حزقیێل 7 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

حزقیێل 7:1-27

نزیکبوونەوەی کۆتایی

1هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە بە خاکی ئیسرائیل دەفەرموێت:

«”کۆتایی! کۆتاییەکە هات!

هەر چوار لای خاکەکەی گرتەوە.

3ئێستاش کۆتاییەکەت نزیک بووەتەوە،

تووڕەییم بەسەرتدا دەبارێنم.

بەگوێرەی ڕەفتارەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و

سزای هەموو نەریتە قێزەونەکانت دەدەمەوە.

4جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و

دەستم لێت ناپارێزم،

بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم،

سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش دەدەم کە لەنێوتان دەکرێن.

ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“

5«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”بەڵایەک دێت!

بەڵایەک لەمەوپێش لە وێنەی نەبووە!

6کۆتاییەکە هات!

کۆتاییەکە هات!

ئاوڕی لێت دایەوە،

ببینە، وا هات!

7ئەی دانیشتووی خاکەکە نۆرە گەیشتە سەرت،

کاتەکەی هات و ڕۆژەکە نزیک بووەتەوە،

لەسەر چیاکان هاتوهەرایە،

نەک هاواری خۆشی.

8ئێستا بەم زووانە تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و

هەڵچوونی خۆم هەڵدەڕێژم،

بەپێی کردەوەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و

لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکان سزات دەدەم.

9جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و

دەستم لێت ناپارێزم،

بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم،

سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش کە لەنێوتان دەکرێن.

ئیتر دەزانن کە من یەزدانم لێتان دەدەم.

10«”ئەوەتا ڕۆژەکە!

ئەوەتا هات!

چەرخ سووڕایەوە،

داردەست گوڵی کرد،

لووتبەرزی چرۆی کرد!

11ستەم بووە داردەستی خراپە،

نە خۆیان و نە سامانیان و

نە هاتوهەرایان دەمێنێت،

شکۆیان نامێنێت.

12کاتەکە هاتووە!

ڕۆژەکە گەیشتووە!

ئینجا نە کڕیار دڵخۆش دەبێت و

نە فرۆشیار خەمبار دەبێت،

چونکە تووڕەیی لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.

13فرۆشیار تەمەنی هەرچەند بێت

فرۆشراو وەرناگرێتەوە،7‏:13 مەبەستی لەوەیە کە ساڵی یۆبیل نابینێت، بڕوانە لێڤییەکان 25‏:25‏-28.‏

چونکە ئەو پەیامەی خودا

بۆ هەموو خەڵکەکەیە ناگەڕێتەوە،

مرۆڤیش لەبەر تاوانەکەی

ناتوانێت دەست بە ژیانییەوە بگرێت.

14«”هەرچەندە فوو لە کەڕەنا بکەن و

هەموو چەک و ئازووقەیەک ئامادە بکەن،

بەڵام کەس ناچێتە جەنگ،

چونکە تووڕەییم لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.

15شمشێر لە دەرەوە و

دەرد و قاتوقڕیش لەناوەوە.

ئەوەی لە دەشتودەرە بە شمشێر دەمرێت،

ئەوەش لە شارە قاتوقڕی و دەرد دەیخوات.

16ئەوانەی دەرباز دەبن

هەڵدێن بۆ چیاکان و

وەک کۆتری دۆڵەکان هەموویان دەگمێنن،

هەریەکە و لەبەر تاوانەکەی خۆی.

17هەموو دەستەکان شل دەبن و

هەموو ئەژنۆکان دەبن بە ئاو.

18جلوبەرگی گوش7‏:18 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏ دەپۆشن و

ترس دایاندەگرێت.

ڕیسوایی لەسەر ڕوخساریان دەبێت و

سەریان دەڕووتێتەوە.

19«”زیوەکانیان فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان و

زێڕیان دەبێتە گڵاوی.

زێڕ و زیویان ناتوانێت

لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان فریایان بکەوێت.

بەوانە تێر نابن و هەر برسی دەبن،

چونکە ئەو شتانە بۆیان بوون بە کۆسپی تاوان.

20بە خشڵە جوانەکانیشیان کە مایەی شانازی بوون

لە دروستکردنی بتە گڵاوەکانیان بەکاریانهێنا،

وێنەی قێزەونیان دروستکرد.

لەبەر ئەوە بۆیان دەکەم بە مایەی گڵاوی.

21دەیدەمە دەست بێگانەکان بۆ تاڵانی،

هەروەها دەیدەمە بەدکارانی زەوی بۆ دزی،

جا گڵاوی دەکەن.

22ڕووی خۆم لێیان وەردەگێڕم و

شوێنی بەنرخم گڵاو دەکەن،

توندوتیژەکان دێنە ناویەوە،

ئەوێ گڵاو دەکەن.

23«”زنجیر دروستبکە بۆ بەدیلگرتن!

چونکە خاکەکە پڕ بووە لە تاوانی خوێنڕشتن،

شارەکەش پڕ بووە لە ستەم.

24جا دڕندەترینی نەتەوەکان دەهێنم و

دەست بەسەر ماڵەکانیاندا دەگرن،

شانازیکردنی بەهێزەکان لەناودەبەم،

پیرۆزگاکانیان گڵاو دەبێت.

25لە کاتی تۆقینیان

داوای ئاشتی دەکەن و نییە.

26بەڵا لەسەر بەڵا و

هەواڵ لەسەر هەواڵ دێت،

داوای بینین لە پێغەمبەر دەکەن،

فێرکردن لەلای کاهین نامێنێت،

ڕاوێژکردنیش لەلای پیران.

27پاشا دەگریێت و

میر نائومێد دەبێت،

دەستی گەلی خاکەکەش دەلەرزێت.

بەگوێرەی ڕەفتاری خۆیان بەسەریاندا دەهێنمەوە و

بەگوێرەی حوکمەکانی خۆیان حوکمیان بەسەردا دەدەم.

ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»