یەرمیا 13 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 13:1-27

پشتێنێکی کەتان

1یەزدان ئەمەی پێ فەرمووم: «بڕۆ پشتێنێکی کەتان بۆ خۆت بکڕە و لە ناوقەدی خۆتی ببەستە، بەڵام مەیخەرە ناو ئاوەوە.» 2منیش پشتێنم کڕی، بەپێی فەرمانی یەزدان، لە ناوقەدی خۆمم بەست.

3ئینجا دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: 4«ئەو پشتێنەی کە کڕیت، کە لە ناوقەدت بەستووە، هەستە و بڕۆ بیبە پەرات13‏:4 پەرات: یان دەشێت ڕووباری فورات بێت.‏ و لەوێ لە کەلێنی بەردێک بیشارەوە.» 5منیش بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردم چووم و لە پەرات شاردمەوە.

6دوای ماوەیەکی درێژ، یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە، بڕۆ بۆ پەرات و لەوێ ئەو پشتێنە هەڵبگرە کە فەرمانم پێکردیت لەوێ بیشاریتەوە.» 7منیش چووم بۆ پەرات، هەڵمکۆڵی و پشتێنەکەم لەو شوێنە هەڵگرتەوە کە تێیدا شاردبوومەوە، ئەوەتا ڕزیوە و بە کەڵکی هیچ نایەت.

8ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: 9«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئاوا شانازی یەهودا و شانازییە مەزنەکەی ئۆرشەلیم دەڕزێنم. 10ئەم گەلە بەدکارەی نایەوێت گوێ لە قسەی من بگرێت و بەدوای کەللەڕەقی خۆی کەوتووە، بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەوێت بۆ ئەوەی بیانپەرستێت و کڕنۆشیان بۆ ببات، وەک ئەم پشتێنەی لێدێت کە بە کەڵکی هیچ نایەت. 11وەک چۆن پشتێن لە پشتی مرۆڤ دەبەسرتێت، ئاوا هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی یەهودام لە پشتی خۆم بەست، هەتا ببنە گەلی من و ناو و شانازی و شکۆمەندی، بەڵام گوێیان نەگرت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

نموونەی گۆزەی شەراب

12«جا ئەم فەرمایشتەیان پێ ڕابگەیەنە: ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت.“ جا پێت دەڵێن: ”بۆ ئێمە نازانین هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت؟“ 13تۆش پێیان دەڵێیت: ”یەزدان دەفەرموێت: ئەوەتا من هەموو دانیشتووانی ئەم خاکە پڕ دەکەم لە سەرخۆشی، ئەو پاشایانەی لە داودن، لەسەر تەختەکەی دانیشتوون، کاهین و پێغەمبەران و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم. 14بە یەکتری وردوخاش دەکەم، باوک و کوڕ پێکەوە، دڵم ناسووتێت و دەست ناپارێزم و بەزەییم نایەتەوە لە لەناوبردنیان.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

مەترسی ڕاپێچکراوان

15گوێ بگرن و گوێ شل بکەن،

لووتبەرز مەبن،

چونکە یەزدان فەرموویەتی.

16شکۆ بدەنە یەزدانی پەروەردگارتان

بەر لەوەی تاریکی دابێنێت،

بەر لەوەی پەل بکوتن

لەسەر چیا بەر لە تاریکایی شەو.

ئێوە خوازیاری ڕووناکین

بەڵام ئەو دەیکاتە سێبەری مەرگ،

دەیکاتە ئەنگوستەچاو.

17بەڵام ئەگەر گوێ نەگرن،

بە نهێنی دەگریێم

لەبەر لووتبەرزیتان،

چاوەکانم بەکوڵ دەگریێن و

فرمێسک دەڕێژێت،

چونکە مێگەلی یەزدان ڕاپێچ کرا.

18بە پاشا و بە شاژنی دایک بڵێ:

«لەسەر تەختەکان وەرنە خوارەوە،

چونکە تاجی شکۆمەندیتان

لەسەرتان دێتە خوارەوە.»

19شارەکانی نەقەب دادەخرێن و

کەس نییە بیانکاتەوە.

هەموو یەهودا ڕاپێچ دەکرێ،

سەراپای ڕاپێچ دەکرێن.

20چاوت هەڵبڕە13‏:20 مەبەستی لە شاری ئۆرشەلیمە.‏ و

ئەوانە ببینە کە لە باکوورەوە دێن!

کوا ئەو مێگەلەی پێت درا،

ئەو مەڕانەی شانازیت پێوە دەکردن؟

21چی دەڵێی کاتێک یەزدان ئەوانەت لەسەر دادەنێت

کە فێری هاوپەیمانیت کردن؟

ئایا ژان ناتگرێت

وەک ئەو ژنەی منداڵی دەبێت؟

22ئەگەر لە دڵی خۆتدا بڵێی،

«بۆچی ئەمانەم بەسەرهات؟»

لەبەر زۆری تاوانت، دامێنت هەڵکرا

دەستدرێژییان کردە سەرت.

23ئایا حەبەشی دەتوانێت پێستی خۆی بگۆڕێت،

یان پڵنگ بەڵەکەکانی؟

ئێوەش ناتوانن چاکە بکەن،

کە لە خراپە ڕاهاتوون!

24«وەک پووش پەرتیان دەکەم

کە بای چۆڵەوانی هەڵیدەگرێت.»

25یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە بەختی تۆیە،

ئەو بەشەی لەلایەن منەوە پێتدراوە،

لەبەر ئەوەی منت لەبیر کرد و

پشتت بە خوداوەندی درۆیین بەست.

26منیش دامێنت بەسەر ڕووتدا هەڵدەدەمەوە،

ئینجا دەستدریژیت دەکرێتە سەر!

27داوێنپیسی و حیلاندنت،

بێڕوویی لەشفرۆشیت!

لەسەر گردەکان و کێڵگەکان

قێزەونییەکانی تۆم بینی.

ئەی ئۆرشەلیم، قوڕبەسەرت!

هەتا کەی پاک نابیتەوە؟»