی دیکە. بەڵکو با قسەتان «بەڵێ» بۆ «بەڵێ» و «نەخێر» بۆ «نەخێر» بێت، نەوەک تاوانبار بکرێن.

نوێژ بە باوەڕەوە

13کامەتان ناخۆشی هەیە؟ با نوێژ بکات. کەس دڵخۆشە؟ با بە گۆرانی ستایش بکات. 14کامەتان نەخۆشە؟ با پیرانی کڵێسا بانگ بکات بۆ ئەوەی نوێژی لەسەر بکەن و بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە چەوری بکەن5‏:14 بڕوانە مەرقۆس 6‏:13. 15ئەو نوێژەی بە باوەڕ دەکرێت نەخۆش چاک دەکاتەوە و عیسای خاوەن شکۆ هەڵیدەستێنێتەوە. ئەگەر گوناهێکیشی کردبێت دەبەخشرێت. 16بۆیە بۆ یەکتری دان بە گوناهەکانتاندا بنێن، نوێژ بۆ یەکتری بکەن تاکو چاکببنەوە. نوێژی کەسی ڕاستودروست زۆر بەهێز و کاریگەرە.

17ئەلیاس مرۆڤێک بوو وەک ئێمە لە هەمان سروشت، بە گەرمی نوێژی کرد تاکو باران نەبارێت، ئیتر سێ ساڵ و نیو لەسەر خاکەکەیان باران نەباری. 18نوێژی کردەوە، ئاسمان بارانی دا و زەویش بەرهەمی دا.

19خوشکان و برایانم، ئەگەر یەکێکتان لە ڕاستی چەواشە کرا و یەکێک گەڕاندییەوە، 20با بزانێت ئەوەی گوناهبارێک لە ڕێگای گومڕایی بگەڕێنێتەوە، دەروونێک لە مردن ڕزگار دەکات و زۆر گوناهیش دادەپۆشێت.