ئیشایا 47 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 47:1-15

کەوتنی بابل

1«دابەزە و لەسەر خۆڵ دابنیشە،

ئەی بابلی کچە پاکیزە47‏:1 پاکیزە: مەبەست لەپێش داگیرکردنیەتی، کە بەراوردی دەکات بە کچی پاکیزە.‏.

بەبێ تەخت لەسەر زەوی دابنیشە،

کچی بابلییەکان،

چونکە چیتر پێت ناگوترێت

ناسک و نازدار.

2دەستاڕ ببە و باراش بهاڕە،

عەبات فڕێبدە،

دامێن هەڵبکە و قاچ بەدەرخە،

لە ڕووبارەکان بپەڕەوە.

3ڕووتیت دەردەکەوێت،

هەروەها ڕیسواییت دەبینرێت.

تۆڵەی خۆم دەکەمەوە و

لە کەس نابوورم.»

4ئەوەی دەمانکڕێتەوە ناوی یەزدانی سوپاسالارە،

پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.

5«بێدەنگ دابنیشە و وەرە ناو تاریکییەوە،

شاری شاهانەی بابلییەکان،

چونکە چیتر پێت ناگوترێت

شاژنی شانشینەکان.

6تووڕە بووم لە گەلی خۆم و

میراتی خۆمم گڵاوکرد.

ئەوانم دا بە دەست تۆوە،

تۆش لەگەڵیاندا بە بەزەیی نەبوویت.

تەنانەت لەسەر پیرەکانیش

نیری47‏:6 مەبەستی لە بارگرانییە.‏ خۆتت زۆر قورس کرد.

7گوتت: ”بۆ هەتاهەتایە

دەبمە شاژن!“

بەڵام لەم ڕووداوانە وردنەبوویتەوە،

بیرت لە کۆتاییەکەی نەکردەوە.

8«ئێستا گوێ لەمە بگرە، ئەی سۆزانی،

ئەی دانیشتوو بە ئاسوودەیی،

ئەی ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەڵێت:

”هەر خۆم و بەس!

نە بێوەژن دەبم و

نە سک سووتاوی دەزانم.“

9لەپڕ لە یەک ڕۆژدا

ئەم دووانەت بەسەردێت،

سک سووتان و بێوەژنیێتی.

بە تەواوی بەسەرت دێت،

سەرەڕای زۆری جادووگەری و

سەرەڕای لە ڕادەبەدەر نوشتەکردنت.

10پشتت بە خراپەکارییەکانت بەست و

گوتت: ”کەس نامبینێت.“

داناییەکەت و زانینەکەت تۆیان لەڕێ لادا،

لە دڵی خۆتدا گوتت:

”هەر خۆم و بەس.“

11خراپەیەکت بەسەردێت،

سەرهەڵدانەکەی نازانیت،

بەڵایەکت بەسەردێت.

ناتوانیت ڕەتی بکەیتەوە،

لەپڕ کاولبوونێکت بەسەردێت

پێی نازانیت.

12«جا بەردەوام بە، بە نوشتەکانت و

بە زۆری جادووگەریت،

ئەوەی لە مێردمنداڵیتەوە تێیدا ماندوو بوویت،

بەڵکو سوودی هەبێ بۆت،

بۆ ئەوەی بیانترسێنیت!

13هێزت لەبەر بڕا لە زۆری ڕاوێژەکانت!

با ئەستێرەناسەکانت بێنە پێشەوە،

ئەوانەی ئاسمان دابەش دەکەن و

چاو لە ئەستێرەکان دەبڕن و

مانگ لەدوای مانگ پێشبینی دەکەن،

با ئەوانە ڕزگارت بکەن

لەوەی بەسەرت دێت.

14ئەوەتا وەک پووشیان لێدێت،

ئاگر دەیانسووتێنێت.

لە دەست بڵێسە

فریای گیانی خۆیان ناکەون.

ئەو پشکۆ خەڵووزە بۆ خۆگەرمکردنەوە نییە،

ئەو ئاگرەش بۆ دانیشتن لەبەردەمی نییە.

15ئەو جادووگەرانەی لە مێردمنداڵیتەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکردن و

پێیانەوە ماندوو بوویت،

بەو دەردە دەچن.

هەرکەسە و ملی ڕێی خۆی دەگرێت،

کەس نییە ڕزگارت بکات.