دانیال 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دانیال 5:1-31

نووسراوەکەی سەر دیوار

1بێلشەسری پاشا خوانێکی گەورەی بۆ هەزار گەورە پیاوەکەی سازکرد و شەرابی لەگەڵیان خواردەوە. 2لەو کاتەی کە بێلشەسر شەرابەکەی دەنۆشی فەرمانی دا ئەو قاپوقاچاغە زێڕ و زیوە بهێنن کە نەبوخودنەسری باوکی5‏:2 باوک: دەشێت باپیرە گەورەی بێت.‏ لەو پەرستگایەی لە ئۆرشەلیمە دەریهێنابوون، بۆ ئەوەی پاشا و گەورە پیاو و ژن و کەنیزەکانی پێی بخۆنەوە. 3ئینجا ئەو قاپوقاچاغە زێڕەیان هێنا کە لە پەرستگای ماڵی خودا لە ئۆرشەلیمەوە دەرهێنرابوو، پاشا و گەورە پیاو و ژن و کەنیزەکانی پێیان خواردەوە. 4شەرابیان دەخواردەوە و ستایشی خوداوەندە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و دار و بەردینەکانیان دەکرد.

5لەناکاو پەنجەکانی دەستێکی مرۆڤانە دەرکەوت و لەسەر گەچی دیوارەکەی کۆشکی پاشا لەتەنیشت چرادانەکە دەستی بە نووسین کرد، پاشاش تەماشای دەستەکەی کرد کە دەینووسی. 6ئینجا ڕەنگی پاشا پەڕی و بیرکردنەوەکانی تۆقاندیان و قاچەکانی هێزیان لێ برا و ئەژنۆکانی کەوتنە لەرزین.

7پاشا بە دەنگی بەرز هاواری کرد کە ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوەکان بهێننە ژوورەوە. پاشا بەم دانایانەی بابلی گوت: «هەر پیاوێک ئەو نووسینە بخوێنێتەوە و بۆم لێکبداتەوە، ئەوا جلی ڕەنگی ئەرخەوانی لەبەر دەکرێت، ملوانکەی زێڕیش لە ملی دەکرێت و لە پاشایەتییەکەدا دەبێتە سێیەم دەسەڵاتدار.»

8ئینجا هەموو داناکانی پاشا چوونە ژوورەوە، بەڵام نەیانتوانی نووسینەکە بخوێننەوە و بۆ پاشا لێکی بدەنەوە. 9لەبەر ئەوە بێلشەسر زۆر ترسا و ڕەنگی گۆڕا و گەورە پیاوەکانیش شڵەژان.

10بەڵام شاژنی دایک لەبەر دەنگی پاشا و گەورە پیاوانی چووە هۆڵی خوانەکە، شاژن بە پاشای گوت: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی! با بیرکردنەوەکانت نەتترسێنن و ڕەنگت نەگۆڕێت! 11لە پاشایەتییەکەتدا پیاوێک هەیە ڕۆحی خودا پیرۆزەکانی تێدایە، لە سەردەمی باوکت ڕووناکبیری و زیرەکی و داناییەکی وەک دانایی خوداوەندەکانی تێدا بەدی کراوە. نەبوخودنەسری پاشای باوکت کردی بە گەورەی جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوەکان. 12ئەو پیاوە دانیالە، کە پاشا ناوی لێناوە بێلتەشەسر، کە ڕۆحێکی تەواو و زانین و زیرەکی و لێکدانەوەی خەون و هەڵهێنانی مەتەڵ و چارەسەرکردنی گیروگرفتی تێدا بینراوە. با ئێستا دانیال بانگ بکرێت و لێکی بداتەوە.»

13ئینجا دانیال هێنرایە بەردەم پاشا، پاشاش پێی گوت: «ئایا تۆ ئەو دانیالەی کە لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودایت، ئەوەی پاشای باوکم لە یەهوداوە هێنای؟ 14بیستوومە کە ڕۆحی خوداوەندەکان و ڕووناکبیری و زیرەکی و دانایی تەواوت تێدایە. 15ئێستاش دانا و ئەفسونگەرەکان بۆ بەردەمم هێنرانە ژوورەوە، بۆ ئەوەی ئەم نووسینە بخوێننەوە و پێم بڵێن مەبەستی چییە، بەڵام نەیانتوانی لێکی بدەنەوە. 16من بیستوومە کە تۆ دەتوانیت شت لێکبدەیتەوە و نهێنییە شاراوەکان ئاشکرا بکەیت. ئەگەر ئێستا توانیت ئەو نووسینە بخوێنیتەوە و بۆم لێکبدەیتەوە، ئەوا جلی ڕەنگ ئەرخەوانیت لەبەر دەکرێت و ملوانکەی زێڕیش لە ملت دەکرێت و لە پاشایەتییەکەدا دەبیتە سێیەم دەسەڵاتدار.»

17دانیالیش وەڵامی پاشای دایەوە: «با دیارییەکانت بۆ خۆت بن و پاداشتەکانت بە کەسێکی دیکە بدە، بەڵام من نووسینەکە بۆ پاشا دەخوێنمەوە و بۆی لێکدەدەمەوە.

18«ئەی پاشا، خودای هەرەبەرز پاشایەتی و گەورەیی و شکۆمەندی و هێزی دایە نەبوخودنەسری باوکت. 19بەهۆی ئەو گەورەییەی کە پێیدا، هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان لەبەردەمی دەتۆقین و دەلەرزین. ئەوەی ویستی کوشتی و ئەوەی ویستی بە زیندوویی هێشتییەوە و ئەوەی ویستی بەرزی کردەوە و ئەوەی ویستی نزمی کردەوە. 20بەڵام کاتێک دڵی بە فیز بوو و کەللە ڕەق بوو، لە تەختی پاشایەتی هێنرایە خوارەوە و شکۆیەکەی لێسەنرایەوە. 21لەنێو خەڵکدا دەرکرا و مێشکی وەک مێشکی ئاژەڵی لێهات، لەگەڵ کەرەکێوی دەژیا و وەک گا گژوگیای دەخوارد، لەشی بە شەونمی ئاسمان تەڕ بوو، هەتا دانی بەوەدا نا کە خودای هەرەبەرز دەسەڵاتی لەسەر پاشایەتی مرۆڤدا هەیە، دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی.

22«بەڵام تۆ ئەی بێلشەسری کوڕی، لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەمەت زانی، خۆتت نزم نەکردووەتەوە. 23بەڵکو خۆتت لە پەروەردگاری ئاسمان بە بەرزتر زانی، قاپوقاچاغەکانی پەرستگاکەی ئەویان هێنایە بەردەمت و تۆش خۆت و گەورە پیاوان و ژنەکانت و کەنیزەکانت تێیاندا شەرابتان خواردەوە. ستایشی بتە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و دار و بەردەکانت کرد، کە نابینن و تێناگەن و نازانن. بەڵام خودا ئەوەی هەناسەی تۆ و هەموو ڕێگاکانت بە دەستی ئەوە، ئەوت شکۆدار نەکرد. 24لەبەر ئەوە ئەو دەستە لەلای ئەوەوە نێردرا و ئەم نووسینەی نووسی.

25«ئەمە ئەو نووسینەیە کە نووسراوە:

مەنێ5‏:25 واتا ژمێردراوە.‏، مەنێ، تەقێل5‏:25 بە واتای شاقل یان کێشراو دێت.‏ و پەرسین5‏:25 کۆی (پەرس)، بە واتای نیوە شاقل یان خاکی فارس یان دابەشکراو دێت.‏.

26«ئەمەش لێکدانەوەی وشەکانە:

مەنێ: خودا ڕۆژانی پاشایەتییەکەی تۆی ژمارد و کۆتایی پێ هێنا.

27تەقێل: بە تەرازووەکان کێشرایت و نەقوستان دەرچوویت.

28پەرس: پاشایەتییەکەت دابەش کرا و درایە ماد و فارس.»

29ئینجا بێلشەسر فەرمانی دا جلی ڕەنگی ئەرخەوانی لەبەر دانیال بکەن و ملوانکەی زێڕیش لە ملی بکەن و جاڕبدەن کە لە پاشایەتییەکەدا بووە سێیەم دەسەڵاتدار.

30هەر لەو شەوەدا بێلشەسری پاشای بابلییەکان کوژرا، 31داریوشی ماد لە تەمەنی شەست و دوو ساڵیدا دەستی بەسەر پاشایەتییەکەدا گرت.