پەیدابوون 47 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 47:1-31

1یوسف چوو و بە فیرعەونی گوت: «باوکم و براکانم، بە ڕانە مەڕ و مانگایان و هەرچی هەیانە، لە خاکی کەنعانەوە هاتوون، ئێستا ئەوان لە خاکی گۆشەنن.» 2لەنێو براکانی پێنج پیاوی برد و لەبەردەم فیرعەون ڕایگرتن.

3فیرعەونیش لە براکانی پرسی: «کارتان چییە؟»

ئەوانیش بە فیرعەونیان گوت: «خزمەتکارانت شوانی مەڕن، خۆشمان و باوباپیرانیشمان.» 4هەروەها بە فیرعەونیان گوت: «هاتووین بۆ ئەوەی ماوەیەک لەم خاکە نیشتەجێ بین، چونکە لەوەڕگا نەماوە بۆ مەڕەکانی خزمەتکارانت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە لە خاکی کەنعان سەختە، ئێستاش ڕێگا بدە با خزمەتکارانت لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن.»

5فیرعەون لەگەڵ یوسف قسەی کرد و پێی گوت: «باوکت و براکانت هاتوون بۆ لای تۆ. 6خاکی میسر لەبەردەمتە، باوکت و براکانت لە باشترین خاک نیشتەجێ بکە. با لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن. ئەگەر زانیشت لەنێویان کەسانی بە توانا هەیە، ئەوا بیانکە بە سەرکاری ئەو ماڵاتەی هی خۆمن.»

7ئینجا یوسف یاقوبی باوکی هێنایە ژوورەوە و بە فیرعەونی ناساند. یاقوبیش داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد. 8فیرعەون بە یاقوبی گوت: «تەمەنت چەند ساڵە؟»

9یاقوبیش بە فیرعەونی گوت: «سەد و سی ساڵە گەڕۆکم. تەمەنم کەم و سەخت بووە، هێشتا تەمەنم تەمەنی گەڕۆکی باوباپیرانمی تێنەپەڕاندووە.» 10ئیتر یاقوب داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد و لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.

11ئینجا یوسف بەپێی فەرمانی فیرعەون باوکی و براکانی لە خاکی میسر نیشتەجێ کرد و لە باشترین زەوی لە خاکی میسر، کە دەکاتە خاکی ڕەعمسێس، موڵکی پێدان. 12هەروەها یوسف خۆراکی بۆ باوک و براکانی و هەموو ماڵی باوکیشی بەپێی ژمارەی منداڵەکانیان دابین کرد.

یوسف و برسیێتییەکە

13لە هەموو خاکەکەدا نان نەبوو، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر سەخت بوو. خاکی میسر و کەنعان بەهۆی قاتوقڕییەکەوە لە کەڵک کەوتبوون. 14یوسف هەموو ئەو زیوەی کۆکردەوە کە خەڵکی میسر و کەنعان گەنمیان پێ دەکڕی. ئینجا زیوەکەی هێنایە ماڵی فیرعەون. 15کاتێک کە زیو لە خاکی میسر و لە خاکی کەنعان نەما، هەموو میسرییەکان هاتنە لای یوسف و گوتیان: «نانمان بۆ پێبدە! بۆچی لەبەردەمت بمرین؟ زیوەکان تەواو بوو.»

16یوسفیش پێی گوتن: «ئەگەر زیو تەواو بووە، ماڵاتەکانتان بهێنن. لە جیاتی ماڵاتەکانتان، نانتان دەدەمێ.» 17ئینجا ماڵاتەکانیان بۆ یوسف هێنا. ئەویش لە بەرامبەر ئەسپ، مەڕ، بزن، چێڵ و گوێدرێژەکانیان نانی پێدان. ئیتر بە درێژایی ئەو ساڵە لە بەرامبەر هەموو ماڵاتەکانیان نانی دان.

18کە ئەو ساڵە تەواو بوو، بۆ ساڵی دووەم هاتنەوە بۆ لای و پێیان گوت: «لە گەورەمانی ناشارینەوە زیوەکانمان تەواو بوون، ماڵاتەکانیشمان لەلای گەورەمانە، ئیتر هیچ لەپێش گەورەمان نەماوە تەنها لەشمان و زەوییەکەمان نەبێت. 19بۆچی خۆمان و زەوییەکەشمان لەپێش چاوت بمرین؟ بە نان خۆمان و زەوییەکەمان بکڕە، ئیتر خۆمان و زەوییەکەشمان دەبینە کۆیلەی فیرعەون. تۆویشمان بدەرێ بۆ ئەوەی بژین و نەمرین، با زەوییەکەشمان نەبێتە چۆڵەوانی.»

20یوسفیش هەموو خاکی میسری بۆ فیرعەون کڕی. خەڵکی میسر تەواوی کێڵگەکانیان فرۆشت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە زۆر سەخت بوو لەسەریان. ئیتر خاکەکە بووە هی فیرعەون. 21یوسف خەڵکەکەشی لەم سەری میسرەوە هەتا ئەو سەری کردە کۆیلە. 22تەنها زەوی کاهینەکانی نەکڕی، چونکە کاهینەکان لەلایەن فیرعەونەوە بەشە خۆراکیان هەبوو، ئیتر بەشە خۆراکەکەی خۆیان دەخوارد کە فیرعەون دەیدانێ. لەبەر ئەوە زەوییەکەی خۆیان نەفرۆشت.

23ئینجا یوسف بە خەڵکەکەی گوت: «ئێستا کە خۆتان و زەوییەکەتانم بۆ فیرعەون کڕیوە، ئەوە تۆو، بڕۆن و لە زەوی بیچێنن. 24بەڵام لە کاتی خەرماندا پێنج یەکی خەرمانەکەتان دەدەنە فیرعەون. چوار بەشەکەی دیکە بۆ خۆتان دەبێت، بۆ بنەتۆ47‏:24 واتا تۆوی چاندن.‏ و بۆ خۆراکی خۆتان و ئەوانەی لە ماڵەکانتانن و بۆ خۆراکی منداڵەکانتان.»

25ئەوانیش گوتیان: «تۆ ئێمەت بە زیندوویی هێشتەوە. ئەگەر گەورەمان لێمان ڕازی بێت، ئێمە کۆیلەی فیرعەونین.»

26ئیتر یوسف ئەمەی لەسەر خاکی میسر کردە یاسا، کە هەتا ئەمڕۆش پێنج یەکی بەرهەمی کشتوکاڵ بۆ فیرعەونە. ئەم یاسایە تەنها زەوی کاهینەکانی نەگرتەوە، چونکە نەبووە هی فیرعەون.

27نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ بوون. لەوێ بوونە خاوەن موڵک و گەشەیان کرد، زۆریش زیادیان کرد.

28یاقوب حەڤدە ساڵ لە خاکی میسر ژیانی بردە سەر. هەموو تەمەنی یاقوب بووە سەد و چل و حەوت ساڵ. 29کە کاتی مردنی ئیسرائیل نزیک بووەوە، یوسفی کوڕی بانگکرد و پێی گوت: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم ئەوا دەستت بخەرە ژێر ڕانمەوە و چاکە و وەفاداریم لەگەڵ بکە، لە میسر مەمنێژە، 30بەڵکو کاتێک لەگەڵ باوباپیرانم ڕادەکشێم، لە میسرەوە هەڵمبگرە و لە گۆڕستانی ئەواندا بمنێژە.»

ئەمیش گوتی: «داواکارییەکەت جێبەجێ دەکەم.»

31ئەویش پێی گوت: «سوێندم بۆ بخۆ.» یوسفیش سوێندی بۆ خوارد. ئیسرائیلیش لەسەر قەرەوێڵەکەی کڕنۆشی برد.