پەیدابوون 33 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 33:1-20

دیداری یاقوب و عیسۆ

1یاقوب چاوی هەڵبڕی و بینی وا عیسۆ و چوار سەد پیاو دێن، ئیتر منداڵەکانی بەسەر لێئە و ڕاحێل و هەردوو کەنیزەکەیدا دابەش کرد. 2هەردوو کەنیزەکەی و منداڵەکانیانی خستە پێشەوە، ئینجا لێئە و منداڵەکانی لە پشتیانەوە، ڕاحێل و یوسفیشی خستە دواوە. 3خۆیشی پێشیان کەوت و هەتا لە براکەی نزیک بووەوە حەوت جار کڕنۆشی برد.

4بەڵام عیسۆ بە ڕاکردن بەرەو ڕووی یاقوب هات و باوەشی پێداکرد، ماچی کرد و پێکەوە گریان. 5ئینجا عیسۆ سەری هەڵبڕی و چاوی بە ژن و منداڵەکان کەوت، پرسی: «ئەمانە چی تۆن؟»

یاقوبیش گوتی: «ئەو منداڵانەن کە نیعمەتی خودان بۆ خزمەتکارەکەت.»

6ئیتر هەردوو کەنیزەکە و منداڵەکانیان هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، 7دوای ئەوان لێئە و منداڵەکانی هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، پاشان یوسف و ڕاحێلیش هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد.

8عیسۆ لە یاقوبی پرسی: «ئەو هەموو مەڕوماڵاتەی پێم گەیشتن بۆ چیت بوو؟»

ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لەبەرچاوت پەسەند بم، گەورەم.»

9بەڵام عیسۆ گوتی: «برام من زۆرم هەیە، ئەوەی هەتە بۆ خۆتی هەڵبگرە.»

10یاقوب گوتی: «نەخێر، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، ئەوا دیارییەکەم لێ وەربگرە. ئێستا کە لێم ڕازیت، بینینی ڕووی تۆ وەک بینینی ڕووی خودا وایە. 11دیارییەکەشم وەربگرە کە بۆت هێنراوە، خودا لەگەڵم میهرەبان بووە و هەموو شتێکم هەیە.» لەبەر ئەوەی یاقوب پێداگریی کرد، عیسۆ دیارییەکانی قبوڵ کرد.

12ئینجا عیسۆ گوتی: «با بکەوینە ڕێ و بڕۆین، خۆشم پێشت دەکەوم.»

13بەڵام یاقوب پێی گوت: «گەورەی خۆم دەزانێت کە منداڵەکان ناسکن، ئەو مەڕ و مانگایانەشم کە پێیە شیر دەدەنە بەچکەکانیان. ئەگەر بۆ یەک ڕۆژیش ئاژەڵەکان ماندوو بکەم، ئەوا هەموویان دەمرن. 14بۆیە با گەورەم پێش خزمەتکارەکەی بپەڕێتەوە، منیش بەپێی مەڕوماڵاتەکە و منداڵەکان لەسەرخۆ دەکەومە ڕێ، هەتا دەگەمە لای گەورەم لە سێعیر.»

15عیسۆش گوتی: «کەوابێت هەندێک لەو خەڵکەی لەگەڵمن لەلات بەجێدەهێڵم.»

یاقوبیش گوتی: «ئاخر چ پێویست دەکات؟ هەر ئەوەندەم بەسە جێی ڕەزامەندی گەورەم بم.»

16ئیتر هەر ئەو ڕۆژە عیسۆ بە ڕێی خۆیدا گەڕایەوە بۆ سێعیر. 17یاقوبیش کەوتە ڕێ بۆ سوکۆت. لەوێ خانووێکی بۆ خۆی بنیاد نا و سایەبانیشی بۆ مەڕوماڵات دروستکرد. هەر لەبەر ئەوەش ئەو شوێنە ناونرا سوکۆت33‏:17 سوکۆت واتا پەناگاکان.‏.

18دوای هاتنی لە پەدان ئارامەوە، یاقوب بە سەلامەتی گەیشتە شاری شەخەم کە لە خاکی کەنعانە. ئیتر لەبەردەم شارەکە چادری هەڵدا. 19ئەو پارچە زەوییەشی کە چادرەکەی تێدا هەڵدا، بە سەد پارچە زیو لە کوڕانی حەمۆری باوکی شەخەمی کڕی. 20هەر لەوێش قوربانگایەکی بنیاد نا و ناوی لێنا «ئێل ئێلۆهی ئیسرائیل33‏:20 بە واتای خودای ئیسرائیل خودایە.‏».