ژیرمەندی 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ژیرمەندی 1:1-18

هەرچی هەیە بێ واتایە

1وتەکانی وتاربێژی ژیرمەند، کوڕی داود، پاشا لە ئۆرشەلیم:

2وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت:

«بێ واتایە! بێ واتایە!

بێ واتا، هەر بێ واتایە!

هەرچی هەیە بێ واتایە.»

3مرۆڤ لە هەموو ماندووبوونەکەی چی بۆ دەمێنێتەوە،

کە لەسەر زەوی1‏:3 لە عیبری نووسراوە لەژێر خۆردا، بەڵام مەبەست لەسەر زەوییە نەک لەبەر گەرمای هەتاو.‏ پێوەی ماندوو دەبێت؟

4نەوەیەک دێت و نەوەیەک دەڕوات،

بەڵام زەوی هەتاهەتایە هەر هەیە.

5خۆر هەڵدێت و خۆرئاوا دەبێت،

بە پەلەیە بۆ شوێنەکەی لەوێوە هەڵدێت.

6با هەڵدەکات بەرەو باشوور و

دەسووڕێتەوە بەرەو باکوور،

دەسووڕێتەوە و دەسووڕێتەوە،

هەمیشە بۆ خولگەکەی خۆی دەگەڕێتەوە.

7هەرچەندە هەموو ڕووبارەکان بەرەو دەریا دەچن،

بەڵام دەریا هەر پڕ نابێت.

ڕووبارەکان بۆ شوێنەکەی خۆیان دەچنەوە،

بۆ ئەوێ دەڕۆن و دەگەڕێنەوە.

8هەموو شتەکان ماندووکەرن،

مرۆڤ ناتوانێت دەریانببڕێت.

چاو لە سەیرکردن تێر نابێت و

گوێ لە بیستن پڕ نابێت.

9ئەوەی بووە هەر ئەو دەبێت،

ئەوەی کراوە هەر ئەو دەکرێت،

هیچی نوێ لەسەر زەوی نییە.

10هیچ شتێک نییە کە بگوترێت:

«سەیر بکە، ئەمە نوێیە!»

لە دێرزەمانەوە هەر بووە،

لە سەردەمانی پێش ئێمەوە.

11کەس یادی نەوەکانی پێشوو ناکاتەوە،

تەنانەت نەوەکانی داهاتووش

نایەنەوە یادی

ئەوانەی کە لەپاش ئەوان دێن.

دانایی بێ واتایە

12من کە وتاربێژی ژیرمەندم، پاشای ئیسرائیل بووم لە ئۆرشەلیم. 13لە ڕێگای داناییەوە خۆمم تەرخان کرد بۆ فێربوون و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هەموو ئەو کارانەی کە لەسەر زەوی کراون. بارێکی گرانە کە خودا لەسەر شانی مرۆڤی داناوە! 14ڕوانیمە هەموو کردارەکان کە لەسەر زەویدا کراون و ئەوەتا هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە.

15خوار ناتوانرێت ڕاست بکرێتەوە و

ونبوو ناتوانرێت بژمێردرێت.

16لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئەوەتا من مەزن بووم، داناییم زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لەسەر تەختی ئۆرشەلیم بوون و دڵم دانایی و زانینی زۆری بینی.» 17ئینجا خۆمم تەرخان کرد بۆ تێگەیشتن لە دانایی، هەروەها شێتی و گێلی، ئەو کاتە بۆم دەرکەوت ئەمەش بە هەمان شێوە گڤەی بایە،

18چونکە لە زۆری دانایی، پەستی زۆر دەبێت و

ئەوەی زانینی زیاتر بێت خەمی زیاد دەبێت.