دواوتار 27 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دواوتار 27:1-26

قوربانگای کێوی عێبال

1موسا و پیرانی ئیسرائیل فەرمانیان بە گەل دا و گوتیان: «هەموو ئەو فەرمانانە بپارێزن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم. 2کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە بۆ ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات، چینێک بەردی گەورە بۆ خۆتان ڕاگیر بکەن و بە گەچ سواغیان بدەن. 3هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنەی لەسەر بنووسن کاتێک دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناو ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، وەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان بەڵێنی پێدان. 4کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە، ئەم بەردانە ڕاگیر بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، لە کێوی عێبال و بە گەچ سواغیان بدەن. 5لەوێ قوربانگایەک بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بنیاد بنێن، قوربانگایەک لە بەرد بێت و ئامێری ئاسنی لێ بەکارمەهێنن.27‏:5 مەبەست لێی ئەوە بووە کە قوربانگای یەزدان نابێت هاوشێوەی قوربانگای کەنعانییەکان بێت و بە بەردی تاشراو دروستبکرێت.‏ 6لە بەردی نەتاشراو قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارتان بنیاد بنێن و قوربانی سووتاندن سەربخەنە سەری بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، 7هەروەها قوربانی هاوبەشی27‏:7 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7‏:11‏-15‏.‏ سەرببڕن و لەوێ بیخۆن و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش بن. 8هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنەش زۆر بە ڕوونی لەسەر بەردەکان بنووسن.»

نەفرەت لە کێوی عێبالەوە

9ئینجا موسا و کاهینە لێڤییەکان لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا دوان و گوتیان: «ئەی ئیسرائیل بێدەنگ بن و گوێتان لێ بێت، ئەمڕۆ بوونە گەل بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، 10جا گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن، کار بەو فەرمان و فەرزانەی بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم.»

11جا لەو ڕۆژەدا موسا فەرمانی بە گەل کرد و گوتی:

12ئەم هۆزانە لەسەر کێوی گەریزیم دەوەستن هەتا داوای بەرەکەت بۆ گەل بکەن کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە، شیمۆن و لێڤی و یەهودا و یەساخار و یوسف و بنیامین. 13ئەم هۆزانەش لەسەر کێوی عێبال دەوەستن بۆ نەفرەت، ڕەئوبێن و گاد و ئاشێر و زەبولون و دان و نەفتالی.

14جا لێڤییەکان ڕایدەگەیەنن و بە دەنگی بەرز بە هەموو گەلی ئیسرائیل دەڵێن:

15«نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی پەیکەرێکی داتاشراو یان بتێکی لەقاڵبدراو بە دەستی پەیکەرتاش دروستدەکات و لە شوێنێکی شاردراوەی دادەنێت، ئەوە قێزەونە لەلای یەزدان.»

هەموو گەلیش وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن، «ئامین!»

16«نەفرەت لێکراوە ئەوەی ڕێز لە دایک و باوک ناگرێت.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

17«نەفرەت لێکراوە ئەوەی سنووری زەوی بەردینی دراوسێکەی دەگوێزێتەوە.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

18«نەفرەت لێکراوە ئەوەی نابینا لە ڕێگا وێڵ دەکات.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

19«نەفرەت لێکراوە ئەوەی دادپەروەری بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن ناکات.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

20«نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ باوەژنی خۆی جووت دەبێت، چونکە ناموسی باوکی بردووە.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

21«نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ ئاژەڵێک جووت دەبێت.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین.»

22«نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ خوشکی خۆی جووت دەبێت، کچی باوکی یان کچی دایکی.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

23«نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ خەسووی خۆی جووت دەبێت.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

24«نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە نهێنی دراوسێکەی خۆی دەکوژێت.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

25«نەفرەت لێکراوە ئەوەی بەرتیل وەردەگرێت بۆ ئەوەی یەکێکی بێتاوان بکوژێت.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

26«نەفرەت لێکراوە ئەوەی پاڵپشتی وشەکانی ئەم فێرکردنە ناکات بۆ ئەوەی کاریان پێ بکات.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»