پەیدابوون 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 3:1-24

کەوتنی مرۆڤ

1مار لە هەموو ئاژەڵی کێوی سەر زەوی، ئەوانەی یەزدانی پەروەردگار دروستی کردبوون زۆرزانتر و تەڵەکەبازتر بوو. بە ئافرەتەکەی گوت: «ئایا ڕاستە خودا فەرموویەتی: ”بۆتان نییە لە هیچ درەختێکی باخچەکە بخۆن؟“»

2ئافرەتەکەش بە مارەکەی گوت: «بۆمان هەیە لە بەری درەختەکانی باخچەکە بخۆین، 3بەڵام خودا فەرمووی: ”بۆتان نییە لە بەری ئەو درەختە بخۆن، کە لە ناوەڕاستی باخچەکەیە، هەروەها بۆتان نییە دەستی لێ بدەن، ئەگینا دەمرن.“»

4مارەکە بە ئافرەتەکەی گوت: «نا بەڕاستی نامرن، 5چونکە خودا دەزانێت ئەو ڕۆژەی کە دەیخۆن چاوتان دەکرێتەوە و ئیتر وەک خوداتان لێدێت و چاکە و خراپە دەزانن.»

6کاتێک ئافرەتەکە بینی بەری درەختەکە بۆ خواردن باشە، چاو ئارەزووی دەکات و وای لێ دەکات دانا بێت، لە بەرەکەی کردەوە و خواردی، دایە مێردەکەشی کە لەگەڵی بوو، ئەویش خواردی. 7پاشان هەردووکیان چاویان کرایەوە و زانییان کە ڕووتن، ئیتر گەڵای هەنجیریان لێک دووری و پۆشاکیان بۆ خۆیان دروستکرد.

8ئینجا پیاوەکە و ژنەکەی گوێیان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگار بوو کە لە کاتی هەڵکردنی شنەبای ڕۆژدا لە باخچەکەدا هاتوچۆی دەکرد، ئەوانیش لەنێو درەختەکانی باخچەکە خۆیان لە یەزدانی پەروەردگاریان شاردەوە. 9بەڵام یەزدانی پەروەردگاریش پیاوەکەی بانگ کرد و فەرمووی: «لەکوێیت؟»

10ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە باخچەکە گوێم لە دەنگت بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕووت بووم، ترسام؛ ئیتر خۆمم شاردەوە.»

11ئەویش فەرمووی: «کێ بە تۆی گوت کە ڕووتیت؟ لەو درەختەت نەخواردبێت کە فەرمانم پێ کردبوویت لێی نەخۆیت؟»

12پیاوەکەش گوتی: «ئەو ئافرەتەی پێت دام لەگەڵم بێت، ئەو لە بەری ئەو درەختەی پێدام، منیش خواردم.»

13ئینجا یەزدانی پەروەردگار بە ئافرەتەکەی فەرموو: «ئەمە چییە تۆ کردووتە؟»

ئافرەتەکەش گوتی: «مارەکە فریوی دام و منیش خواردم.»

14یەزدانی پەروەردگار بە مارەکەی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەمەت کرد،

«تۆ لە هەموو ئاژەڵێکی ماڵی و کێوی

نەفرەتلێکراوتر دەبیت.

هەموو تەمەنیشت

لەسەر سکت دەخشێیت و

خۆڵ دەخۆیت.

15دوژمنایەتیش دەخەمە

نێوان تۆ و ئافرەتەکە،

نێوان نەوەی تۆ و نەوەی ئەوەوە.

نەوەی ئەو سەرت پان دەکاتەوە3‏:15 ئاماژەیەکە بۆ خاچی مەسیح کە دواتر هات دەسەڵاتی شەیتانی تێکدا.‏ و

تۆش پاژنەی پێی دەکوتیت.»

16بە ئافرەتەکەشی فەرموو:

«ئازاری سکپڕیت زۆر زیاتر دەکەم،

بە ژانەوە منداڵت دەبێت.

ئارەزووت بۆ پیاوەکەت دەبێت و

ئەویش بەسەرتدا زاڵ دەبێت.»

17ئینجا بە پیاوەکەشی فەرموو: «لەبەر ئەوەی تۆش گوێت لە ژنەکەت گرت و لەو درەختەت خوارد کە فەرمانم پێ کردبوویت، ”نابێت لێی بخۆیت،“

«ئەوا زەویش بەهۆی تۆوە نەفرەت لێکراوە.

بە ڕەنجکێشانیش

هەموو ڕۆژانی ژیانت لێی دەخۆیت.

18دڕکوداڵت بۆ بەرهەم دێنێت و

ڕووەکی کێڵگە دەخۆیت.

19بە ئارەقەی ناوچەوانت

نان دەخۆیت،

هەتا دەگەڕێیتەوە بۆ زەوی،

کە لێیەوە وەرگیراویت،

لەبەر ئەوەی تۆ خۆڵیت و

بۆ خۆڵیش دەگەڕێیتەوە.»

20ئادەم3‏:20 ئادەم: لە عیبریدا بە وشەی ها ئادام‏ هاتووە، واتا پیاوەکە.‏ ناوی ژنەکەی نا حەوا3‏:20 لە زمانی عیبری دەنگی وشەکە نزیکە لە وشەی زیندووی عیبری.‏، چونکە دەبێتە دایکی هەموو زیندووان.

21یەزدانی پەروەردگار بۆ ئادەم و ژنەکەی جلی لە پێست دروستکرد و لەبەری کردن. 22ئینجا یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «ئێستا مرۆڤ بووە بە یەکێکی وەک خۆمان، چاکە و خراپە دەزانێت، ئێستاش ڕێگەی پێ نادرێت دەستی درێژ بکات و لە درەختی ژیانیش بکاتەوە و بیخوات و بۆ هەتاهەتایە بژیێت.» 23ئیتر یەزدانی پەروەردگار لە باخچەی عەدەن دەریکرد، بۆ ئەوەی لەو زەوییە ئیش بکات کە لێوەی وەرگیراوە. 24دوای ئەوەی مرۆڤی دەرکرد، بۆ پاسەوانی ڕێگای درەختی ژیان لە دیوی ڕۆژهەڵاتی باخچەی عەدەن کەڕوبەکانی3‏:24 کەڕوبەکان: بە واتای فریشتەکان هاتووە.‏ دانا، لەگەڵ شمشێری گڕدار کە بە هەموو لایەکدا دەسووڕایەوە.