زەبوورەکان 41 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 41:1-13

زەبووری 41

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

1خۆزگە دەخوازرێ بەوەی ئاوڕ لە هەژار دەداتەوە،

یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕزگاری دەکات.

2یەزدان دەیپارێزێت و ژیانی دەبووژێنێتەوە،

لەسەر زەوی خۆشحاڵی دەکات و

نایداتە دەست حەزی دوژمنەکانی.

3یەزدان لە کاتی لاوازی پاڵپشتی دەکات و

لە کاتی نەخۆشی دەیبووژێنێتەوە.

4گوتم: «ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە،

چارەسەرم بکە، چونکە گوناهم دەرهەق بە تۆ کردووە.»

5دوژمنەکانم دەربارەی من قسەی خراپ دەکەن:

«کەی دەمرێت و ناوی دەسڕێتەوە؟»

6کاتێک یەکێکیان بۆ دیدەنیم بێت،

بە درۆ قسە دەکات، بوختان لە دڵی کۆدەکاتەوە،

کە دەچێتە دەرەوەش بڵاوی دەکاتەوە.

7هەموو دوژمنەکانم چرپەچرپ دەکەن،

پیلان دژم دەگێڕن، دەڵێن:

8«دەردێکی کوشندە تەنگی پێ هەڵچنیوە،

لەکوێ بکەوێ هەستانەوەی نابێت.»

9تەنانەت ئەو برادەرە نزیکەشم کە متمانەم پێی هەبوو،

ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد.41‏:9 ناپاکی لەگەڵم کرد: لە زمانی عیبری نووسراوە: (پاژنەپێی لێ بەرز کردمەوە)، کە دەربڕینێکی عیبرییە بە واتای ناپاکی.‏

10بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە،

هەڵمستێنەوە بۆ ئەوەی تۆڵەیان لێ بکەمەوە.

11بەمە دەزانم تۆ لێم ڕازیت،

چونکە دوژمنەکەم هاواری سەرکەوتن ناکات بەسەرمدا.

12بەهۆی ئەوەی من دروستم، تۆ پاڵپشتیم دەکەیت و

لەپێش خۆت ڕامدەگریت، هەتاهەتایە.

13ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،

لە ئەزەلەوە هەتا هەتاهەتایە.

ئامین و ئامین.