کردار 26 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

کردار 26:1-32

بەرگری پۆڵس لەلای ئەگریپاس

1ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «ڕێگات دراوەتێ باسی خۆت بکەیت.» ئینجا پۆڵس دەستی درێژکرد و بەرگری کرد: 2«شا ئەگریپاس، خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەبەردەم تۆ بەرگری لە خۆم بکەم، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی جولەکە منیان پێ تۆمەتبار کردووە، 3بە تایبەتی تۆ لە هەموو نەریت و کێشەی جولەکە شارەزایت، بۆیە لێت دەپاڕێمەوە بە ئارامی گوێم لێ بگریت.

4«هەموو جولەکەکان بە باشی دەزانن کە ژیانی لاویەتیم چۆن بووە، هەر لە سەرەتای ژیانمەوە کە لەنێو گەلەکەم26‏:4 مەبەستی ئەوەیە کاتێک لە کیلیکیا بووە‏ و لە ئۆرشەلیمدا بووم. 5ئەوان لەمێژە دەمناسن و ئەگەر بیانەوێت دەتوانن شایەتی بدەن کە وەک فەریسی ژیاوم، توندترین ڕێبازی ئایینەکەمان. 6ئێستاش حوکم دەدرێم لەبەر ئەوەی هیوام بەو بەڵێنە هەیە کە خودا بە باوباپیرانمانی داوە. 7ئەمە ئەو بەڵێنەیە کە دوازدە هۆزەکەمان شەو و ڕۆژ بە هیوای هاتنەدی، بە پەرۆشەوە خواپەرستی دەکەن. ئەی پاشا، لەبەر ئەم هیوایە جولەکە تۆمەتبارم دەکەن. 8بۆچی ئێوە باوەڕ ناکەن کە خودا مردووان هەڵدەستێنێتەوە؟

9«لە ڕاستیدا خۆم پێم وابوو کە پێویستە زۆر شت لە دژی ناوی عیسای ناسیرەیی بکەم. 10لە ئۆرشەلیم ئەوەم کرد، دەسەڵاتم لە کاهینانی باڵا وەرگرت و زۆر کەسم لە گەلی پیرۆزی خودا خستە زیندانەوە، بۆ کوشتنیان دەنگم دەدا. 11لە هەموو کەنیشتەکان زۆر جار سزام دەدان تاکو ناچاریان بکەم کفر بکەن. ئەوەندە ڕقم لێیان بوو تەنانەت لە شارەکانی دەرەوەش دەمچەوساندنەوە.

12«جارێکیان بە دەسەڵات و مۆڵەتی کاهینانی باڵا دەچوومە دیمەشق. 13جا ئەی پاشا، لە نیوەڕۆدا بە ڕێگاوە ڕووناکییەکم لە ئاسمانەوە بینی، درەوشاوەتر لە تیشکدانەوەی ڕۆژ، دەوروبەری من و هاوڕێیانمی ڕووناک کردەوە. 14هەموومان کەوتینە سەر زەوی. ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو بە زمانی عیبری پێی فەرمووم: ”شاول، شاول، بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟ بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی26‏:14 پەندێکی یۆنانییە بۆ بەرهەڵستیکردنی بێ سوود بەکاردێت.‏.“

15«منیش گوتم: ”تۆ کێیت گەورەم؟“

«مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: ”من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. 16بەڵام هەستە و لەسەر پێیەکانت ڕابوەستە. لەبەر ئەوە بۆت دەرکەوتم، کە وەک خزمەتکار و شایەت هەڵتبژێرم بۆ ئەوەی بینیت و ئەوەی تێیدا بۆت دەردەکەوم. 17ڕزگارت دەکەم لە گەلەکەت و لەو ناجولەکانەی تۆیان بۆ دەنێرم 18تاکو چاویان بکەیتەوە، تاکو لە تاریکی بگەڕێنەوە بۆ ڕووناکی، لە دەسەڵاتی شەیتان بۆ خودا، ئەوسا لێخۆشبوونی گوناه وەردەگرن و لەگەڵ ئەوانەی بە باوەڕیان بە من پیرۆزکراون بەشیان دەبێت.“

19«ئەی شا ئەگریپاس، لەو کاتە بەلاوە سەرپێچی بینینی ئاسمانیم نەکردووە. 20یەکەم جار بۆ دانیشتووانی دیمەشق، پاشان ئۆرشەلیم و هەموو ناوچەکانی یەهودیا و دواتر بە ناجولەکەکانم ڕاگەیاند، کە تۆبە بکەن و بۆ لای خودا بگەڕێنەوە و لە ڕێگەی هەڵسوکەوتیانەوە تۆبەکردنەکەیان دەربخەن. 21لەبەر ئەمە جولەکەکان لە حەوشەکانی پەرستگادا منیان گرت و هەوڵیان دا بمکوژن. 22بەڵام هەتا ئەمڕۆش خودا یارمەتی داوم، بۆیە وەستاوم و شایەتی بۆ گەورە و بچووک دەدەم. هیچ ناڵێم جگە لەوەی کە پێغەمبەران و موسا لەبارەی ئەوەی خەریکە ڕوودەدات گوتوویانە، 23کە مەسیحەکە ئازار بچێژێت و یەکەمی هەستانەوەی مردووان بێت و ڕووناکی بۆ گەلەکەی و نەتەوەکان ڕابگەیەنێت.»

24کاتێک پۆڵس بەم قسانە بەرگری لە خۆی دەکرد، فێستۆس هاواری کرد: «پۆڵس شێت بوویت! ئەوەندەت خوێندووەتەوە کە شێت بوویت.»

25پۆڵس گوتی: «فێستۆسی پایەبەرز، شێت نیم، بەڵام قسەی ڕاست و شیاو دەکەم. 26ئەم پاشایەی ئازادانە قسەی لەگەڵ دەکەم، ئەم شتانە دەزانێت، دڵنیام هیچ لەمانە لەلای شاراوە نییە، چونکە ئەم کارانە لە سووچێک نەکراون. 27ئەگریپاسی پاشا، باوەڕت بە پێغەمبەران هەیە؟ دەزانم باوەڕت هەیە.»

28ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «دەتەوێت بەم کاتە کەمە قەناعەتم پێ بهێنی ببمە مەسیحی؟»

29پۆڵس گوتی: «کاتی کەم یان زۆر، لە خودا دەپاڕێمەوە نەک تەنها تۆ، بەڵکو هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ گوێم لێ دەگرن وەک منتان لێ بێت، بەڵام بێ ئەم زنجیرانە.»

30جا پاشا و فەرمانڕەوا و بەرنیکی و ئامادەبووان هەستان، 31دەڕۆیشتن و بە یەکتریان دەگوت: «ئەم پیاوە شتێکی نەکردووە شایانی سزای مردن یان گرتن بێت.»

32ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «ئەگەر ئەم پیاوە داواکارییەکەی نەدابووایە قەیسەر، دەکرا ئازاد بکرایە.»