یونس 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یونس 4:1-11

تووڕەبوونی یونس بەهۆی بەزەیی یەزدان

1بەڵام ئەمە یونسی زۆر پەست کرد و ڕقی هەستا. 2نزای بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئای ئەی یەزدان، ئایا ئەمە قسەی من نەبوو کە هێشتا لە خاکی خۆمدا بووم؟ لەبەر ئەوە هەوڵی هەڵاتنم دا بۆ تەرشیش، چونکە زانیم تۆ خودایەکی میهرەبانیت و بە بەزەییت، پشوودرێژیت و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زۆرە، لە خراپەهێنان بەسەر خەڵکی پاشگەز دەبیتەوە. 3ئێستاش ئەی یەزدان، گیانم لێ بستێنە، چونکە مردنم باشترە لە ژیانم.»

4یەزدانیش فەرمووی: «ئایا کارێکی باشە تووڕە بیت؟»

5ئینجا یونس لە شارەکە چووە دەرەوە و لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە دانیشت، لەوێ کەپرێکی بۆ خۆی دروستکرد و لەژێر سێبەرەکەیدا دانیشت، بۆ ئەوەی ببینێت چی لە شارەکەدا ڕوودەدات. 6یەزدانی پەروەردگاریش ڕووەکێکی ئامادە کرد و لەسەر یونس بەرزی کردەوە، هەتا ببێتە سێبەر لە سەری، بۆ ئەوەی لە خەمەکەی دەربازی بکات. یونسیش زۆر دڵی بە ڕووەکەکە خۆش بوو. 7بەڵام خودا لە بەرەبەیاندا کرمێکی ئامادە کرد، کرمەکە لە ڕووەکەکەی دا و وشکی کرد. 8لە کاتی خۆر هەڵاتندا خودا بایەکی ڕۆژهەڵاتی گەرمی ئامادە کرد، هەتاو لەسەری یونسی دا و گێژی کرد، ئەویش داوای مردنی بۆ خۆی کرد و گوتی: «مردنم باشترە لە ژیانم.»

9خوداش بە یونسی فەرموو: «ئایا کارێکی باشە لەبەر ڕووەکەکە تووڕە بیت؟»

ئەویش گوتی: «بەڵێ، من ڕاستم. هەتا ئاستی مردن تووڕەم.»

10یەزدانیش فەرمووی: «تۆ دڵت بە ڕووەکەکە سووتا کە پێوەی ماندوو نەبوویت و بەخێوت نەکردووە، بە یەک شەو بوو، هەر بە یەک شەویش لەناوچوو. 11ئەی باشە نەینەوا، ئەو شارە مەزنە کە زیاد لە سەد و بیست هەزار کەسی تێدایە، ڕاستیان لە چەپیان جیا ناکەنەوە، هەروەها ئەو هەموو ئاژەڵە زۆرەش کە تێیدایە، دڵم پێیان نەسووتێت؟»