حزقیێل 16 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

حزقیێل 16:1-63

چیرۆکێک دەربارەی بێوەفایی ئۆرشەلیم

1ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئۆرشەلیم ڕووبەڕووی کارە قێزەونەکانی خۆی بکەرەوە و 3بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست بە ئۆرشەلیم ئەمە دەفەرموێت: ڕەچەڵەک و لەدایکبوونت لە خاکی کەنعان بوو. باوکت ئەمۆری بوو، دایکیشت حیتی. 4ئەو ڕۆژەی لەدایک بوویت ناوکت نەبڕاوە، بۆ پاکبوونەوە بە ئاو نەشوشترای، بە خوێ سوێر نەکرایت، قۆنداغ نەکرایت. 5هیچ چاوێک بە میهرەبانییەوە تەماشای نەکردیت و دڵی پێت نەسووتا هەتا یەکێک لەمانەت بۆ بکات، بەڵکو ئەو ڕۆژەی لەدایک بووی لەبەر بێزلێبوونەوە لە دەشتودەر فڕێدرایت.

6«”من بەلاتدا تێپەڕیم و بینیم خەڵتانی خوێنی خۆت بوویت، کە لە خوێنی خۆتدا پاڵکەوتبوویت، پێم فەرموویت: ’بژی!‘ 7وەک ڕووەکی کێڵگە من خزمەتم کردیت بۆ ئەوەی پێ بگەیت، ئیتر گەشەت کرد و گەورە بوویت و گەیشتیت بە تەمەنی هەرزەکاری. مەمکەکانت بناغەیان دانا و مووی لەشت درێژبوو، ئەو کاتە تۆ ڕووتوقووت بوویت.

8«”دیسان بەلاتدا تێپەڕیم و تۆم بینی، ئەوەتا تەمەنی دڵداریتە. ئینجا دامێنی کراسەکەم بەسەرتدا دا16‏:8 دەربڕینێک بۆ مارەبڕین.‏ و ڕووتی تۆم داپۆشی و سوێندم بۆت خوارد و پەیمانم لەگەڵتدا بەست، لەبەر ئەوە تۆ بوویتە هی من. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

9«”بە ئاو تۆم شوشت و خوێنەکەتم لێت پاککردەوە، ئینجا بە زەیت چەورم کردیت. 10جلێکی نەخشێنراوم لەبەرکردیت و پێڵاوی پێستی مانگای دەریام16‏:10 مانگای دەریا: بڕوانە دەرچوون 25‏:5‏.‏ لە پێ کردیت. کەوایەکی کەتانی ناسکم خستە سەر شانت و بە حەریر تۆم پۆشی. 11بە خشڵ تۆم ڕازاندەوە، بازنم لە دەستت کرد، ملوانکەم لە مل کردیت، 12خەزێمم لە لووتت کرد، گوارەشم لە گوێت کرد و تاجی جوانیم لە سەرت نا. 13جا بە زێڕ و زیو خۆتت ڕازاندەوە، کەتانی ناسک و حەریر و قوماشی نەخشێنراو بەرگت بوو. باشترین ئارد و هەنگوین و زەیتت خوارد. زۆر زۆر جوان بوویت، شیاوی ئەوە بوویت ببیتە شاژن. 14لەبەر جوانیت ناوبانگت لەنێو نەتەوەکان دەرکرد، چونکە بەهۆی شکۆمەندییەکەم کە پێم بەخشیبوویت جوانییەکەت تەواو بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

15«”بەڵام تۆ پشتت بە جوانییەکەت و بە ناوبانگت بەست، لەشفرۆشیت کرد و لەشفرۆشییەکەتت بەسەر هەموو ڕێبوارێکدا ڕشت و جوانییەکەت بووە هی ئەو. 16لە جلوبەرگەکەی خۆتت برد و نزرگە ڕازاوەکانی سەر بەرزاییەکانت بۆ خۆت دروستکرد و لەسەری لەشفرۆشیت16‏:16 بە واتای لەشفرۆشی جەستەیی و ڕۆحیش دێت. بەو کەسە دەگوترێت کە لاف لێدەدات بەوەفایە بۆ یەزدان، بەڵام لە هەمان کاتدا ستایش و قوربانی بۆ خودایەکی دیکە دەکات. واتا لە بنەڕەتدا کەسەکە بێوەفایە لەگەڵ یەزدان، هەروەک چۆن ژن ناپاکی لە مێردەکەی بکات.‏ کرد، شتێک کە نە بووە و نە دەبووایە ببێت. 17کەلوپەلی جوانییەکەت لە زێڕ و زیوەکەی من برد کە پێم دایت و لەوان بتی نێرینەت دروستکرد و تۆ لەشفرۆشیت لەگەڵ کردن. 18جلە نەخشێنراوەکانی خۆتت برد و ئەوانت پێ داپۆشی و زەیت و بخووری منت لەبەردەمیان دانا. 19هەروەها ئەو خواردنەی کە بە تۆم دا، لە باشترین ئارد و زەیت و هەنگوین، تۆ لەبەردەم ئەو بتانە وەک بخووری بۆنخۆش پێشکەشت کرد، ئەمەش ئەوەیە کە ڕوویداوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

20«”ئەو کوڕ و کچانەت برد کە بۆ منت ببوو، سەرت بڕین و بۆ بتەکانت کردە قوربانی، وەک خواردن پێشکەشی بتەکانت کردن. ئایا لەشفرۆشییەکەت بەس نەبوو؟ 21هاتیت و منداڵەکانی منیشت سەربڕی و بە ئاگر سووتاندنت بۆ بتەکان؟ 22لە هەموو نەریتە قێزەونەکانت و لەشفرۆشییەکەت، سەردەمی لاویێتیت بەبیر نەهاتەوە، ئەو کاتەی کە ڕووتوقووت بوویت و خەڵتانی خوێنی خۆت بوویت.

23«”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: قوڕبەسەر! قوڕبەسەر تۆ! دوای هەموو خراپەکانت، 24تۆ بۆ خۆت گومەز و نزرگەی بەرزت لە هەموو گۆڕەپانێکدا دروستکرد. 25لەسەر هەموو ڕێگایەک نزرگەی بەرزی خۆتت بنیاد نا و جوانییەکەتت گڵاوکرد، ناوگەڵت بۆ هەموو ڕێبوارێک کردەوە و لەشفرۆشیت زۆر کرد. 26لەگەڵ خەڵکی میسری دراوسێت کە هەوەسبازن لەشفرۆشیت کرد و بە زیادکردنی بەدڕەوشتییەکەت پەستت کردم. 27لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆ ئێوە درێژ کرد و بەشە خاکەکەی تۆم کەم کردەوە و تۆم دایە دەست چاوبرسییەکان، ئەوانەی ڕقیان لێتە، کچانی فەلەستییەکان، کە شەرمیان لە ڕەفتاری تۆ دەکرد. 28بەڵام کە تێر نەبوویت، هاتیت و لەگەڵ ئاشورییەکانیشدا لەشفرۆشیت کرد، لەگەڵ ئەوەشدا هەر تێر نەبوویت. 29سەرەڕای ئەوەش لەشفرۆشییەکەتت هەتا خاکی بازرگانە بابلییەکان فراوان کرد، بەمەش هەر تێر نەبوویت.

30«”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: دڵت چەند نەخۆشە، کە هەموو ئەم کارانەت کرد، وەک کردەوەی لەشفرۆشێکی بەڕەڵا. 31گومەزی خۆتت لەسەر هەموو ڕێگایەک بنیاد نا، نزرگەی بەرزیشت لە هەموو گۆڕەپانێک، بەڵام تۆ بە پێچەوانەی لەشفرۆشانەوە بوویت، چونکە کرێت ڕەت دەکردەوە.

32«”ئەی ژنی بەدڕەوشت، ئەوەی کە لە جێی مێردەکەی بێگانان دەبات! 33هەموو لەشفرۆشێک کرێ وەردەگرێت، بەڵام تۆ دیاریت دایە هەموو دۆستەکانی خۆت، بەرتیلت دانێ هەتا لە هەموو لایەکەوە بێن و داوێنپیسیت لەگەڵ بکەن. 34جا لە لەشفرۆشییەکەتدا پێچەوانەی لەشفرۆشانی دیکە بوویت، چونکە بەدوای تۆ نەدەکەوتن بۆ لەشفرۆشی، بەڵکو تۆ کرێت دەدا و هیچ کرێیەک بە تۆ نەدەدرا، جا بە پێچەوانەوە بوویت.

35«”جا ئەی لەشفرۆش، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، 36یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی پەردەی شەرمی خۆتت دادڕی و لە لەشفرۆشییەکەت لەگەڵ دۆستانت ڕووتیت دەرکەوت، هەروەها لەبەر هەموو بتە قێزەونەکانت کەوا خوێنی منداڵەکانت پێشکەش بە ئەوان کرد، 37من هەموو دۆستانت کۆدەکەمەوە ئەوانەی بەچێژ بوویت بۆیان، لەگەڵ هەموو ئەوانەی خۆشت ویستن و هەموو ئەوانەی ڕقت لێیان بوو، هەموویان لەسەرت کۆدەکەمەوە و ڕووتیت بۆیان دەردەخەم، هەتا تەماشای هەموو ڕووتییەکەت بکەن. 38من حوکمی ژنە داوێنپیسەکان و خوێنڕێژەکانت بەسەردا دەدەم و خوێنی تووڕەیی تۆڵەسێنەر و دڵگەرمی هەڵچوونی خۆمتان بەسەردا دەهێنم. 39دەتدەمە دەستی دۆستەکانت، ئینجا گومەز و نزرگە بەرزەکانت دەڕووخێنن و جلەکانت لەبەر دادەکەنن. کەرەستەی خۆڕازاندنەوەکەت دەبەن و بە ڕووتوقووتی جێت دەهێڵن. 40چەتە دەهێننە سەرت و بەردبارانت دەکەن و بە شمشێرەکانیان لەتوپەتت دەکەن. 41خانووەکانت بە ئاگر دەسووتێنن و لەبەرچاوی زۆر ئافرەتان سزات دەدەن، لە لەشفرۆشی ڕات دەگرم و چیتر کرێ نادەیتە دۆستەکانت. 42دوای ئەوە تووڕەیی خۆم لەسەرت هێور دەکەمەوە، جا ئیرەییم لەسەرت نامێنێت و هێمن دەبمەوە و چیتر تووڕە نابم.

43«”لەبەر ئەوەی سەردەمی لاویێتیت بەبیر نەهاتەوە، بەڵکو بە هەموو ئەمانە تووڕەت کردم، جا منیش بێگومان کردەوەکانت بەسەر خۆتدا دەهێنمەوە. ئایا لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکانت بێ شەرمیت نەکردووە؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

44«”هەموو ئەوانەی بە پەند دەدوێن، لەبارەی تۆوە پەندێک دەهێننەوە و دەڵێن: ’دایک چۆن بێت کچیش وایە.‘ 45تۆ کچی دایکی خۆتیت کە ڕقی لە مێرد و منداڵەکانییەتی، هەروەها تۆ خوشکی خوشکەکانی خۆتیت کە ڕقیان لە مێرد و منداڵەکانی خۆیان بوو. دایکت حیتی بوو و باوکت ئەمۆری. 46خوشکە گەورەکەت سامیرە بوو، کە لەگەڵ کچەکانی لای باکوورت نیشتەجێ بوو، خوشکە بچووکەکەشت سەدۆم بوو، کە لەگەڵ کچەکانی لای باشوورت نیشتەجێ بوو. 47تۆ بە ڕێگای ئەواندا ڕۆیشتیت و وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەوانت کرد، بەڵام وەک ئەوەی تەنها ئەوەندە کەم بێت، جا لە هەموو کارەکانت زووتر لەوان گەندەڵتر بوویت. 48یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، سەدۆمی خوشکت و کچەکانی هەرگیز وەک تۆ و کچەکانی تۆیان نەکرد.

49«”ئەمە تاوانی سەدۆمی خوشکت بوو: خۆی و کچەکانی لووتبەرز، زۆرخۆر، بێ خەم و کەمتەرخەم بوون، یارمەتی هەژار و نەداریان نەدەدا. 50جا لە خۆیان بایی بوون و کارە قێزەونەکانیان لەبەردەمم ئەنجام دا، لەبەر ئەوە منیش هەروەک بینیت، ئەوانم داماڵی. 51سامیرەش بە نیوەی گوناهەکانی تۆ گوناهی نەکرد، بەڵکو لەوان زیاتر کاری قێزەونت کرد و بە هەموو ئەو گڵاوییانەی کە کردت وات کرد خوشکەکانت لە چاو تۆدا ڕاستودروست بن. 52ئەی ئەوەی خەریک بووی خوشکەکانت بێتاوان بکەیت، تۆش بەرگەی ئابڕووچوون بگرە. بە گوناهەکانت کە زیاتر لەوان پێیان گڵاو بوویت، خوشکەکانت لە تۆ ڕاستودروستترن، هەروەها شەرمەزاربە و دەست بە ئابڕووی خۆتەوە بگرە، چونکە وات کرد خوشکەکانت لە چاو تۆدا ڕاستودروست بن.

53«”لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپێچکراوان و بەختیاری سەدۆم و سامیرە و کچەکانیان دەگەڕێنمەوە، هەروەها ڕاپێچکراوان و بەختیاری تۆش لەنێو ئەواندا دەگەڕێنمەوە، 54بۆ ئەوەی بەرگەی ئابڕووچوونت بگریت و شەرمەزار بیت لە هەموو ئەوەی کردت کە دڵنەوایی ئەوانت کرد. 55خوشکەکانت، سەدۆم و کچەکانی و سامیرە و کچەکانی دەگەڕێنەوە دۆخی جارانیان. تۆ و کچەکانیشت دەگەڕێنەوە دۆخی جارانتان. 56لە ڕۆژی فیزلێدانت بە دەمتدا نەدەهات باسی سەدۆمی خوشکت بکەیت، 57بەر لە ئاشکرابوونی خراپەکاریت، وەک لە سەردەمی ڕیسوایی کچانی ئەدۆم و هەموو ئەوانەی دەوروبەری، کچانی فەلەستییەکان ئەوانەی لە هەموو لایەکەوە سووکایەتیت پێ دەکەن. 58خۆت ئەنجامی بێ شەرمی و نەریتە قێزەونەکانت دەگریتە ئەستۆ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

59«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە شایستەی ڕەفتارەکەت هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەم، لەبەر ئەوەی بە شکاندنی پەیمانەکەم سووکایەتیت بە سوێندی من کرد. 60بەڵام من پەیمانەکەی خۆمت بەبیر دەهێنمەوە کە لە سەردەمی لاویێتیت لەگەڵ تۆدا گرێم دابوو، ئێستاش پەیمانێکی هەتاهەتاییت16‏:60 بڕوانە 37‏:26، یەرمیا 31‏:31‏-34 و ئیشایا 59‏:21 و 61‏:8.‏ لەگەڵ دەبەستم. 61ئینجا کردەوەکانی خۆت بیردەکەوێتەوە و شەرمەزار دەبیت کاتێک خوشکە گەورەکانت و خوشکە بچووکەکانت وەردەگریت، دەیانکەم بە کچی تۆ، بەڵام نەک بەگوێرەی پەیمانەکەی من لەگەڵ تۆ. 62بەم جۆرە من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆدا دەبەستم، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم. 63ئەو کاتەی کەفارەت بۆ هەموو کردەوەکانت دەکەم، ئینجا بیرت دەکەوێتەوە و شەرمەزار دەبیت، ئیتر لەبەر شەرمەزارییەکەت هەرگیز دەمت ناکەیتەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»