ئەستێر 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەستێر 8:1-17

فەرمانی پاشا سەبارەت بە جولەکەکان

1لەو ڕۆژە ئەحەشوێرۆشی پاشا سامانی هامانی دوژمنی جولەکەکانی دایە ئەستێری شاژن. مۆردەخای هاتە بەردەم پاشا، چونکە ئەستێر پێی گوتبوو کە خزمی ئەوە. 2هەروەها پاشا ئەنگوستیلەکەی لە دەستی خۆی داکەند کە لە هامانی سەندبووەوە و دایە مۆردەخای. ئەستێریش مۆردەخای کردە بریکاری سامانەکەی هامان.

3ئەستێر جارێکی دیکە لەگەڵ پاشا قسەی کرد. خۆی خستە بەر پێیەکانی و گریا و لێی پاڕایەوە بۆ ئەوەی پیلانەکەی هامانی ئەگاگی هەڵبوەشێنێتەوە کە لە دژی جولەکەکان دایڕشتبوو. 4ئینجا پاشا داردەستە زێڕینەکەی بۆ ئەستێر درێژکرد، ئەستێر هەستا و لەبەردەم پاشا ڕاوەستا.

5گوتی: «ئەی پاشا، ئەگەر تۆ ڕازی بیت، ئەگەر منت بە دڵە و دەبینیت کە داواکارییەکەم ڕەوایە، ئەگەر من لەلای تۆ پەسەندم، تکایە داوای نووسینی فەرمانێک بکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پیلانەی هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی دایڕشتبوو. ئەو نامەی نووسیبوو بۆ ئەوەی جولەکەکان لە هەموو هەرێمەکانی پاشا لەناوببردرێن. 6ئەوسا چۆن دەتوانم تەماشای ئەو کارەساتە بکەم کە تووشی نەتەوەکەم دەبێت؟ چۆن دەتوانم تەماشای لەناوچوونی ڕەگەزەکەم بکەم؟»

7ئەحەشوێرۆش پاشا وەڵامی شاژنە ئەستێر و مۆردەخای جولەکەی دایەوە: «لەبەر ئەوەی هامان دەستدرێژی کردە سەر جولەکە، سامانەکەی ئەوم دایە ئەستێر، لە داریان دا. 8ئێوەش ئەوەی پێتان باشە بە ناوی پاشاوە بۆ جولەکەکانی بنووسن، بە ئەنگوستیلەکەی پاشا مۆری بکەن، چونکە ئەو نووسینەی بە ناوی پاشاوە دەنووسرێت و بە ئەنگوستیلەکەی مۆر بکرێت هەڵناوەشێنرێتەوە.»

9لەو کاتە، لە بیست و سێی سێ، واتا مانگی سیڤان، خامەی نهێنییەکانی8‏:9 ڕازپۆشەکانی.‏ پاشا بانگ کران. هەموو ئەو شتانەی کە مۆردەخای فەرمانی پێ کردن بۆ جولەکە و میر و پارێزگار و سەرکردەکانی هەرێمەکان نووسییان، سەد و بیست و حەوت هەرێم بوون، لە هیندستانەوە هەتا کوش، بۆ هەر هەرێمێک بە زمان و ڕێنووسی خۆی، بۆ جولەکەکانیش بە زمان و ڕێنووسی خۆیان. 10مۆردەخای ئەو نامانەی بە ناوی ئەحەشوێرۆش پاشاوە نووسی و بە ئەنگوستیلەکەی پاشا مۆری کردن، بە پەیامبەرەکاندا ناردی، کە سواری ئەسپە تیژڕەوە ڕەسەنەکانی پاشا ببوون.

11ئەو فەرمانەی پاشا مافی ئەوەی بە جولەکەکانی هەموو شارێک دابوو کۆببنەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن و هەر هێزێکی چەکدار لە هەر نەتەوە و هەرێمێک بێت هێرشیان بکاتە سەر لەناوی ببەن، بیانکوژن و قڕیان بکەن، بە ژن و منداڵەکانیشیانەوە، ئەوەی هەشیانە تاڵانی بکەن. 12ئەو ڕۆژە لەناو هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا دیاریکراوە، لە سێزدەی دوازدە، واتا لە مانگی ئادار. 13وێنەیەک لەو فەرمانە کە وەک یاسا دەرکرابوو لەنێو هەموو هەرێم و گەلەکان بڵاو کرایەوە، بۆ ئەوەی جولەکەکان ئامادە بن بۆ ئەو ڕۆژە تاکو تۆڵە لە دوژمنەکانیان بستێننەوە.

14پەیامبەرەکان هەروەک پاشا فەرمانی پێ کردبوون، بە سواری ئەسپی شاهانە بە پەلە و خێرا ڕۆیشتن. هەروەها فەرمانەکە لە قەڵای شوشیش دەرچوو.

15ئینجا مۆردەخای بە بەرگی شاهانەی مۆر و سپییەوە لەبەردەم پاشا هاتە دەرەوە، تاجێکی گەورەی زێڕین لەسەر ناوچەوانی بوو، کەوایەکی ئەرخەوانی لە کشمیر دروستکراویشی لەسەر شان بوو. شادی و خۆشی شاری شوشی گرتەوە. 16ڕووناکی بۆ جولەکەکان درەوشایەوە، پڕبوون لە خۆشی و شادی و هەستکردن بە ڕێز. 17جا لە هەر هەرێم و شارێک کە فەرمانەکەی پاشا و یاساکەیان پێ دەگەیشت، دەبووە شادی و خۆشی بۆ جولەکەکان، خوانیان دەڕازاندەوە و ئاهەنگیان دەگێڕا. زۆریش لە نەتەوەکانی دیکە بوونە جولەکە، چونکە زۆر لە جولەکە دەترسان.