زەبوورەکان 142 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 142:1-7

زەبووری 142

هۆنراوەیەکی داود کە لە ئەشکەوت بوو. نوێژ.

1پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،

بە دەنگی بەرز لە یەزدان دەپاڕێمەوە.

2سکاڵای خۆمی لەبەردەم هەڵدەڕێژم،

لەبەردەمی باسی تەنگانەکانی خۆم دەکەم.

3لە کاتی ورەبەردانی ڕۆحم،

تۆ شارەزای ڕێڕەوی منی.

لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆم،

خەڵک تەڵەیان بۆم ناوەتەوە.

4ئاوڕ بەلای ڕاستدا بدەوە و ببینە،

کوا ناسیاوی من؟

پەناگا بۆ من قڕبووە،

کوا پرسیارکەر لە ئەحواڵی من؟

5ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد،

گوتم: «تۆ پەناگای منی،

لە خاکی زیندووان تۆ بەشی منی.»

6بە وردی گوێ لە لاوانەوەم بگرە،

چونکە زۆر زەلیلم،

لە دەست ڕاونەرانم دەربازم بکە،

چونکە لە من بەهێزترن.

7گیانم لە بەندیخانە دەربهێنە،

بۆ ئەوەی ستایشی ناوت بکەم.

ئینجا ڕاستودروستان دەورم دەگرن،

چونکە چاکەم لەگەڵ دەکەیت.