پەیدابوون 39 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 39:1-23

یوسف و ژنی پۆتی‌فەر

1یوسف بەرەو خوار بردرا بۆ میسر. لەوێ پیاوێکی میسری بە ناوی پۆتی‌فەر کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکانی بوو، لە ئیسماعیلییەکانی کڕی کە هێنابوویان بۆ میسر.

2یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، بۆیە بووە پیاوێکی سەرکەوتوو. ئەو لە ماڵی گەورە میسرییەکەیدا دەژیا. 3کاتێک گەورەکەی بینی کە یەزدانی لەگەڵدایە و دەست بداتە هەر کارێکیش یەزدان سەرکەوتووی دەکات، 4یوسف لەبەرچاوی پەسەند بوو و خزمەتی کرد. پۆتی‌فەریش کردی بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچییەکی هەبوو دایە دەست ئەم. 5ئیتر لەو کاتەوە کە ئەمی کرد بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچی کە هەیبوو، یەزدان لەبەر یوسف ماڵی ئەو میسرییەی بەرەکەتدار کرد. بەرەکەتەکەی یەزدانیش بۆ هەموو ئەو شتانە بوو کە هی پۆتی‌فەر بوو، چ لەناو ماڵەکەی و چ لە دەشتودەر. 6ئیتر هەرچییەکی هەبوو بۆ یوسفی بەجێهێشت، ئاگاداری هیچی خۆشی نەبوو، تەنها ئەو نانە نەبێت کە دەیخوارد.

یوسفیش ڕوخسار جوان و بەژن ڕێک بوو. 7دوای ماوەیەک ژنی گەورەکەی چاوی بڕییە یوسف و پێی گوت: «وەرە سەرجێییم لەگەڵ بکە.»

8بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە و بە ژنی گەورەکەی گوت: «تەماشا بکە، گەورەم ئاگای لە هیچ شتێکی ماڵەکەی نییە، هەرچییەکیشی هەیە بە منی سپاردووە. 9کەسیش لە ماڵەکەدا لە من گەورەتر نییە. هیچیشی لێ قەدەغە نەکردووم، تەنها تۆ نەبێت، چونکە تۆ ژنی ئەویت. ئیتر چۆن دەبێت بەدکارییەکی ئاوا گەورە بکەم و گوناه بەرامبەر بە خودا بکەم؟» 10هەرچەندە ڕۆژانە ئەم داوایەی لە یوسف دەکرد، بەڵام ئەو ڕەتی دەکردەوە کە لەگەڵی سەرجێیی بکات یان لەگەڵی بێت.

11ڕۆژێکیان یوسف بۆ ئەنجامدانی کارەکانی هاتە ناو ماڵەکە، لەکاتێکدا هیچ کام لە خزمەتکاران لە ماڵ نەبوون. 12ژنەکە کەواکەی یوسفی گرت و گوتی: «سەرجێییم لەگەڵ بکە!» بەڵام یوسف کەواکەی لە دەستی ئەو بەجێهێشت و هەڵات و چووە دەرەوە.

13کە بینی وا کەواکەی لە دەستی ئەم بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە، 14بانگی کەسانی ماڵەکەی کرد و پێی گوتن: «سەیر بکەن، پیاوێکی عیبرانی بۆ هێناوین دەستبازیمان لەگەڵ بکات. بۆم هاتووەتە ژوورەوە هەتا لاقەم بکات، بەڵام من بە دەنگی بەرز قیژاندم. 15ئیتر کە گوێی لێبوو دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵات و چووە دەرەوە.»

16کەواکەی ئەوی لەلای خۆی دانا هەتا گەورەکەی گەڕایەوە ماڵەوە. 17ئیتر هەمان قسەی بۆ ئەویش گێڕایەوە و پێی گوت: «ئەو خزمەتکارە عیبرانییەی کە تۆ بۆت هێناین، بۆم هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی دەستبازیم لەگەڵ بکات. 18بەڵام کە دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە.»

19کاتێک گەورەکەی ئەو قسەیەی لە ژنەکەی خۆی بیست کە پێی گوت: «خزمەتکارەکەت ئاوای پێکردم،» تووڕەیی جۆشا. 20ئینجا گەورەکەی یوسفی هێنا و خستییە زیندانەوە، ئەو شوێنەی زیندانییەکانی پاشای لێ بەند کرابوون.

ئیتر لەوێ لە زیندان مایەوە. 21بەڵام یەزدان لەگەڵ یوسف بوو و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی بەسەردا کێشا و لەبەرچاو کارگێڕی زیندانەکە پەسەندی کرد. 22ئیتر کارگێڕی زیندانەکە هەموو ئەو زیندانییانەی خستە ژێر دەستی یوسف کە لە زیندانەکەدا بوون، کردیشی بە لێپرسراوی هەموو کارەکانی ئەوێ. 23کارگێڕی زیندانەکەش سەیری هیچ شتێکی نەدەکرد کە بە دەست یوسف بووایە، چونکە یەزدان لەگەڵ یوسف بوو و هەموو کارەکانیشی سەردەخست.