حزقیێل 12 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

حزقیێل 12:1-28

نیشانەی ڕاپێچکردن

1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ لەناو ماڵێکی یاخیدا نیشتەجێی، ئەوانەی چاویان هەیە بۆ ئەوەی ببینن، بەڵام نابینن، گوێیان هەیە بۆ ئەوەی ببیستن، بەڵام نابیستن، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.

3«لەبەر ئەوە، ئەی کوڕی مرۆڤ، هەگبەی ڕاپێچکردن بۆ خۆت ئامادە بکە و بە ڕۆژ لەبەرچاویان بڕۆ، لەم شوێنەوە بۆ شوێنێکی دیکە لەبەرچاویان بڕۆ، بەڵکو تێبگەن، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین. 4بە ڕۆژ لەبەرچاویان هەگبەکەت دەردەهێنیت، وەک هەگبەی ڕاپێچکراوان. ئێوارە لەبەرچاویان بڕۆ دەرەوە، وەک ئەوانەی ڕاپێچ دەکرێن. 5بە بەرچاویانەوە دیوار کون بکە و لە کونەکەوە هەگبەکە دەربهێنە. 6بە بەرچاویانەوە لەسەر شانت هەڵیبگرە، کاتێک کە تاریکی دادێت دەریبهێنە، دەموچاوت داپۆشە کە خاکەکە نەبینیت، چونکە تۆم کردووە بە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.»

7منیش هەروەک ئەوەی فەرمانم پێ کرابوو وام کرد. هەگبەکەم وەک هەگبەی ڕاپێچکردن بە ڕۆژ دەرهێنا، ئێوارەش بە دەستی خۆم دیوارم کون کرد، کە تاریکی داهات لەبەرچاویان لەسەر شانم هەڵمگرت و هێنامە دەرەوە.

8بۆ بەیانی فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 9«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا گەلی ئیسرائیلی یاخی لە تۆیان نەپرسی: ”ئەوە چی دەکەیت؟“

10«پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم سروشە12‏:10 ‏فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏ سەبارەت بەو میرەیە کە لە ئۆرشەلیمە و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و بۆ ئەوانەش کە لەوێن.“ 11بڵێ: ”من نیشانەم بۆ ئێوە.“

«من چیم کرد، ئاوایان پێ دەکرێت، بە دیل دەگیرێن و ڕاپێچ دەکرێن.

12«ئەو میرەش کە لەنێویانە کە تاریکی داهات هەگبەکەی لەسەر شان هەڵدەگرێت و دەڕوات. دیوار کون دەکەن هەتا لێوەی بچنە دەرەوە. دەموچاوی دادەپۆشێت هەتا بە چاوی خۆی خاکەکە نەبینێت. 13منیش تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە، دەکەوێتە تۆڕەکەمەوە، دەیهێنم بۆ بابل، خاکی کلدانییەکان، بەڵام نایبینێت و لەوێ دەمرێت. 14هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون بۆ یارمەتیدانی و هەموو لەشکرەکانی، بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازەیان دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.

15«ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک بەناو نەتەوەکاندا پەرتیان دەکەم و بەنێو شانشینەکاندا پەرتەوازەیان دەکەم. 16چەند کەسێکی کەمیان لە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لێ دەهێڵمەوە، هەتا لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان دەچن باسی هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»

17فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 18«ئەی کوڕی مرۆڤ، بەدەم لەرزینەوە نانت بخۆ، بە ترس و خەمەوە ئاوت بخۆوە. 19بە گەلی خاکەکە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە دانیشتووانی ئۆرشەلیم و خاکی ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بە خەمەوە نانیان دەخۆن و بە واقوڕمانەوە ئاویان دەخۆنەوە، چونکە خاکەکەیان وێران دەبێت لەبەر پڕبوونی لە ستەمی هەموو دانیشتووانەکەی ناوی. 20شارە ئاوەدانەکان کاول دەکرێن و خاکەکە چۆڵ دەبێت، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»

21فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 22«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم پەندە چییە کە لەسەر خاکی ئیسرائیل هەتانە، ئەوەی دەڵێت: ”ڕۆژگار درێژەی کێشا و هەموو بینینەکان نایەنە دی“؟ 23لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم پەندە بەتاڵ دەکەمەوە و ئیتر لەناو ئیسرائیلدا نایکەن بە پەند.“ بەڵکو پێیان بڵێ: ”ڕۆژگار نزیک بووەوە، هەموو بینینێک دێتە دی، 24چونکە لەمەودوا هیچ بینینێکی بەتاڵ و فاڵگرتنەوەی زمان لووسی لەنێو بنەماڵەی ئیسرائیلدا نابێت. 25بەڵکو من یەزدانم، ئەوەی بمەوێت بیفەرمووم، دەیفەرمووم و دێتە دی. ئەی بنەماڵەی یاخی، لەمەودوا درێژە ناکێشێت، چونکە ئەوەی دەیفەرمووم لە سەردەمی خۆتان دەیهێنمە دی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

26فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 27«ئەی کوڕی مرۆڤ، وا بنەماڵەی ئیسرائیل دەڵێن: ”ئەو بینینەی بۆی ئاشکرا کرا بۆ ڕۆژگارێکی زۆر لەدوای ئەمەیە و ئەو بۆ سەردەمە دوورەکان پێشبینی دەکات.“

28«لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەمەودوا هیچ یەک لە وشەکانم درێژە ناکێشێت، ئەو وشەیەی فەرمووم دێتە دی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»