پەیدابوون 29 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 29:1-35

گەیشتنی یاقوب بۆ پەدان ئارام

1ئینجا یاقوب پێی هەڵگرت و بەرەو خاکی گەلانی ڕۆژهەڵات ڕۆیشت. 2بینی وا بیرێک لە دەشتودەرەکە هەیە و سێ ڕانە مەڕ لەوێ ڕاکشاون، چونکە شوانەکان لەو بیرەوە مەڕەکانیان ئاو دەدا. بەردێکی گەورەش لەسەر دەمی بیرەکە بوو. 3کاتێک هەموو مێگەلەکان لەوێ کۆدەبوونەوە، شوانەکان بەردی سەر دەمی بیرەکەیان گلۆر دەکردەوە و مەڕەکانیان ئاو دەدا. پاشان بەردەکەیان دەگەڕاندەوە سەر دەمی بیرەکە، بۆ شوێنی خۆی.

4یاقوب بانگی کردن: «برایان، ئێوە خەڵکی کوێن؟»

ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خەڵکی حەڕانین.»

5پێی گوتن: «لابانی کوڕەزای ناحۆر دەناسن؟»

گوتیان: «دەیناسین.»

6ئینجا یاقوب گوتی: «خۆ سەلامەتە؟»

گوتیان: «بەڵێ سەلامەتە، ئەوەش ڕاحێلی کچیەتی کە مەڕەکان بەرەو ئێرە دێنێت.»

7گوتی: «وا هێشتا ڕۆژ زۆری ماوە، کاتی کۆکردنەوەی مەڕەکان نییە. مەڕەکان ئاو بدەن و بڕۆنەوە بیانلەوەڕێنن.»

8ئەوانیش گوتیان: «ناتوانین، هەتا هەموو مەڕەکان کۆنەبنەوە و بەردی سەر دەمی بیرەکە تل نەدرێت. ئەو کاتە مەڕەکان ئاو دەدرێن.»

9هێشتا خەریکی قسەکردن بوو لەگەڵیان، ڕاحێل هات و مەڕەکانی باوکیشی لەگەڵ بوو، چونکە ڕاحێل شوان بوو. 10کاتێک یاقوب ڕاحێلی کچی لابانی خاڵی و مەڕەکانی لابانی خاڵی بینی، چووە پێشەوە و بەردی سەر بیرەکەی تل دا و مەڕەکانی ئاو دا. 11یاقوب ڕاحێلی ماچ کرد و دەنگی بەرز کردەوە و گریا. 12ئیتر یاقوب بە ڕاحێلی گوت کە ئەو خزمی باوکیەتی و کوڕی ڕڤقەیە. ئەویش ڕایکرد و بە باوکی ڕاگەیاند.

13هەرکە لابان ئەم هەواڵەی یاقوبی خوشکەزای بیست، بە ڕاکردن چوو بۆ دیدەنی. باوەشی پێدا کرد و ماچی کرد و هێنایە ماڵەکەی خۆی. ئینجا یاقوب باسی هەموو ئەو شتانەی بۆ لابان کرد کە ڕوویان دابوو. 14لابانیش پێی گوت: «تۆ لە گۆشت و خوێنی منیت.»

هاوسەرگیری یاقوب لەگەڵ لێئە و ڕاحێل

لەدوای ئەوەی یاقوب مانگێک لەلای مایەوە، 15لابان پێی گوت: «هەر لەبەر ئەوەی کەسی خۆمیت، ئایا ئیتر دەبێت بەخۆڕایی کارم بۆ بکەیت؟ پێم بڵێ دەبێت کرێیەکەت چی بێت؟»

16لابان دوو کچی هەبوو، گەورەکەیان ناوی لێئە بوو، بچووکەکەشیان ناوی ڕاحێل بوو. 17چاوەکانی لێئە کز بوون، بەڵام ڕاحێل ناسک و جوان بوو. 18یاقوب کە ڕاحێلی خۆشدەویست، گوتی: «حەوت ساڵ کارت بۆ دەکەم بەرامبەر ڕاحێلی کچە بچووکت.»

19لابانیش گوتی: «بیدەمە تۆ باشترە لەوەی بیدەمە پیاوێکی دیکە. لێرە لەلای خۆم بمێنەوە.» 20ئیتر یاقوب لەبەر ڕاحێل حەوت ساڵ کاری کرد، بەڵام لەبەر خۆشەویستییەکەی بەرامبەر بە ڕاحێل، لەلای ئەو وەک چەند ڕۆژێکی کەم وابوو.

21ئینجا یاقوب بە لابانی گوت: «ژنەکەم بدەرێ، چونکە ماوەکەم تەواو کرد، دەشمەوێت بیگوازمەوە.»

22لابانیش خەڵکی شوێنەکەی کۆکردەوە و ئاهەنگێکی ساز کرد. 23بەڵام کاتێک ئێوارە داهات، پەلی لێئەی کچی گرت و هێنای بۆ یاقوب. ئەویش سەرجێیی لەگەڵی کرد. 24هەروەها لابان زیلپەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی لێئەی کچی.

25کە ڕۆژ بووەوە، لێئە لەوێ بوو! یاقوبیش بە لابانی گوت: «ئەمە چییە بە منت کرد؟ مەگەر بۆ ڕاحێل نەبوو کە کارم بۆ کردیت؟ ئەی بۆچی فێڵت لێکردم؟»

26لابانیش گوتی: «ئەوە دابونەریتی ئێمە نییە کە کچە بچووکەکە پێش گەورەکە بە شوو بدەین. 27هەفتەی بووکێنی ئەم تەواو بکە، ئەوی دیکەشیانت بەرامبەر بە حەوت ساڵی دیکەی کارکردن دەدەینێ.»

28یاقوبیش بەم جۆرەی کرد. حەوت ڕۆژەکەی لەگەڵ لێئە تەواو کرد، لابانیش ڕاحێلی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. 29هەروەها لابان بیلهەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی ڕاحێلی کچی. 30یاقوب لەگەڵ ڕاحێلیش سەرجێیی کرد، ئەو ڕاحێلی لە لێئە زیاتر خۆشدەویست. حەوت ساڵی دیکەش کاری بۆ لابان کرد.

منداڵەکانی یاقوب

31کاتێک یەزدان بینی کە لێئە خۆشەویست نییە، توانای منداڵبوونی پێ بەخشی، بەڵام ڕاحێل نەزۆک بوو. 32لێئە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ڕەئوبێن29‏:32 ڕەئوبێن لە دەربڕینی «ئەوەتا، کوڕێک!» لە زمانی عیبری نزیکە.‏، لەبەر ئەوەی گوتی: «یەزدان نەگبەتی منی بەدی کردووە، بێگومان ئێستا مێردەکەم منی خۆشدەوێ.»

33دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی دیکەی بوو و گوتی: «یەزدان بیستوویەتی خۆشەویست نیم، بۆیە ئەمەشی پێدام.» ناوی لێنا شیمۆن29‏:33 شیمۆن بە واتای ئەوەی گوێ دەگرێت دێت.‏.

34جارێکی دیکەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «وا ئەم جارە ئیتر مێردەکەم پێمەوە پەیوەست دەبێت، چونکە سێ کوڕم بۆی بووە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا لێڤی29‏:34 وشەی لێڤی لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (پەیوەست)ی عیبری نزیکە.‏.

35دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «ئەم جارە ستایشی یەزدان دەکەم.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا یەهودا29‏:35 وشەی یەهودا لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (ستایش)ی عیبری نزیکە.‏. ئیتر لە سککردن وەستا.