دووەم پاشایان 14 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پاشایان 14:1-29

پاشایەتی ئەمەسیا لە یەهودا

1لە ساڵی دووەمی پاشایەتی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، ئەمەسیای کوڕی یۆئاش بوو بە پاشای یەهودا. 2کاتێک بوو بە پاشا تەمەنی بیست و پێنج ساڵ بوو، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکیشی ناوی یەهۆعەدین بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو. 3ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، بەڵام نەک وەکو داودی باپیرە گەورەی، بەڵکو وەک هەموو ئەوەی یۆئاشی باوکی کردی ئەویش کردی. 4لەگەڵ ئەوەش نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، هێشتا گەل لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.

5کاتێک جڵەوی پاشایەتییەکە لە دەستی جێگیر بوو، سزای مردنی بەسەر ئەو کاربەدەستانەدا سەپاند کە پاشای باوکیان کوشتبوو. 6بەڵام کوڕی بکوژەکانی نەکوشت، بەگوێرەی ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، کە یەزدان فەرمانی داوە و فەرموویەتی: «باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.»14‏:6 لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت: بڕوانە دواوتار 24‏:16.‏

7ئەوە بوو لە دۆڵی خوێ14‏:7 دۆڵی خوێ: دەکەوێتە باشووری دەریای مردوو.‏ دە هەزار کەسی لە ئەدۆم کوشت و بە جەنگ سەلەعی گرت و ناوی لێنا یۆقتئێل، هەتا ئەمڕۆش ئەوە ناویەتی.

8پاشان ئەمەسیا نێردراوی ناردە لای یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی کوڕی یێهوی پاشای ئیسرائیل و پێی گوت: «وەرە، با ڕووبەڕوو شەڕ بکەین.»

9یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەمەسیای پاشای یەهودای دایەوە و گوتی: «دڕکی لوبنانی ناردی بۆ لای دار ئورزی لوبنانی و گوتی: ”کچەکەت بدە بە کوڕەکەم تاکو ببێتە ژنی.“ ئینجا ئاژەڵێکی کێوی لە لوبنان بەسەر دڕکەکەدا ڕۆیشت و پانی کردەوە. 10تۆ ئەدۆمت شکاند، ئێستا لەخۆبایی بوویت. بەڕێزبە و لە ماڵی خۆت بمێنەوە! بۆچی بەڵا بەسەر خۆتدا دەهێنیت؟ ئینجا دەکەویت، خۆت و یەهوداش لەگەڵت.»

11بەڵام ئەمەسیا گوێی نەگرت، لەبەر ئەوە یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل هێرشی برد، لەگەڵ ئەمەسیای پاشای یەهودا لە بێت‌شەمەشی یەهودا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە. 12لە ئەنجامدا یەهودا بەرامبەر بە ئیسرائیل تێکشکان، هەرکەسە و بەرەو ماڵەکەی خۆی هەڵات. 13ئەمەسیای پاشای یەهودا، کوڕی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیا، لەلایەن یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلەوە لە بێت‌شەمەش بە دیل گیرا. پاشان یەهۆئاش چوو بۆ ئۆرشەلیم و شوورای ئۆرشەلیمی لە دەروازەی ئەفرایمەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە وێران کرد، کە چوار سەد باڵ14‏:13 چوار سەد باڵ: نزیکەی 180 مەتر.‏ بوو. 14هەموو زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکانی ناو پەرستگای یەزدان و ناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشای برد، هەروەها چەندین بارمتەی گرت و گەڕایەوە سامیرە.

15ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاش، ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی کە نواندی، چۆن لە دژی ئەمەسیای پاشای یەهودا جەنگا، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. 16یەهۆئاش لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیلدا نێژرا. ئیتر یارۆڤعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

17ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهوداش لەدوای مردنی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، پازدە ساڵ ژیا. 18ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەمەسیا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.

19لە ئۆرشەلیم پیلانیان لە دژی گێڕا و هەڵات بۆ لاخیش، ئینجا چەند پیاوێکیان بەدوایدا ناردە شاری لاخیش و لەوێ کوشتیان. 20بە ئەسپ هێنرایەوە ئۆرشەلیم و لەوێ لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا.

21پاشان هەموو گەلی یەهودا عەزەریای14‏:21 هەروەها بە ناوی (عوزیا)ش هاتووە.‏ گەنجی شازدە ساڵانیان برد و لە جێی ئەمەسیای باوکی کردیانە پاشا. 22ئەو بەندەری ئێلەتی بنیاد ناوە و گەڕاندییەوە سەر یەهودا، پاش ئەوەی ئەمەسیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.

پاشایەتی یارۆڤعامی دووەم

23لە ساڵی پازدەیەمینی پاشایەتی ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهودا، یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل ماوەی چل و یەک ساڵ لە سامیرە پاشایەتی کرد. 24لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هیچ یەکێک لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. 25ئەو بوو کە سنوورەکانی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، لە دەروازەی حەماتەوە هەتا دەریای مردوو، بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە لە ڕێگەی بەندەکەیەوە، لە ڕێگەی یونسی کوڕی ئەمیتەیەوە فەرمووبووی، ئەو پێغەمبەرەی خەڵکی گەت حێفەر بوو.

26یەزدان زەلیلیی تاڵی کۆیلە و ئازادی ئیسرائیلی بینی، کەس نییە یارمەتی ئیسرائیل بدات. 27یەزدانیش نەیفەرمووبوو کە ناوی ئیسرائیل لەژێر ئاسماندا دەسڕێتەوە، جا بە دەستی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاش ڕزگاری کردن.

28ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یارۆڤعام و هەموو ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی، چۆن جەنگا و چۆن دیمەشق و حەماتی گەڕاندەوە سەر ئیسرائیل، کە پێشتر سەر بە یەهودا بوون، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. 29یارۆڤعام لەگەڵ باوباپیرانی، لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیل سەری نایەوە. ئیتر زەکەریای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.