زەبوورەکان 32 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 32:1-11

زەبووری 32

هۆنراوەیەکی داود.

1خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە،

گوناهەکانی داپۆشراوە.

2خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی

کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و

لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە.

3کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا،

ئێسقانەکانم پووکانەوە،

لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ.

4لەبەر ئەوەی بە شەو و بە ڕۆژ،

دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو،

تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.32‏:4 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 5 و 7، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

5ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و

تاوانم ناشارمەوە.

گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.»

تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت.

6بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە

لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە،

بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ.

7تۆ پەناگای منیت،

لە تەنگانە دەمپارێزی و

بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت.

8خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت،

ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم.

9وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن،

بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت،

بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە.

10بەدکارەکان ئازاریان زۆرە،

بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت،

خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.»

11ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن،

ئەی هەموو دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!