پەندەکانی سلێمان 21 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 21:1-31

1دڵی پاشا لەناو دەستی یەزدان جۆگەی ئاوە،

بۆ کوێ بیەوێت ئاراستەی دەکات.

2هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی ڕاستە،

بەڵام یەزدان دڵەکان هەڵدەسەنگێنێت.

3کارکردن بە ڕاستودروستی و دادپەروەری

لەلای یەزدان لە قوربانی سەربڕین پەسەندترە.

4چاوی بەفیز و دڵی لەخۆبایی،

ئەمانە چرای بەدکارانن و گوناهن.

5بێگومان پلانی مرۆڤی تێکۆشەر بەرەو پڕییە،

هەموو هەڵەشەییەکیش بەرەو نەبوونییە.

6کۆکردنەوەی سامان بە زمانی درۆ

هەڵمە دەڕەوێتەوە و تەڵەی مردنە.

7زۆرداری بەدکارەکان ڕایاندەماڵێت،

چونکە ڕەتیان کردەوە دادپەروەری بکەن.

8ڕێگای پیاوی تاوانبار خوارە،

بەڵام کەسی پاک کرداری ڕاستە.

9باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت،

نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.

10کەسی بەدکار ئارەزووی خراپە دەکات،

دراوسێکەی بەزەیی لێی نابینێت.

11بە سزادانی گاڵتەجاڕ ساویلکە دانا دەبێت،

بە فێرکردنی داناش زانیاری وەردەگرێت.

12خودای ڕاستودروست سەرنج دەداتە ماڵی خراپەکار،

خراپەکاران لە خراپە سەرەوژێر دەکات.

13ئەوەی گوێی خۆی لە هاواری هەژاران کەڕ بکات،

ئەویش هاوار دەکات و وەڵام نادرێتەوە.

14دیاری بە نهێنی تووڕەیی سارد دەکاتەوە،

بەرتیلی ناو باخەڵیش هەڵچوونی توند.

15ئەنجامدانی دادپەروەری دڵخۆشی ڕاستودروستانە،

بەڵام تۆقاندنی بەدکارانە.

16پیاو لە ڕێگای وریایی وێڵ بێت

لەناو کۆمەڵی مردووان پاڵدەداتەوە.

17ئەوەی حەزی لە ڕابواردن بێت هەژار دەبێت،

ئەوەی حەز لە شەراب و ڕۆن بکات دەوڵەمەند نابێت.

18بەدکار دەبێتە قوربانی بۆ کەسی ڕاستودروست،

ناپاکانیش بۆ سەرڕاستان.

19باشترە لە چۆڵەوانی نیشتەجێ بیت،

نەک لەگەڵ ئافرەتێکی شەڕانی و تووڕە.

20گەنجینەی خۆراکی باش و ڕۆن لە ماڵی کەسی دانا هەیە،

بەڵام کەسی گێل هەڵدەلووشێت.

21ئەوەی دوای ڕاستودروستی و خۆشەویستی نەگۆڕ بکەوێت،

ژیان و ڕاستودروستی و ڕێزداری دەدۆزێتەوە.

22پیاوی دانا بە شاری پاڵەوانەکاندا هەڵدەگەڕێت و

قەڵا پشتبەستەکەیان وێران دەکات.

23ئەوەی دەم و زمانی خۆی بپارێزێت،

خۆی لە تەنگانە دەپارێزێت.

24لووتبەرز و لەخۆبایی بە گاڵتەجاڕ ناودەبردرێت،

بە لێشاوی لووتبەرزییەوە ڕەفتار دەکات.

25ئارەزووی کەسی تەمبەڵ دەیکوژێت،

چونکە دەستەکانی ئیش ڕەت دەکەنەوە،

26بە درێژایی ڕۆژ تامەزرۆی ئارەزووە،

بەڵام کەسی ڕاستودروست دەبەخشێت و دەستی پێوە ناگرێت.

27قوربانی بەدکاران قێزەونە،

لەوەش زیاتر ئەگەر بە نیازێکی خراپەوە بیکات!

28شایەتی درۆزن لەناودەچێت،

بەڵام شایەتیی گوێگری وریا دەچەسپێت.

29پیاوی بەدکار ناوچەوانی خۆی گرژ دەکات،

بەڵام سەرڕاست ئاگای لە ڕێگای خۆیەتی.

30دانایی و تێگەیشتن و ڕاوێژ نییە

لە دژی یەزدان سەربکەوێت.

31ئەسپ ئامادەیە بۆ ڕۆژی جەنگ،

بەڵام ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.