هۆشەع 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

هۆشەع 4:1-19

سکاڵا لە دژی ئیسرائیل

1ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،

چونکە یەزدان سکاڵای هەیە

لە دانیشتووانی خاکەکە:

«نە وەفاداری، نە خۆشەویستی نەگۆڕ،

نە خواناسی لە خاکەکەدا هەیە.

2نەفرەتکردن و درۆ و کوشتن،

دزی و داوێنپیسی،

پەرەی سەندووە و

خوێنڕشتن، خوێنڕشتنی بەدوادا دێت.

3لەبەر ئەوە خاکەکە شین دەگێڕێت و

ئەوەی تێیدا نیشتەجێیە بەرەو نەمان دەچێت،

بە ئاژەڵی کێوی و باڵندەی ئاسمانیشەوە،

تەنانەت ماسی دەریاش لەناودەچێت.

4«بەڵام با کەس سکاڵا نەکات و

کەسیش تاوانبار نەکرێت،

چونکە گەلەکەی تۆ وەک ئەوانەن کە

سکاڵا لە کاهین دەکەن.

5تۆش بە ڕۆژ تێکدەشکێیت و

بە شەویش پێغەمبەر لەگەڵت تێکدەشکێت،

منیش دایکت لەناودەبەم.

6گەلەکەم بەهۆی نەزانینەوە لەناوچووە.

«لەبەر ئەوەی تۆ زانینت ڕەتکردەوە،

منیش ڕەتت دەکەمەوە لەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەیت.

لەبەر ئەوەی فێرکردنەکانی خودای خۆتت لەیاد کرد،

منیش نەوەکانت لەیاد دەکەم.

7ئەوەندەی کاهینەکان زیاد بوون،

ئەوەندەش گوناهیان لە دژی من کرد،

منیش شکۆیان دەگۆڕم بۆ شەرمەزاری.

8قوربانی گوناهی گەلەکەم دەخۆن و

ئاواتەخوازن کە تاوان بکات.

9جا کاهین وەک گەل دەبێت،

بەپێی ڕەفتارەکەی سزای دەدەم،

کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەدەمەوە.

10«دەخۆن و تێر نابن،

لەشفرۆشی دەکەن و زیاد نابن،

چونکە وازیان لە یەزدان هێنا

بۆ ئەوەی خۆیان تەرخان بکەن 11بۆ لەشفرۆشی و

بۆ شەرابی کۆن و شەرابی نوێ

کە هزر و هۆشی گەلەکەی منی بردووە.

12گەلەکەم پرس بە بتە دارینەکەیان دەکەن،

وەڵام لە گۆچانەکەی دەستی وەردەگرن،

چونکە ڕۆحی لەشفرۆشی گومڕای کردوون و

دڵسۆزی خودای خۆیان نین.

13لەسەر لووتکەی چیاکان قوربانی سەردەبڕن و

لەسەر گردەکان بخوور دەسووتێنن،

لەژێر دار بەڕوو و ئەسپیندار و دارەبەن،

چونکە سێبەری باشە!

لەبەر ئەوە کچەکانتان لەشفرۆشی دەکەن و

بووکەکانیشتان داوێنپیسی.

14«کچەکانتان سزا نادەم

کە لەشفرۆشی دەکەن و

بووکەکانیشتان

کە داوێنپیسی دەکەن،

چونکە پیاوەکان خۆیان دەچنە پاڵ لەشفرۆشەکان و

لەگەڵ لەشفرۆشەکان دەچنە نزرگەکان و قوربانی سەردەبڕن.

گەلێک تێگەیشتنی نەبێت لەناودەچێت!

15«ئەی ئیسرائیل، ئەگەر تۆش داوێنپیسیت،

بەڵام با یەهودا تاوان نەکات.

«مەچن بۆ گلگال و

سەرمەکەون بۆ بێت‌ئاڤن4‏:15 بێت‌ئاڤن: واتا (ماڵی بەدکاری) کە ناوێکی خراپە و ئەوان لەسەر بێت‌ئێلیان دانابوو. بێت‌ئێلیش واتا (ماڵی خودا).‏ و

سوێند مەخۆن: ”بە یەزدانی زیندوو!“

16وەک نوێنگینێکی4‏:16 بە گوێرەکە مێینەیەک دەگوترێت کاتێک کە لە شیر دەبڕدرێتەوە، کە تەمەنی لە یەک ساڵ تێبپەڕێت.‏ کەللەڕەق

ئیسرائیلیش کەللەڕەق بووە،

ئیتر یەزدان چۆن بیانلەوەڕێنێت

وەک بەرخ لە شوێنێکی پانوبەریندا؟

17ئەفرایم بە بتەکانەوە بەستراوەتەوە،

وازی لێ بهێنن!

18تەنانەت خواردنەوەشیان تەواوبێت،

هەر نوقومی لەشفرۆشییەکەیان دەبن،

گەورەکانیان بە تەواوی حەزیان لە شەرمەزارییە نەک لە ڕێز.

19با لەژێر باڵەکانی خۆیدا دەیپێچێتەوە،

بە قوربانییەکانیان شەرمەزار دەبن.