یەکەم کۆرنسۆس 16 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم کۆرنسۆس 16:1-24

پارە کۆکردنەوە بۆ باوەڕداران

1بەڵام لەبارەی کۆمەک بۆ گەلی پیرۆزی خودا، چۆن کڵێساکانی گەلاتیام ڕاسپاردووە، ئێوەش ئاوا بکەن. 2لە سەرەتای هەر هەفتەیەک با هەریەکەتان چەندی لە توانادایە بیخاتە لایەک، تاکو کۆمەکەکە ئەو کاتە نەبێت کە دەگەمە لاتان. 3کاتێک گەیشتمە لاتان، جا ئەوانەی پەسەندکراون بە نامەوە دەیاننێرم تاکو دیارییەکانتان بگەیەننە ئۆرشەلیم. 4ئەگەر بە باشم زانی کە منیش بچم، ئەوا لەگەڵ من دەچن.

5کاتێک لە مەکدۆنیا تێپەڕیم دێمە لاتان، چونکە بە مەکدۆنیادا تێدەپەڕم. 6لەوانەیە ماوەیەک لەلاتان بم، یاخود هەموو زستان، تاکو ڕێگای گەشتم بۆ ئاسان بکەن بۆ هەر شوێنێک کە بۆی دەچم، 7چونکە ئەم جارە نامەوێت تەنها بە سەرپێیی بتانبینم، بەڵکو هیوادارم ئەگەر عیسای خاوەن شکۆ خواستی لەسەر بێت ماوەیەک لەلاتان بمێنمەوە. 8بەڵام هەتا ڕۆژی پەنجایەمین لە ئەفەسۆس دەمێنمەوە، 9چونکە دەرگایەکی پان و بەرینم لێ کراوەتەوە بۆ خزمەتێکی کاریگەر، هەرچەندە دوژمنێکی زۆریشم هەیە.

10ئەگەر تیمۆساوس هات، ئاگاداربن با لەلاتان بەبێ ترس بێت16‏:10 ترس لە ناحەزانی خزمەتی پۆڵس.‏، چونکە کاری یەزدان دەکات، وەک منیش دەیکەم. 11با کەس بە سووکی سەیری نەکات، بەڵکو بە ئاشتی بینێرنەوە لام، چونکە من و برایان چاوەڕێی دەکەین.

12هەروەها سەبارەت بە ئەپۆلۆسی برامان، زۆر پاڕامەوە کە لەگەڵ برایان بێتە لاتان، ئەو هەرگیز نەیویست ئێستا بێتە لاتان، بەڵام کە بۆی ڕێککەوت، دێت.

کۆتایی

13ئێشک بگرن، لە باوەڕ بچەسپێن، ئازا و بەهێز بن. 14هەرچییەک دەکەن لە خۆشەویستییەوە بیکەن.

15ئێوە دەزانن ماڵی ستیفاناس لە ئەخایا پێشەبەرە بوون و خۆیان بۆ خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خودا تەرخان کردبوو. خوشکان و برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، 16کە ئێوەش ملکەچی وەک ئەوانە بن، هەموو ئەوانەی لەگەڵیان ئیش دەکەن و ماندوو دەبن. 17بە هاتنی ستیفاناس و فەرتوناتۆس و ئەخایکۆس دڵشاد بووم، چونکە شوێنی ئێوەیان گرتەوە. 18هەروەها چونکە ئەوان ڕۆحی من و ئێوەیان گەشاندەوە. بۆیە ئەو جۆرە کەسانە بناسن.

19کڵێساکانی ئاسیا سڵاوتان لێدەکەن.

ئەکیلا و پریسکیلا، لەگەڵ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەیانن بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە بە گەرمی سڵاوتان لێدەکەن.

20هەموو خوشک و برایان سڵاوتان لێدەکەن.

بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن.

21من پۆڵسم، ئەم سڵاوە دەستخەتی خۆمە.

22بەڵێ ئەو کەسەی عیسای خاوەن شکۆی خۆشناوێت با نەفرەتی لێ بێت! ئەی پەروەردگار، وەرە!16‏:22 ئەی پەروەردگار، وەرە! لە زمانی ئارامیدا ئەم دەستەواژەیە بەکاردێت: مارانا ثا.

23نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆتان لەگەڵ بێت.

24خۆشەویستیی من لەگەڵ هەمووتان بێت کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن. ئامین.