دەرچوون 14 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دەرچوون 14:1-31

1یەزدان بە موسای فەرموو: 2«بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”با بگەڕێنەوە و بەرامبەر پی‌هەحیرۆت چادر هەڵبدەن، لەنێوان مگدۆل و دەریا. لەلای دەریاوە چادر هەڵبدەن، بەرامبەر بە بەعل‌چیفۆن. 3فیرعەون دەربارەی نەوەی ئیسرائیل دەڵێت: ’سەرلێشێواون لە خاکەکە، لەنێوان دەریا و چۆڵەوانی گیریان خواردووە.‘ 4دڵی فیرعەونیش ڕەق دەکەم بۆ ئەوەی بەدوایان بکەوێت. بەڵام بەهۆی فیرعەون و هەموو سوپاکەیەوە شکۆمەند دەبم، میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم.“» ئیتر بەم جۆرەیان کرد.

5کاتێک بە پاشای میسر ڕاگەیەنرا کە گەلەکە لە دەستی هەڵاتن، دڵی فیرعەون و خزمەتکارانی سەبارەت بە گەلی ئیسرائیل گۆڕا و گوتیان، «ئەمە چی بوو کردمان، کە وا ڕێمان دا بە نەوەی ئیسرائیل لە خزمەتکردنمان بڕۆن؟» 6ئیتر گالیسکەکەی پێ ئامادەکردن و سوپایەکەشی لەگەڵ خۆی برد، 7شەش سەد گالیسکەی هەڵبژێردراو و هەموو گالیسکەکانی میسر و هەموو ئەفسەرە سواربووەکانیانی برد. 8یەزدان دڵی فیرعەونی پاشای میسری ڕەقکرد، ئیتر بەدوای نەوەی ئیسرائیل کەوت، نەوەی ئیسرائیلیش ئازایانە بەرەو پێش دەچوون. 9میسرییەکان دوایان کەوتن. هەموو ئەسپ و گالیسکەکانی فیرعەون و سوارەکانی و سوپاکەی دوایان کەوتن و پێیان گەیشتن، کاتێک لەلای دەریا چادریان هەڵدابوو، لەلای پی‌هەحیرۆت بەرامبەر بەعل‌چیفۆن.

10کاتێک فیرعەون نزیک بووەوە، نەوەی ئیسرائیل چاویان هەڵبڕی و بینییان میسرییەکان بەدوایانەوەن، ئیتر زۆر ترسان و هاواریان بۆ یەزدان کرد. 11بە موسایان گوت: «ئایا لەبەر ئەوەی لە میسر گۆڕ نییە وا ئێمەت هێنایە چۆڵەوانی بۆ ئەوەی بمرین؟ ئەمە چی بوو پێت کردین کە ئێمەت لە میسر هێنایە دەرەوە؟ 12ئەمە ئەو قسەیە نییە کە لە میسر پێمان گوتی: ”لێمانگەڕێ با خزمەتی میسرییەکان بکەین،“ چونکە بۆ ئێمە باشترە خزمەتی میسرییەکان بکەین وەک لەوەی لە چۆڵەوانی بمرین؟»

13موساش وەڵامی گەلی دایەوە: «مەترسن، چەسپاو بن و بڕواننە ڕزگاریی یەزدان کە ئەمڕۆ بۆ ئێوەی دەکات، چونکە ئەو میسریانەی کە ئەمڕۆ دەیانبینن، ئیتر بۆ هەتاهەتایە نایانبیننەوە. 14یەزدان بۆتان دەجەنگێت و ئێوەش بێدەنگ دەبن.»

15یەزدان بە موسای فەرموو: «چییە هاوارم بۆ دەکەیت؟ بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با کۆچ بکەن. 16تۆش گۆچانەکەت بەرز بکەرەوە و دەستت بۆ سەر دەریاکە درێژ بکە و لێکی بکەرەوە، بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل بە ناوەڕاستی دەریاکەدا و بەسەر زەوییەکی وشکدا بپەڕنەوە. 17ئەوەتا منیش دڵی میسرییەکان ڕەق دەکەم، ئەوانیش بەدوایاندا دێن، منیش شکۆمەند دەبم بۆ فیرعەون و بۆ هەموو سوپاکەی و گالیسکە و سوارەکانی. 18میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شکۆمەند دەبم بۆ فیرعەون و گالیسکە و سوارەکانی.»

19ئینجا فریشتەکەی خودا کە لەپێش سوپای ئیسرائیلییەکانەوە دەڕۆیشت شوێنەکەی گواستەوە و لە دوایانەوە ڕۆیشت، ستوونە هەورەکەش لەپێشیانەوە گواستییەوە و لە دواوەیان وەستا. 20هاتە نێوان لەشکری میسرییەکان و سوپای ئیسرائیلییەکان، ئیتر هەورەکە بە درێژایی شەو تاریکی بۆ لایەک هێنا و ڕووناکی بۆ لایەکی دیکە. بۆیە بە درێژایی شەو هیچیان نزیکی یەکتر نەبوونەوە.

21موساش دەستی بۆ سەر دەریاکە درێژکرد، یەزدان بە درێژایی شەو بە بایەکی ڕۆژهەڵاتی توند دەریاکەی ڕاماڵی، دەریاکەی کردە زەوی وشک و ئاوەکە شەق بوو. 22ئیتر نەوەی ئیسرائیل چوونە ناو دەریاکە بۆ سەر وشکانی ژێرەوەی، ئاو بووە دیوار بۆیان لە ڕاست و چەپیانەوە.

23میسرییەکانیش دوایان کەوتن، هەموو ئەسپەکانی فیرعەون و گالیسکە و سوارەکانی لە دوایان هاتنە ناوەندی دەریاکە. 24ئەوە بوو لە چاوەڕوانی بەرەبەیان، یەزدان لە ستوونی ئاگر و هەورەوە بەرەو خوار تەماشای لەشکری میسرییەکانی کرد و سەری لە لەشکری میسرییەکان شێواند. 25چەرخەی گالیسکەکانیانی لێک ترازاند لەبەر ئەوە بە قورسی لێیاندەخوڕی. میسرییەکان گوتیان: «با لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل هەڵبێین، چونکە یەزدان بۆیان دەجەنگێت لە دژی میسرییەکان.»

26یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ سەر دەریا درێژ بکە و ئاوەکە بۆ سەر میسرییەکان و گالیسکە و سوارەکان دەگەڕێتەوە.» 27موساش دەستی بۆ سەر دەریاکە درێژکرد و دەمەو بەیان دەریاکە گەڕایەوە باری جاران، میسرییەکانیش لێی هەڵدەهاتن، یەزدان میسرییەکانی داتەکاندە ناو دەریاکە. 28ئیتر ئاوەکە گەڕایەوە سەر گالیسکە و سوارەکانی و هەموو سوپاکەی فیرعەون و دایپۆشین. ئەوانەی بەدوایاندا هاتبوونە ناو دەریاکە، کەسیان لێ نەما.

29بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەسەر زەوییەکی وشکدا بە ناوەڕاستی دەریاکەدا ڕۆیشتن و ئاویش لە ڕاست و چەپیانەوە بوو بە دیوار بۆیان. 30یەزدان لەو ڕۆژەدا ئیسرائیلی لە دەستی میسرییەکان ڕزگار کرد، ئیسرائیلیش میسرییەکانیان بینی لە کەناری دەریاکە مردوون. 31ئیسرائیل ئەو کارە مەزنەی بینی کە یەزدان لە دژی میسرییەکان بەکاریهێنا، ئیتر گەل لە یەزدان ترسان و باوەڕیان بە یەزدان و بە موسای بەندەی هێنا.