پەیدابوون 45 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 45:1-28

خۆدەرخستنی یوسف

1ئیتر یوسف نەیتوانی خۆی ڕابگرێت لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون، هاواری کرد: «هەمووان لەلام بڕۆنە دەرەوە!» ئیتر کەسی لێ نەمابوو کاتێک خۆی بە براکانی ناساند. 2بە دەنگێکی وا بەرز گریا کە میسرییەکان گوێیان لێبوو، ماڵی فیرعەونیش ئەمەی بیست.

3یوسف بە براکانی گوت: «من یوسفم. ئایا باوکم هێشتا ماوە؟»

بەڵام براکانی نەیانتوانی وەڵامی بدەنەوە، چونکە لە یوسف تۆقیبوون.

4ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «لێم وەرنە پێشەوە.» ئەوانیش هاتنە پێشەوە، ئەمیش گوتی: «من یوسفی براتانم کە بە میسرتان فرۆشت. 5ئێستاش نە نیگەران بن و نە لۆمەی خۆتان بکەن کە منتان بە ئێرە فرۆشتووە، چونکە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی بوو کە خودا منی پێش ئێوە نارد. 6ئەمە دوو ساڵە لە خاکەکە قاتوقڕی هەیە، بۆ پێنج ساڵی دیکەش نە کێڵان دەبێت و نە دروێنە. 7بەڵام خودا منی پێش ئێوە نارد بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژتان لە زەوی، بۆ ژیان بۆتان، بۆ دەربازبوونێکی مەزن.

8«ئێستاش ئێوە نین کە منتان بۆ ئێرە نارد، بەڵکو خودایە منی کردووەتە باوک بۆ فیرعەون و گەورەی هەموو ماڵەکەی و فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسر. 9پەلە بکەن و بڕۆنە لای باوکم و پێی بڵێن: ”یوسفی کوڕت دەڵێت خودا منی کردووە بە گەورەی هەموو میسر. بەرەو خوار وەرە بۆ لام و ڕامەوەستە. 10لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ دەبیت و لە من نزیک دەبیت، خۆت و کوڕەکانت و کوڕی کوڕەکانت و ڕانە مەڕەکەت و گاگەلەکەت و هەرچییەکت هەیە. 11لەوێ خۆم بەخێوت دەکەم، چونکە قاتوقڕییەکە هێشتا پێنج ساڵی ماوە. ئەگینا خۆت و ماڵەکەت و هەرچیشت هەیە هەژار دەبن.“

12«وا بە چاوی خۆتان دەبینن و بنیامینی براشم دەمبینێت کە بەڕاستی ئەوە منم قسەتان لەگەڵ دەکەم. 13بە باوکم ڕابگەیەنن کە من لە میسر خاوەنی چ شکۆ و دەسەڵاتێکم، هەروەها باسی هەموو ئەو شتانەشی بۆ بکەن کە بینیوتانە. بە پەلەش باوکم بۆ ئێرە بهێنن.»

14ئینجا باوەشی بە بنیامیندا کرد و گریا. بنیامینیش ئەوی لە ئامێز گرت و گریا. 15ئینجا هەموو براکانی ماچکرد و لەگەڵیان گریا. لەدوای ئەوە براکانی قسەیان لەگەڵی کرد.

16کاتێک ماڵی فیرعەون هەواڵی هاتنی براکانی یوسفیان بیست، فیرعەون و دەستوپێوەندەکەی دڵخۆش بوون. 17فیرعەون بە یوسفی گوت: «بە براکانت بڵێ: ”ئەمە بکەن: وڵاخەکانتان بار بکەن و بڕۆن بۆ خاکی کەنعان. 18باوکتان و خانەوادەکانتان هەڵبگرن و وەرن بۆ لای من. منیش باشترین خاکی میسرتان دەدەمێ و دەتوانن لە پیت و فەڕی زەوییەکە بخۆن.“

19«هەروەها فەرمانت پێکراوە کە پێیان بڵێی، ”ئەمە بکەن: لە خاکی میسرەوە عەرەبانە ببەن بۆ ژن و منداڵەکانتان، باوکیشتان سەربخەن و وەرن. 20با چاویشتان لەدوای کەلوپەلەکانتان نەبێت، چونکە چاکی هەموو خاکی میسر بۆ ئێوە دەبێت.“»

21کوڕەکانی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد. یوسفیش لەسەر فەرمانی فیرعەون، عەرەبانەی پێ دان، هەروەها ئازووقەشی بۆ ڕێگا پێ دان. 22قاتێک جلی بە هەریەکەیان دا، بەڵام سێ سەد شاقل زیو45‏:22 نزیکەی 5,3 کیلۆگرام.‏ و پێنج قات جلی بە بنیامین دا. 23ئەمانەشی بۆ باوکی نارد: دە گوێدرێژی بارکراو لە خێروبێری میسر، لەگەڵ دە ماکەری بارکراو لە گەنم و نان و خۆراک بۆ گەشتەکەی باوکی. 24ئینجا براکانی بەڕێ کرد و پێش ڕۆیشتنیان پێی گوتن: «لە ڕێگا بەگژ یەکدا مەچن!»

25ئەوانیش لە میسرەوە چوون و هاتنەوە خاکی کەنعان بۆ لای یاقوبی باوکیان. 26پێیان ڕاگەیاند و گوتیان: «یوسف هێشتا زیندووە، خۆی فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسرە!» یاقوبیش بوورایەوە، چونکە بڕوای پێ نەکردن. 27بەڵام کاتێک هەموو ئەو قسانەی یوسفیان پێ گوت کە پێی گوتبوون، هەروەها چاویشی بەو عەرەبانانە کەوت کە یوسف ناردبوونی بۆ ئەوەی بیهێننە میسر، ڕۆحی یاقوبی باوکیان ژیایەوە. 28ئیسرائیل گوتی: «بەسە! یوسفی کوڕم هێشتا ماوە، دەچم و پێش ئەوەی بمرم دەیبینم.»