یەکەم پەترۆس 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم پەترۆس 1:1-25

1لە پەترۆسی نێردراوی عیسای مەسیحەوە،

بۆ ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون، بێگانە پەراگەندەکان لە پۆنتۆس و گەلاتیا و کەپەدۆکیا و ئاسیا و بیسینیا1‏:1 هەموو ئەو شوێنانە دەکەونە تورکیای ئێستاوە.، 2کە بەگوێرەی زانینی پێشووی خودای باوک هەڵبژێردراون، بە پیرۆزکردنی ڕۆحی خۆی بۆ گوێڕایەڵی عیسای مەسیح و پرژاندنی خوێنەکەی:

با نیعمەت1‏:2 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت. و ئاشتیتان بۆ زیاد بێت.

ستایشی خودا بۆ هیوای زیندوو

3ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی پەروەردگارمان! بەهۆی بەزەییە فراوانەکەیەوە لەدایکبوونەوەی پێ بەخشین1‏:3 مەبەست لە لەدایکبوونەوەیە لە ڕۆحی پیرۆز، بڕوانە یۆحەنا 3‏:3‏-8.‏ بۆ هیوایەکی زیندوو بە هەستانەوەی عیسای مەسیح لەنێو مردووان، 4بۆ میراتێک کە نافەوتێت و گڵاو نابێت و کاڵ نابێتەوە. ئەو میراتە بۆ ئێوە لە ئاسمان پارێزراوە، 5ئێوە کە بە هێزی خودا پاسەوانی کراون بە باوەڕ، بۆ ئەو ڕزگارییەی ئامادەیە لە کۆتایی زەمانە ڕابگەیەنرێ. 6ئەمانە دڵخۆشتان دەکات، هەرچەندە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کەم ناچار بن بە دەست تاقیکردنەوەی جۆراوجۆرەوە ئازار بچێژن، 7تاکو سەلماندنی باوەڕی ڕاستەقینەتان، کە لە زێڕی لەناوچوو بەنرخترە، هەرچەندە بە ئاگر تاقی دەکرێتەوە، کاتێک عیسای مەسیح ئاشکرا دەکرێت ستایش و شکۆ و ڕێزی بەدواوە دەبێت. 8هەرچەندە نەتانبینیوە خۆشتان دەوێ، ئێستاش نایبینن باوەڕی پێ دەهێنن و دڵخۆش دەبن بە شێوەیەک هەر باسی ناکرێت و شکۆدارە، 9چونکە ئامانجی باوەڕتان بەدەستدەهێنن، واتا ڕزگاریی دەروونتان.

10ئەو پێغەمبەرانەی کە پێشبینییان کرد لەسەر ئەو نیعمەتەی کە خودا بۆ ئێوەی ئامادە کردبوو، بە وردی لێکۆڵینەوەیان لە بابەتی ئەو ڕزگاربوونە کرد و بەدوایدا گەڕان، 11ڕۆحی مەسیح کە تێیاندابوو، ئاگاداری دەکردنەوە سەبارەت بە ئازارەکانی مەسیح و ئەو شکۆداربوونەی لەدوای ئازارەکانەوە دێت، هەوڵیان دەدا کە بزانن ڕۆحی پیرۆز ئاماژە بە چی دەکات لەبارەی کاتی ڕوودانەکەی یان بارودۆخی جیهان لە کاتی ڕوودانەکەی. 12بۆیان ئاشکرا کرا کە پەیامەکە بۆ خۆیان نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو، واتا ڕووداوەکان لە سەردەمی ئێوە ڕوودەدەن. ئێستا پێتان ڕاگەیەنرا بەهۆی ئەوانەی مزگێنییان پێ بەخشین بە یارمەتی ڕۆحی پیرۆز، کە لە ئاسمانەوە نێردراوە. ئەمانە ئەو ڕووداوانەن کە فریشتەکانیش بە پەرۆشن لێیان ورد ببنەوە.

بانگەوازێک بۆ پیرۆزی

13بۆیە با مێشکتان ئامادە بێت بۆ چالاکی، خۆڕاگر بن، هیواتان بە تەواوی لەسەر ئەو نیعمەتە بێت کە لە ئاشکراکردنی عیسای مەسیحەوە دێت. 14وەک منداڵی گوێڕایەڵ، وەک کاتی نەزانی خۆتان لەگەڵ هەوەسە کۆنەکانتان مەگونجێنن، 15بەڵکو هەروەک ئەوەی بانگی کردوون پیرۆزە، ئێوەش لە هەموو هەڵسوکەوتێک پیرۆز بن، 16چونکە نووسراوە: ﴿پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم.﴾1‏:16 لێڤییەکان 11‏:44‏،45 و لێڤییەکان 19‏:2 و لێڤییەکان 20‏:7.‏

17لەبەر ئەوەی لە خودای باوک دەپاڕێنەوە، ئەوەی بێ لایەنگری هەرکەسێک بەگوێرەی کردەوەکەی حوکم دەدات، کەواتە لە کاتی نامۆییتاندا بە لەخواترسییەوە بژین. 18دەزانن بە شتی لەناوچووی وەک زێڕ و زیو نەکڕاونەتەوە، لەو ژیانە پووچەی لە باوباپیرانەوە بۆتان مابووەوە، 19بەڵکو بە خوێنێکی گرانبەها، خوێنی مەسیح، کە وەک بەرخێکی بێ لەکە و کەموکوڕییە. 20لەپێش دامەزراندنی جیهان هەڵبژێردرابوو، بەڵام لەم ڕۆژگارانەی دوایی لە پێناوی ئێوەدا دەرکەوت. 21بەهۆیەوە باوەڕتان بە خودا هەیە، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و شکۆی پێدا، تاکو هیوا و باوەڕتان بە خودا بێت.

22بە گوێڕایەڵیتان بۆ ڕاستی خۆتان پاک کردووەتەوە بۆ خۆشەویستی برایانەی بێ دووڕوویی، لە قووڵایی دڵەوە یەکتریتان خۆشبوێ. 23ئێوەش لەدایک بوونەوە1‏:23 نوێبوونەوە بە ڕۆحی پیرۆز.‏، نەک بە تۆوێکی فەوتاو بەڵکو نەفەوتاو، بە وشەی زیندووی خودا کە دەمێنێتەوە، 24چونکە نووسراوە:

﴿هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و

هەموو شکۆیەکەی وەک گوڵی کێوی وایە.

گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،

25بەڵام فەرمایشتی یەزدان هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.﴾1‏:25 ئیشایا 40‏:6‏-8.‏

ئەمەش ئەو فەرمایشتەیە کە مزگێنیتان پێدرا.