ئاشکراکردن 21 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئاشکراکردن 21:1-27

ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێ

1پاشان ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێم بینی، چونکە ئاسمانی یەکەم و زەوی یەکەم بەسەرچوون، ئیتر دەریاش نەما. 2شارە پیرۆزەکەش، ئۆرشەلیمی نوێم بینی لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە، وەک بووکێکی ڕازاوە بۆ زاواکەی ئامادە کرابێت. 3گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو لە تەختەکەوە فەرمووی: «ئەوەتا نشینگەی خودا لەگەڵ خەڵک، ئەویش لەگەڵیان نیشتەجێ دەبێت. ئەوانیش دەبن بە گەلی ئەو، خودا خۆی لەگەڵیاندایە و دەبێتە خودای ئەوان. 4ئەویش هەموو فرمێسکێکی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت، شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون.»

5دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «ئەوەتا هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە.» پاشان فەرمووی: «بنووسە، چونکە ئەم وتانە متمانەدار و ڕاستن.»

6پاشان پێی فەرمووم: «ئەوا هاتە دی. من ئەلف و یێم21‏:6 لە یۆنانی نووسراوە ئەلفا‏ و ئۆمێگا‏ یەکەم و دوایین پیتی ڕێنووسی یۆنانییە، مەبەستی لە سەرەتا و کۆتاییە.‏، سەرەتا و کۆتاییم. لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینوو. 7ئەوەی سەربکەوێت ئەوانەی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، دەبمە خودای و ئەویش دەبێتە کوڕم. 8بەڵام ترسنۆک و بێباوەڕ و قێزەونان، هەروەها بکوژ و داوێنپیس و جادووگەر و بتپەرستان، لەگەڵ هەموو درۆزنان، بەشیان لە دەریاچەی بە ئاگر و گۆگرد داگیرساوە کە مردنی دووەمە.»

ئۆرشەلیمی نوێ

9یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو کە بە دوایین حەوت دەردەکە پڕکرابوون، هات بۆ لام و پێی گوتم: «وەرە بووکەکەت پیشان بدەم، ژنی بەرخەکە.» 10بە ڕۆحی پیرۆز بردمی بۆ چیایەکی گەورە و بەرز، ئۆرشەلیمی شارە پیرۆزەکەی پیشاندام کە لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە. 11شکۆی خودای هەبوو، درەوشانەوەی وەک گرانبەهاترین بەرد، وەک یەشب، ڕوون وەک کریستاڵ. 12شوورایەکی گەورە و بەرز و دوازدە دەرگای هەبوو، لەسەر دەرگاکان دوازدە فریشتە هەبوون، ناوی دوازدە هۆزەکەی کوڕانی ئیسرائیل لەسەر دەرگاکان نووسرابوون. 13لە ڕۆژهەڵاتەوە سێ دەرگا هەبوون، لە باکوورەوە سێ دەرگا، لە باشوورەوە سێ دەرگا، لە ڕۆژئاواوە سێ دەرگا. 14شوورای شارەکە دوازدە بناغەی هەبوو، دوازدە ناو لە سەریان هەبوو، ناوی دوازدە نێردراوەکەی بەرخەکە.

15ئەو فریشتەیەی لەگەڵم دەدوا دارێکی پێوانەی زێڕینی پێبوو، تاکو شارەکە و دەرگاکانی و شووراکەی بپێوێت. 16شارەکە بە چوار گۆشەیی دانرابوو، درێژییەکەی هێندەی پانییەکەی بوو. شارەکەی بە دارەکە پێوا، دوازدە هەزار ستادیا21‏:16 دوازدە هەزار ستادیا: نزیکەی دوو هەزار و دوو سەد کیلۆمەترە.‏ بوو، درێژی و پانی و بەرزییەکەی یەکسان بوون. 17شووراکەشی پێوا، سەد و چل و چوار باڵ21‏:17 نزیکەی 65 مەتر.‏ بوو بە باڵی مرۆڤ کە فریشتەکە بەکاریدەهێنا. 18بینای شووراکە لە یەشب بوو، شارەکەش لە زێڕی بێگەرد بوو، وەک شووشەی ساف. 19بناغەکانی شوورای شارەکە بە هەموو بەردێکی گرانبەها ڕازێنرابووەوە. بناغەی یەکەم یەشب، دووەم یاقووتی شین، سێیەم یاقووتی سپی، چوارەم زمروود، 20پێنجەم شیلانە، شەشەم یاقووتی سوور، حەوتەم زەبەرجەد، هەشتەم زمروودی سەوز، نۆیەم یاقووتی زەرد، دەیەم یاقووتی سەوز، یازدەیەم یاقووتی زەعفەرانی، دوازدەیەم جەمشت. 21دوازدە دەرگاکەش دوازدە مروارین، هەر دەرگایەک لە یەک دەنکە مرواری بوو. شەقامی شارەکە لە زێڕی بێگەرد بوو وەک شووشەی ڕۆشن.

22پەرستگام تێیدا نەبینی، چونکە یەزدانی پەروەردگاری هەرە بەتوانا لەگەڵ بەرخەکە پەرستگای ئەون. 23شارەکەش پێویستی بە خۆر و مانگ نییە بەسەریدا بدرەوشێنەوە، چونکە شکۆی خودا ڕووناکی کردووەتەوە و بەرخەکە چرایەتی. 24نەتەوەکان بە ڕووناکییەکەی دەڕۆن و پاشاکانی زەوی شکۆی خۆیانی بۆ دەهێنن. 25دەرگاکانی بە ڕۆژ هەرگیز داناخرێن، چونکە لەوێ شەو دانایەت. 26شکۆ و ڕێزی نەتەوەکانیشی بۆ دەهێنن. 27هیچ شتێکی گڵاو و هیچ کەسێکی قێزەون و درۆزن ناچنە ناوی، بەڵکو تەنها ئەوانەی کە ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نووسراوە.