یەکەم پەترۆس 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پەترۆس 3:1-22

ژن و مێرد

1ئەی ژنەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی مێردەکانتان بن، تەنانەت ئەگەر هەندێکیان گوێڕایەڵی وشەی خودا نەبوون3‏:1 مەبەستی لەو ژنانەیە لەدوای مێردکردن باوەڕیان هێناوە، مێردەکانیان هێشتا باوەڕیان نەهێناوە.‏، ئەوا ژنەکان بێ وشە بە ڕەوشتیان دەیانبەنەوە، 2کاتێک لەخواترسی و ڕەوشتی پاکتان ببینن. 3با ڕازاوەییتان دەرەکی نەبێت، لە ئەگریجەی پرچ و زێڕ بەخۆوەکردن و جلی باش لەبەرکردن، 4بەڵکو لەناو دڵتاندا شاراوە و لەناونەچوو بێ، ڕازاندنەوەی ڕۆحێکی نەرم و هێمن، ئەوەی لەلای خودا گرانبەهایە، 5چونکە بەم شێوەیە ژنە پیرۆزەکان لە کۆندا، کە هیوایان بە خودا بوو، خۆیان دەڕازاندەوە، ملکەچی مێردەکانیان دەبوون، 6وەک سارا گوێڕایەڵی ئیبراهیم بوو، بە گەورە بانگی دەکرد. ئێوەش بوونەتە کچی ئەو، ئەگەر چاکە بکەن و لە هیچ شتێک نەترسن.

7بە هەمان شێوە، مێردەکان، بە هەستیارییەوە لەگەڵ ژنەکانتاندا بژین و ئەوە لەبەرچاو بگرن کە لە ئێوە ناسکترن. ڕێزیان بگرن، چونکە لەگەڵتاندا هاومیراتی نیعمەتی ژیانن، بۆ ئەوەی نوێژەکانتان کۆسپی تێنەکەوێت.

بەرگەگرتنی ئازار لە پێناوی ڕاستی

8لە کۆتاییدا، هەمووتان یەک بیروڕاتان هەبێ، هاوسۆزبن و یەکتریتان خۆشبوێت، میهرەبان و ڕۆحسووک بن. 9خراپە بە خراپە مەدەنەوە، نە جنێویش بە جنێو، بەڵکو بە پێچەوانەوە داوای بەرەکەت بکەن و بزانن ئێوە بۆ ئەمە بانگکراون، تاکو ببنە میراتگری بەرەکەت، 10چونکە

﴿ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆشبوێت و

ڕۆژگاری خۆش ببینێت،

با زمانی لە خراپە بپارێزێت و

لێوەکانی لە فێڵبازی.

11با لە خراپە لابدات و چاکە بکات،

با بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت و کۆششی بۆ بکات،

12چونکە چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و

گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە.

بەڵام ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە.﴾3‏:12 زەبوورەکان 34‏:12‏-16

13کێ ئازارتان دەدات ئەگەر بۆ چاکە دڵگەرم بن؟ 14بەڵام ئەگەر لەبەر ڕاستودروستی ئازارتان چێژت، ئەوا خۆزگە بە ئێوە. ﴿مەترسن لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن، مەتۆقن.﴾3‏:14 ئیشایا 8‏:12.‏ 15بەڵکو مەسیح وەک پەروەردگار لە دڵتاندا تەرخان بکەن، هەردەم ئامادەبن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری هەر یەکێک سەبارەت بەم هیوایەی لە ئێوەدایە، بەڵام بە دڵنەرمی و ڕێزەوە. 16هەروەها ویژدانێکی باشتان هەبێت، هەتا ئەوانەی بوختان بە سەربوردە باشەکانتان دەکەن کە بەرهەمی یەکبوونتانە لەگەڵ مەسیح، لە قسەکانیان شەرمەزار بن، 17چونکە باشترە، ئەگەر خواستی خودا بێت، لەبەر چاکەکاری ئازار بدرێن، نەک خراپەکاری. 18لەبەر ئەوەی مەسیح تەنها جارێک لەبەر گوناه ئازار درا، بێتاوان لە پێناوی تاوانباران، تاکو لە خودامان نزیک بکاتەوە. خەڵک مەسیحیان کوشت بەڵام خودا بە ڕۆح زیندووی کردەوە، 19بەمەش ڕۆحی مەسیح چوو مزگێنی دا بە ڕۆحە زیندانییەکان، 20بەوانەی کە لە کۆندا یاخی بوون، کاتێک خودا لە ڕۆژانی نوحدا بە پشوودرێژییەوە چاوەڕوان بوو، کە کەشتییەکە ئامادە دەکرا. تەنها هەشت کەس لەو کەشتییەدا بوون و بە ئاو ڕزگار بوون. 21ئەمەش هێمای لەئاوهەڵکێشانە کە ئێستا ڕزگارتان دەکات، نەک سڕینەوەی پیسی جەستە، بەڵکو بەڵێنی ویژدانێکی باش بۆ خودا، بە هەستانەوەی عیسای مەسیح، 22ئەوەی بەرەو ئاسمان ڕۆیشت و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت، فریشتە و دەسەڵاتدار و هێزەکان ملکەچن بۆی.