ئیشایا 46 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئیشایا 46:1-13

خوداوەندەکانی بابل

1بێل46‏:1 بێل، هەروەها ناسراوە بە ناوی مەردوخ، یەکێک بووە لە خوداوەندە سەرەکییەکانی بابل. هەروەها نەبۆ خوداوەندێکی دیکە بووە و کوڕی مەردوخ بووە. ناوی ئەم دوو خوداوەندە لەسەر ئەو تەختە گڵینانە دۆزراوەتەوە کەوا زانایانی شوێنەوارناس لە پاشماوەی بابل دۆزیویانەتەوە. چۆکی دادا و نەبۆ چەمایەوە،

بتەکانیان بارن بۆ ڕەشەوڵاخ.

ئەوەی باری دەکەن باری هەڵگیراون،

بارن بەسەر ئاژەڵە ماندووەکانەوە.

2هەموو چەمانەوە، پێکەوە چۆکیان دادا،

نەیانتوانی بارەکە دەرباز بکەن و

ئەوان خۆشیان ڕاپێچ کران.

3«ئەی بنەماڵەی یاقوب، گوێم لێ بگرن،

ئەی هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئیسرائیل،

ئەی ئەوانەی هەڵمگرتوون لەو کاتەوەی لەناو ڕەحم بوونە،

لەو ڕۆژەوەی کە لەدایک بوونە گرنگیم پێداون.

4هەتا پیریش بن هەر من ئەوم،

هەتا ڕیش سپیێتیش هەر من هەڵتاندەگرم.

من دروستم کردوون و ئێوە باری منن،

هەر من هەڵدەگرم و دەرباز دەکەم.

5«بە کێ هاوشێوەم دەکەن و یەکسانم دەکەن و

هاووێنەم دەکەن بۆ ئەوەی لە یەک بچین؟

6ئەوانە زێڕ لە کیسەوە بەتاڵ دەکەن و

زیویش بە تەرازوو دەکێشن،

زێڕنگەرێک بەکرێ دەگرن و دەیکاتە خوداوەندێک،

ڕوو لە زەوی دەکەن بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبەن.

7دەیخەنە سەر شان، هەڵیدەگرن،

لە جێی خۆی دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕاوەستێت،

لە جێی خۆی ناجوڵێتەوە.

هاواری بۆ دەکات و وەڵام ناداتەوە،

لە تەنگانەکەی ڕزگاری ناکات.

8«ئەمەتان لەبیر بێت و وردبنەوە!

ئەی یاخیبووان، بیخەنە مێشکتانەوە.

9سەرەتاکانتان لەبیر بێت کە لە کۆنەوەیە،

بە ڕاستی من خودام و یەکێکی دیکە نییە،

خودام و هیچی دیکە نییە وەک من.

10لە سەرەتاوە کۆتاییم ڕاگەیاندووە،

لە کۆنەوەش ئەوەی هێشتا نەکراوە.

فەرمووم: ”ڕاوێژی من سەر دەگرێت،

هەموو ئەوەی پێم خۆشە دەیکەم.“

11داڵ لە ڕۆژهەڵاتەوە بانگ دەکەم،

لە خاکێکی دووریشەوە ئەوەی ئامانجی من بەجێدەگەیەنێت.

فەرمووم و ئەنجامی دەدەم،

دامڕشتووە و دەیکەم.

12ئەی کەللەڕەقەکان، گوێم لێ بگرن،

ئەی دوورەکان لە ڕاستودروستی.

13ڕاستودروستی خۆمم نزیک خستووەتەوە،

دوور ناکەوێتەوە و

ڕزگاربوونم دوا ناکەوێت.

ڕزگاری بە سییۆن دەبەخشم،

بە ئیسرائیلی شکۆمەندیم.