لۆقا 21 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

لۆقا 21:1-38

بەخشین لە پێویستی خۆت

1ئینجا عیسا تەماشای کرد و بینی دەوڵەمەندەکان بەخشینیان دەخەنە ناو گەنجینەی پەرستگاوە. 2بێوەژنێکی هەژاریشی بینی دوو فلسی خستە ناوی. 3ئینجا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە لە هەموویان زیاتری دانا. 4هەموو ئەوانە لە زیادەی خۆیان بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»

نیشانەکانی کۆتایی زەمان

5هەندێک لە قوتابییەکانی عیسا باسی پەرستگایان دەکرد کە بە بەردی جوان و دیارییە تەرخانکراوەکان بۆ خودا ڕازێنراوەتەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون: 6«ئەمەی دەیبینن، ڕۆژانێک دێت بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت.»

7ئینجا لێیان پرسی: «مامۆستا، کەی ئەمانە ڕوودەدەن؟ هەروەها ئەو نیشانەیە چییە کە ئاماژە بە نزیکبوونەوەی ڕوودانی ئامانە دەکات؟»

8فەرمووی: «وریابن هەڵنەخەڵەتێن، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن: ”من ئەوم،“ و ”کاتەکە نزیک بووەتەوە.“ دوایان مەکەون. 9کاتێک گوێتان لە باسوخواسی جەنگ و شۆڕش دەبێت، مەتۆقن، چونکە جارێ دەبێ ئەم شتانە ببێت، بەڵام کۆتایی یەکسەر دوای ئەمە نایەت.»

10ئینجا پێی فەرموون: «نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین. 11لە زۆر شوێن بوومەلەرزەی گەورە و قاتوقڕی و دەرد دەبێت، ترس و نیشانەی گەورەش لە ئاسماندا دەبێت.

12«بەڵام پێش هەموو ئەمانە دەتانگرن و دەتانچەوسێننەوە، ڕادەستی کەنیشت و بەندیخانەکان دەکرێن، لە پێناوی ناوی من دەبردرێنە بەردەم پاشا و فەرمانڕەوایان. 13بەو شێوەیە شایەتیم بۆ دەدەن. 14ئەوەتان لە بیر بێت کە پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن، 15چونکە من دەم و داناییەکتان دەدەمێ کە هەموو بەرهەڵستکارانتان نەتوانن بەرگری بکەن و بەرپەرچی بدەنەوە. 16تەنانەت دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش بە گرتنتان دەدەن، لێتان دەکوژن. 17لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. 18بەڵام مووێکی سەرتان نافەوتێت. 19بە دانبەخۆداگرتن ژیانتان دەبەنەوە.

20«کاتێک دەبینن بە سوپا دەوری ئۆرشەلیم دراوە، ئەوسا بزانن ڕووخانی نزیک بووەتەوە. 21ئینجا ئەوانەی لە هەرێمی یەهودیا نیشتەجێن با هەڵبێن بۆ چیاکان و ئەوانەی لەناو شارەکەدان بچنە دەرەوە، هەروەها دانیشتووانی گوندەکان نەچنە ناو شار، 22چونکە ئەمانە ڕۆژانی تۆڵەسەندنەوەن، تاکو هەرچی نووسراوە بێتە دی. 23لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر، چونکە ناخۆشییەکی گەورە بەسەر زەویدا دێت و تووڕەییش بەسەر ئەم گەلە. 24بە شمشێر دەکوژرێن و بۆ نێو هەموو نەتەوەکان ڕاپێچ دەکرێن. ئۆرشەلیم لەلایەن ناجولەکەکانەوە پێشێل دەکرێت، هەتا ڕۆژگاری ناجولەکەکان تەواو دەبێت.

هاتنەوەی عیسای مەسیح

25«لە خۆر و مانگ و ئەستێرەکان نیشانە دەردەکەون، لەسەر زەویش سەرسامی گەلان، شێوانی هاژەی دەریا و شەپۆل. 26لە ترس و چاوەڕوانی ئەو شتانەی بەسەر جیهاندا دێن، خەڵکی بێ هۆش دەبن، چونکە خۆر و مانگ و ئەستێرەکانی ئاسمان دەهەژێن. 27ئەوسا کوڕی مرۆڤ دەبینن کە بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە لەناو هەورەوە دێت. 28کاتێک ڕوودانی ئەم شتانە دەستی پێکرد، هەستن و سەر بەرز بکەنەوە، چونکە ڕزگاریتان21‏:28 یۆنانی: کڕینەوە.‏ نزیک دەبێتەوە.»

29ئینجا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «سەیری دار هەنجیر و هەموو دارەکان بکەن. 30کاتێک دەبینن ئەوا گەڵای کردووە، خۆتان دەزانن کە هاوین نزیکە. 31بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش دەبینن ئەم شتانە ڕوودەدات، بزانن کە پاشایەتی خودا نزیکە.

32«ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 33ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.»

وریا و بەخەبەر بن

34«ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک دڵتان لەسەر ڕابواردن و سەرخۆشی و خەم و خەفەتی ژیان بێت و ئەو ڕۆژە لەناکاو وەک تەڵە بەسەرتاندا بدات، 35چونکە دێتە سەر هەموو ئەوانەی لەسەر تەواوی ڕووی زەوی دانیشتوون. 36کەواتە ئێشک بگرن و هەموو کاتێک نوێژ بکەن، تاکو بتوانن لە هەموو ئەو ڕووداوانە دەرباز بن کە تووشتان دەبن و لەبەردەم کوڕی مرۆڤ ڕاوەستن.»

37عیسا بە ڕۆژ لە پەرستگا خەریکی فێرکردن دەبوو، شەوانیشی لەو کێوە بەسەردەبرد کە پێی دەگوترا زەیتوون. 38هەموو خەڵک لە بەرەبەیان دەهاتنە پەرستگا بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرن.