شینەکانی یەرمیا 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

شینەکانی یەرمیا 2:1-22

1چۆن پەروەردگار سییۆنی کچی داپۆشی

بە هەوری تووڕەییەکەی!

لە ئاسمانەوە شکۆی ئیسرائیلی فڕێدا

بۆ سەر زەوی،

لە ڕۆژی تووڕەییدا

تەختەپێی خۆی بەبیر نەهێنایەوە.

2پەروەردگار بەزەیی نەهاتەوە،

هەموو نشینگەکانی یاقوبی هەڵلووشی،

بە تووڕەیی خۆی

قەڵاکانی یەهودای کچی ڕووخاند.

پاشایەتی و میرەکانی زەلیل کرد

دایگرتنە سەر زەوی.

3بە گڕی تووڕەیی خۆی بڕییەوە

هەموو هێزی ئیسرائیل.

دەستی ڕاستی بەرەو دواوە کێشایەوە

لەبەردەم دوژمن.

ئاگرێکی بەتینی لەناو یاقوبدا داگیرساند،

هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.

4وەک دوژمنێک کەوانەکەی خۆی ڕاکێشا،

دەستی ڕاستی ئامادە کرد.

وەک ناحەز لەناوی برد

هەموو ئەوەی چاو ئارەزووی دەکرد.

لەناو چادرەکەی سییۆنی کچ

تووڕەیی خۆی وەک ئاگر ڕشت.

5پەروەردگار وەک دوژمنی لێهات،

ئیسرائیلی هەڵلووشی.

هەموو کۆشکەکانی ئەوی هەڵلووشی،

قەڵاکانی ڕووخاند.

شیوەن و ماتەمی زۆر کرد

بۆ یەهودای کچ.

6کەپرەکەی تێکدا، وەک باخچەیەک نەما،

شوێنی کۆبوونەوەکەی ڕووخاند.

یەزدان وای کرد سییۆن لەبیری بچێتەوە

ڕۆژی شەممە و جەژنەکان.

بە تووڕەیی خۆی

پاشا و کاهینی ڕەتکردەوە.

7پەروەردگار قوربانگاکەی خۆی ڕەتکردەوە،

وازی لە پیرۆزگاکەی خۆشی هێنا.

دیواری کۆشکەکانی

ڕادەستی دوژمنەکانی کرد.

لەناو ماڵی یەزدان دەنگیان هەڵبڕی

وەک لە ڕۆژی جەژندا.

8شووراکانی سییۆنی کچ

یەزدان مەبەستی بوو بیڕووخێنێت.

بە گوریس پێوای و

دەستی لە وێرانکردنی نەگێڕایەوە.

سەنگەر و دیواری هێنایە گریان و

پێکەوە ڕووخان.

9دەروازەکانی نوقومی زەوی بوون،

شمشیرەکانی2‏:9 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.‏ لەناوبرد و شکاندی.

پاشا و میرەکانی بۆ نێو گەلان ڕاپێچ کراون،

فێرکردنی موسا نەماوە،

هەروەها پێغەمبەرەکانیشی

هیچ بینینێکیان لەلایەن یەزدانەوە بۆ ئاشکرا نەکراوە.

10پیرەکانی شاری سییۆن

بە کپی لەسەر زەوی دادەنیشن،

خۆڵ بەسەر سەریاندا دەکەن،

جلوبەرگی گوش2‏:10 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏ لەبەر دەکەن.

پاکیزەکانی ئۆرشەلیم

سەریان دادەنەوێنن.

11چاوەکانم ماندووبوون لە فرمێسک ڕشتن،

دڵم توندە،

جەرگ بڕاوم

لەبەر ئەوەی گەلەکەم وێران بوو،

لەبەر بوورانەوەی منداڵان و شیرەخۆران

لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا.

12بە دایکیان دەڵێن:

«کوا نان و ئاو2‏:12 عیبری: نان و شەراب، دەربڕینێکە مەبەستی لێی خۆراکە بۆ بژێوی مرۆڤ.‏؟»

کاتێک وەک بریندار

لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا دەبوورێنەوە،

کاتێک ڕۆحیان دەردەچێت

لەناو باوەشی دایکیان.

13چیت پێ بڵێم؟

ئەی ئۆرشەلیمی کچ،

بە چیت بچووێنم؟

بە چی بەراوردت بکەم،

بۆ ئەوەی دڵت بدەمەوە،

ئەی سییۆنی کچە پاکیزە؟

وێران بوونت وەک دەریا قووڵە.

کێ دەتوانێت چاکت بکاتەوە؟

14بینینی خودایی بۆ پێغەمبەرەکانت

درۆ و فریودەر بوو،

تاوانی تۆیان دەرنەخست

بۆ ئەوەی لە ڕاپێچکردن بتپارێزن.

بەڵکو سروشی2‏:14 ‏فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏

درۆ و هەڵخەڵەتێنەریان بە تۆ گەیاند.

15هەموو ئەوەی بەوێدا تێدەپەڕێت

بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەت بۆ لێدەدات،

فیکە لێ دەدەن و سەر بادەدەن

لەبەر ئۆرشەلیمی کچ،

دەڵێن: «ئەمە شارەکەیە

کە پێی دەگوترا تەواوی جوانی و

مایەی دڵخۆشی هەموو زەوییە؟»

16هەموو دوژمنەکانت

دەمیان لێت دەکرێتەوە،

فیشکەیان دێت و ددانیان لێت جیڕدەکەنەوە،

دەڵێن: «هەڵمانلووشی.

بێگومان ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە چاوەڕوانی بووین،

پێی گەیشتین و بینیمان.»

17یەزدان ئەوەی مەبەستی بوو کردی،

قسەی خۆی بەجێگەیاند،

ئەوەی لە ڕۆژانی کۆنەوە بەڵێنی پێیدا.

بەبێ بەزەیی تۆی ڕووخاند،

دوژمنی پێت خۆشکرد،

هێزی ناحەزانی تۆی پتەو کرد.

18دڵی خەڵکەکە

بۆ پەروەردگار هاوار دەکات.

ئەی شووراکانی سییۆنی کچ،

با فرمێسکەکانت وەک ڕووبار بڕژێت

بە شەو و بە ڕۆژ.

خۆت مەبووژێنەوە،

چاوەکانت پشوو نەدات.

19هەستە، بە شەو هاوار بکە،

لەگەڵ دەستپێکردنی ئێشکگرتن.

وەک ئاو دڵت هەڵبڕێژە

لەبەردەم پەروەردگار.

دەستت بۆی بەرز بکەوە

لە پێناوی ژیانی منداڵەکانت،

ئەوانەی لە برسان بووراونەتەوە

لەسەر سووچی هەموو شەقامەکان.

20«ئەی یەزدان، ببینە و تێڕابمێنە،

ئەمەت بە کێ کردووە؟

ئایا ژن بەری سکی خۆی دەخوات،

منداڵی باوەشی؟

ئایا کاهین و پێغەمبەر

لە پیرۆزگای پەروەردگار دەکوژرێت؟

21«گەنج و پیر پێکەوە پاڵکەوتن

لەسەر زەوی شەقامەکان،

پاکیزە و لاوەکانم

بە شمشێر کوژراون.

لە ڕۆژی تووڕەییتدا ئەوانت کوشت،

ئەوانت بەبێ بەزەیی سەربڕی.

22«هەروەک بۆ ڕۆژی جەژن بانگهێشتت کردبن،

ئاوا لە دژی من لە هەموو لایەکەوە بانگی تۆقینت کرد.

لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان

کەس ڕاینەکرد و کەس دەرباز نەبوو،

ئەوانەی لە باوەشم کردن و بەخێوم کردن،

دوژمن لەناوی بردن.»