یەشوع 22 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەشوع 22:1-34

گەڕانەوەی هۆزەکانی ڕۆژهەڵات

1ئینجا یەشوع ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان و نیوە هۆزەکەی مەنەشەی بانگکرد و 2پێی گوتن: «ئێوە هەموو ئەو شتانەتان جێبەجێ کرد کە موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کردبوون و لە هەموو ئەو شتانەش کە فەرمانم پێکردن گوێڕایەڵم بوون و 3بە درێژایی ئەو ڕۆژانە و هەتا ئەمڕۆش براکانی خۆتان بەجێ نەهێشت و بە وریاییەوە فەرمانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بەجێهێنا. 4ئێستاش کە یەزدانی پەروەردگارتان براکانی ئێوەی ئاسوودە کرد، هەروەک بەڵێنی پێدابوون، ئێستا بگەڕێنەوە ماڵەکانتان لەو خاکەی موڵکتانە، ئەوەی کە موسای بەندەی یەزدان لەوبەری ڕووباری ئوردون پێیدان. 5بەڵام زۆر ئاگاداربن بۆ کارکردن بەو ڕاسپاردە و فێرکردنەی کە موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کردن، کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن و دەستی پێوە بگرن، پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە بیپەرستن.»

6ئینجا یەشوع داوای بەرەکەتی بۆ کردن و ئەوانی ناردەوە، ئەوانیش بەرەو نشینگەکانی خۆیان چوون. 7(پێشتر موسا لە باشان خاکی دابووە نیوە هۆزەکەی مەنەشە. یەشوعیش خاکی دابووە نیوەکەی دیکەی هۆزەکە لەگەڵ براکانیان لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون.22‏:7 بڕوانە سەرژمێری 32‏:20‏-33.‏) هەروەها کە یەشوع ئەوانی ناردەوە بۆ لای نشینگەکانیان، داوای بەرەکەتی بۆ کردن و 8پێی گوتن: «بە سامانێکی زۆرەوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانتان و بە گاوگۆتاڵێکی زۆر و بە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و جلوبەرگێکی زۆرەوە، دەستکەوتی دوژمنەکانتان لەگەڵ براکانتان بەش بکەن.»

9ئینجا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە گەڕانەوە، نەوەی ئیسرائیلیان لە شیلۆ لە خاکی کەنعان بەجێهێشت، بۆ ئەوەی بچنە خاکی گلعاد بۆ ئەو خاکەی موڵکی خۆیانە، ئەوەی دەستیان بەسەردا گرتبوو بەپێی فەرمانی یەزدان لە ڕێگەی موساوە.

10کاتێک هاتنە گەلیلۆت کە نزیک ڕووباری ئوردونە لەناو خاکی کەنعان، نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە لەوێ لەسەر ڕووباری ئوردون قوربانگایەکی گەورە و بەرچاویان بنیاد نا. 11جا نەوەی ئیسرائیل بیستیان، ئەوەتا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوە هۆزەکەی مەنەشە قوربانگایەکیان بەرامبەر خاکی کەنعان لە گەلیلۆتدا نزیک ڕووباری ئوردون بەرامبەر بە نەوەی ئیسرائیل بنیاد ناوە. 12جا کە نەوەی ئیسرائیل ئەمەی بیستەوە، هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە شیلۆ کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بۆ جەنگ لە دژی هۆزەکانی ئەوبەری ڕووباری ئوردون بڕۆن.

13ئینجا نەوەی ئیسرائیل فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهینیان نارد بۆ لای نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە لە خاکی گلعاد. 14دە سەرۆکی لەگەڵ نارد، لە هەر هۆزێکی ئیسرائیل یەکێک، هەموویان گەورەی بنەماڵەکان بوون لەنێو تیرەکانی ئیسرائیل.

15ئینجا هاتنە لای نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە بۆ خاکی گلعاد و پێیان گوتن: 16«هەموو کۆمەڵی یەزدان وا دەڵێن: ”ئەم ناپاکییە چییە کە دەرهەق بە خودای ئیسرائیل کردتان، بەوەی کە ئەمڕۆ لە یەزدان هەڵگەڕاونەتەوە بە بنیادنانی قوربانگایەک بۆ خۆتان هەتا لە دژی یەزدان یاخی بن؟ 17ئایا گوناهەکەی پەعۆر کەمە بۆمان؟ ئەوەی هەتا ئەمڕۆش لێی پاک نەبووینەتەوە و بووە هۆی دەرد لەناو کۆمەڵی یەزدان! 18ئایا ئەمڕۆ ئێوەش لە یەزدان هەڵدەگەڕێنەوە؟

«”ئەگەر ئێوە ئەمڕۆ لە یەزدان یاخی بن، ئەویش سبەینێ لە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل تووڕە دەبێت. 19بەڵام ئەگەر خاکەکەی موڵکتان گڵاوە، بۆ خاکەکەی موڵکی یەزدان بپەڕنەوە کە چادری پەرستنی یەزدانی تێدایە و لەناو ئێمەدا میرات وەربگرن و لە یەزدان یاخی مەبن و لە دژی ئێمەش مەبن بە بنیادنانی قوربانگایەک بۆ خۆتان جیا لە قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارمان. 20کاتێک عاخانی کوڕی زەرەح ناپاکی کرد لە شتە تەرخانکراوەکاندا22‏:20 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان. لە کاتی شەڕدا دەستکەوتەکە دابەش ناکرێت و بەخشینەکە دەرئەنجامەکەی لەناوبردنی تەواوە.‏، ئایا تووڕەیی یەزدان بەسەر هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلدا نەباری؟ بەهۆی گوناهەکەیەوە تەنها خۆی لەناو نەچوو!“»22‏:20 بڕوانە بەشی 7.‏

21ئینجا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە وەڵامیان دایەوە و بە سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیلیان گوت: 22«خودای توانادار، یەزدانە! خودای توانادار، یەزدانە! ئەو دەزانێت و با ئیسرائیلیش بزانێت، ئەگەر ئەمە بە یاخیبوون و بە ناپاکی دەرهەق بە یەزدان کرابێت، ئەوا ئەمڕۆ ڕزگارمان مەکەن! 23ئەگەر ئێمە ئەو قوربانگایەی خۆمانمان بە مەبەستی هەڵگەڕانەوە لە یەزدان و سەرخستنی قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە بنیاد ناوە، یاخود بۆ ئەنجامدانی قوربانی هاوبەشی لەسەری، ئەوا با یەزدان خۆی سزامان بدات.

24«نەخێر! بەڵکو ئەم کارەمان بەهۆی ئەم ترسەوە کردووە کە گوتمان، لەوانەیە سبەینێ نەوەکانتان بە نەوەکانمان بڵێن: ”ئێوە چ پەیوەندییەکتان بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلەوە هەیە؟ 25ئەی نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد، یەزدان ڕووباری ئوردونی کردووەتە سنووری نێوان ئێمە و ئێوە! ئێوە هیچ بەشێکتان لە یەزداندا نییە.“ جا لەوانەیە نەوەکانتان ڕێگا نەدەن نەوەکانمان یەزدان بپەرستن.

26«لەبەر ئەوە گوتمان: ”با ئێمە بۆ خۆمان قوربانگایەک بنیاد بنێین، بەڵام بۆ قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو نا.“ 27بەڵکو لەپاش خۆمان ئەوە ببێتە شایەت لەنێوان ئێمە و ئێوە و نەوەکانمان، بۆ ئەوەی یەزدان لە پیرۆزگاکەی خۆی بپەرستین بە قوربانی سووتاندنەکانمان و سەربڕدراوەکانمان و قوربانییەکانی هاوبەشیمان و لە داهاتوودا نەوەکانتان بە نەوەکانمان نەڵێن: ”ئێوە بەشتان لە یەزداندا نییە.“

28«هەروەها گوتمان: ”کە لە داهاتوودا ئەمە بە خۆمان و نەوەکانمان دەڵێن، ئێمەش دەڵێین، بڕوانن هاوشێوەی قوربانگای یەزدان کە باوباپیرانمان کردوویانە، بەڵام بۆ قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان نییە، بەڵکو وەک شایەتە لەنێوان ئێمە و ئێوە.“

29«ئەوە لە ئێمە بەدوور بێت، کە لە یەزدان یاخی بین و ئەمڕۆ لە یەزدان هەڵگەڕێینەوە بە بنیادنانی قوربانگایەک بۆ قوربانی سووتاندن یان پێشکەشکراوی دانەوێڵە یان سەربڕاو، بێجگە لە قوربانگای یەزدانی پەروەردگارمان ئەوەی لەبەردەم چادرەکەی پەرستنیەتی.»

30جا کاتێک فینەحاسی کاهین و ڕابەرەکانی کۆمەڵ، سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، گوێیان لە قسەکانی نەوەی ڕەئوبێن و گاد و مەنەشە بوو، قسەکانیان قبوڵ کردن. 31ئینجا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین بە نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نەوەی مەنەشەی گوت: «ئەمڕۆ زانیمان کە یەزدان لەگەڵماندایە، چونکە ئەم ناپاکییەتان دەرهەق بە یەزدان نەکردووە، ئێستا ئێوە نەوەی ئیسرائیلتان لە دەست یەزدان دەرباز کردووە.»

32ئینجا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین و سەرۆکەکان لەلای نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گادەوە لە خاکی گلعادەوە بۆ لای نەوەی ئیسرائیل لە خاکی کەنعاندا گەڕانەوە و هەواڵیان پێدان. 33جا نەوەی ئیسرائیلیش دڵخۆش بوون بەم هەواڵە و ستایشی خودایان کرد و بیریان لەوە نەکردەوە کە سەربکەون بۆیان بۆ جەنگ و بۆ وێرانکردنی ئەو خاکەی کە نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد تێیدا نیشتەجێن.

34ئینجا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد ناویان لە قوربانگاکە نا: «شایەتە لەنێوانمان کە یەزدان خودایە.»