ئەیوب 28 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 28:1-28

دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە؟

1زیو کانی هەیە و

بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی.

2ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت،

مسیش لە توانەوەی بەرد.

3مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛

لەناو تاریکی سێبەری مەرگ

بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن.

4کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی،

لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛

شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا.

5زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت،

لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛

6بەردەکانی یاقووتی شینی28‏:6 یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.‏ تێدایە و

لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە.

7ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و

چاوی هەڵۆ نایبینێت.

8ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون،

شێر پێیدا تێنەپەڕیوە.

9مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد،

بنکەی چیاکان دەردەخات.

10لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛

چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت.

11ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و

ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی.

12بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و

تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟

13مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و

لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە.

14قووڵایی ژێر زەوی28‏:14 بەپێی بیروباوەڕی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کۆن (قووڵایی ژێر زەوی) هەبوو کە سەرچاوەی کانیاو و ڕووبارەکان بوو. بڕوانە پەیدابوون 7‏:11‏.‏ دەڵێت: «لەناو مندا نییە،»

دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.»

15دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و

نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت.

16نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و

نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت.

17نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی،

نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە.

18لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و

نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە.

19یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و

بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت.

20ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و

تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟

21لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و

لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە.

22لەناوچوون و مردن دەڵێن:

«بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.»

23خودا ڕێگاکەی تێدەگات و

ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت.

24لەبەر ئەوەی ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و

هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت.

25کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و

ئاوەکانی بە پێوانە پێوا،

26کاتێک بۆ باران یاسای دانا و

بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا،

27ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد،

ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کردەوە.

28بە مرۆڤی فەرموو:

«بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و

لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»