یەرمیا 26 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 26:1-24

مەترسی یەرمیا

1لە سەرەتای پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەو پەیامەم لەلایەن یەزدانەوە بۆ هات: 2«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لە حەسارەکەی ماڵی یەزدان بوەستە و ئەو پەیامە بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا ڕابگەیەنە، کاتێک دێنە ماڵی یەزدان بۆ کڕنۆش بردن. ئەو پەیامەی کە فەرمانم پێ کردیت یەک وشەی لێ کەم نەکەیتەوە. 3بەڵکو گوێیان لێ بێت و بگەڕێنەوە، هەریەکە و لە ڕێگا خراپەکانی، منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بە نیاز بووم لەبەر خراپی کردەوەکانیان بەسەریان بهێنم. 4پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەگەر گوێ لە من نەگرن و فێرکردنەکەم پەیڕەو نەکەن کە لەبەردەمی ئێوە دامناوە، 5هەروەها ئەگەر گوێ لە قسەی بەندە پێغەمبەرەکانم نەگرن، ئەوانەی من بە بەردەوامی بۆم دەناردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت، 6ئەوا ئەم ماڵە وەک شیلۆ لێ دەکەم و ئەم شارەش دەکەم بە مایەی نەفرەت بۆ هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی.“»

7جا کاهینەکان و پێغەمبەرەکان و هەموو گەل گوێیان لێ بوو یەرمیا لە ماڵی یەزدان ئەم پەیامەی ڕاگەیاند. 8کاتێک یەرمیا لە قسەکردن بووەوە، لە هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکردبوو بە هەموو گەلی ڕابگەیەنێت، کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل گرتییان و گوتیان: «دەبێ بمریت! 9بۆچی بە ناوی یەزدانەوە پێشبینیت کرد و گوتت کە ئەم ماڵە وەک شیلۆی لێدێت، ئەم شارەش وێران دەبێت و ئاوەدانی تێدا نابێت؟» ئینجا هەموو گەل لە ماڵی یەزدان لە یەرمیا کۆبوونەوە.

10کاتێک پیاوە گەورەکانی یەهودا گوێیان لەم قسانە بوو، لە کۆشکی پاشاوە سەرکەوتن بۆ ماڵی یەزدان، لەلای داڵانی دەروازە نوێیەکەی ماڵی یەزدان دانیشتن. 11ئینجا کاهین و پێغەمبەرەکان بە پیاوە گەورەکان و بە هەموو گەلیان گوت: «ئەم پیاوەیە شایانی حوکمی مردنە، چونکە پێشبینی خراپی لەسەر ئەم شارە کردووە، هەروەک بە گوێی خۆتان گوێتان لێ بوو!»

12یەرمیاش بە پیاوە گەورەکان و هەموو گەلی گوت: «یەزدان منی نارد بۆ ئەوەی لەسەر ئەم ماڵە و ئەم شارە پێشبینی بکەم، بە هەموو ئەو وشانەی گوێتان لێ بوو. 13ئێستاش ڕەفتار و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن، ئەویش پاشگەز دەبێتەوە لەو بەڵایەی سەبارەت بە ئێوە فەرموویەتی. 14بەڵام من لەبەردەستتانم، ئەوەی پێتان باشە و ڕاستە بە منی بکەن. 15بەڵام باش بزانن ئەگەر من بکوژن، ئەوا خوێنێکی بێتاوان دەخەنە ئەستۆی خۆتان و ئەم شارە و دانیشتووانەکەی، چونکە بەڕاستی یەزدان منی بۆ ئێوە ناردووە تاکو هەموو ئەم قسانە بەبەر گوێتاندا بدەم.»

16ئینجا پیاوە گەورەکان و هەموو گەل بە کاهین و پێغەمبەرەکانیان گوت: «ئەم پیاوە شایانی حوکمی مردنی نییە، چونکە بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمانەوە قسەی لەگەڵ کردووین.»

17ئینجا هەندێک لە پیرانی یەهودا26‏:17 عیبری: خاکەکە.‏ هەستان و بە هەموو کۆمەڵی خەڵکەکەیان گوت: 18«میخای پێغەمبەر لە شاری مۆرەشەت لە سەردەمی حەزقیای پاشای یەهودا پێشبینیی کرد و بە هەموو گەلی یەهودای گوت: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«”سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت،

ئۆرشەلیم کاول دەبێت،

گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک.“26‏:18 بڕوانە میخا 3‏:12‏.‏

19ئایا حەزقیای پاشای یەهودا یان کەسێکی دیکە لە یەهودا کوشتیان؟ ئایا لە یەزدان نەترسا و بەدوای ڕەزامەندی ئەوەوە نەبوو؟ ئایا یەزدان پاشگەز نەبووەوە لەو بەڵایەی فەرمووبووی بەسەریان دەهێنێت؟ وا بەڵایەکی گەورە بەسەر خۆمان دەهێنین!»

20هەروەها پیاوێکی دیکەش هەبوو بە ناوی یەزدانەوە پێشبینی دەکرد، ئوریای کوڕی شەمەعیا، خەڵکی قیریەت یەعاریم بوو. ئەویش لە دژی ئەو شارە و ئەو خاکە پەیامێکی ڕاگەیاند، وەک پەیامەکەی یەرمیا. 21جا یەهۆیاقیمی پاشا و هەموو پاڵەوانەکانی و هەموو پیاوە گەورەکان گوێیان لە قسەکانی بوو، پاشا داوای کرد بیکوژن. بەڵام ئوریا ئەمەی بیست، لە ترسان بەرەو میسر هەڵات. 22یەهۆیاقیمی پاشاش ئەلناتانی کوڕی عەکبۆری لەگەڵ چەند پیاوێک ناردە میسر. 23ئوریایان لە میسر دەرهێنا و هێنایانە لای یەهۆیاقیمی پاشا، بە شمشێر لێیدا و تەرمەکەی فڕێدایە ناو گۆڕی خەڵکی ئاسایی.

24جگە لەوەش، ئەحیقامی کوڕی شافان پشتگیری یەرمیای کرد بۆ ئەوەی نەدرێتە دەست گەل و بیکوژن.