زەبوورەکان 27 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 27:1-14

زەبووری 27

زەبوورێکی داود.

1یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە،

لە کێ بترسم؟

یەزدان قەڵای ژیانی منە،

لە کێ بتۆقم؟

2کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە

بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن،

کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن،

ساتمە دەکەن و دەکەون.

3ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات،

دڵم ناترسێت.

ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم،

ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم.

4داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم،

ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم:

کە هەموو ڕۆژانی ژیانم

لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم،

تاکو تەماشای جوانی یەزدان بکەم و

لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە.

5لەبەر ئەوەی لە ڕۆژی بەڵا،

لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە،

بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت.

بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە.

6ئێستاش سەرفرازم بەسەر دوژمنانی دەوروبەرم،

لەناو نشینگەکەیدا بە هاوار و خۆشییەوە قوربانی پێشکەش دەکەم،

سروود بۆ یەزدان دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.

7ئەی یەزدان، گوێت لە دەنگم بێ کاتێک لێت دەپاڕێمەوە،

لەگەڵم میهرەبان بە و وەڵامم بدەوە.

8سەبارەت بە تۆ دڵم دەڵێت: «ڕووت لەو بکە!»

ئەی یەزدان، ڕووم لە تۆ دەکەم.

9ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،

خزمەتکاری خۆت لە کاتی تووڕەییت مەگەڕێنەوە،

تۆ یارمەتیدەری من بوویت.

ئەی خودای ڕزگارکەرم،

ڕەتم مەکەرەوە و جێم مەهێڵە.

10تەنانەت دایک و باوکیشم وازم لێ بهێنن،

یەزدان دەمگرێتە خۆی.

11ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،

بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنماییم بکە،

لەبەر دوژمنەکانم.

12بە ویستی ناحەزەکانم مەمسپێرە،

چونکە شایەتی درۆ لێم ڕاست بوونەتەوە،

هەناسەی زۆردارییان لێ دێتە دەرەوە.

13من هێشتا باوەڕم بەوە هەیە،

کە لە خاکی زیندووان

چاکەی یەزدان دەبینم.

14چاوەڕێی یەزدان بە،

خۆت ئازا بکە و دڵت بەهێز بکە،

چاوەڕێی یەزدان بە.