پەیدابوون 27 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 27:1-46

یاقوب بەرەکەتی ئیسحاق وەردەگرێت

1کاتێک ئیسحاق پیر بوو و چاوەکانی نەیدەبینی، عیسۆی کوڕە گەورەی خۆی بانگکرد و پێی گوت: «کوڕی خۆم.»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.»

2ئیسحاق گوتی: «ئەوا پیر بووم و ڕۆژی مردنی خۆم نازانم. 3ئێستاش چەکەکەت و تیردانەکەت و کەوانەکەت هەڵبگرە و بڕۆ لە دەشتودەر نێچیرێکم بۆ ڕاو بکە. 4ئەو خواردنەی حەزم لێیەتی بۆم ئامادە بکە و بیهێنە تاکو بیخۆم، بۆ ئەوەی بەر لەوەی بمرم داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.»

5ڕڤقە گوێی لێبوو کاتێک ئیسحاق قسەی لەگەڵ عیسۆ دەکرد. ئینجا عیسۆ چوو بۆ دەشتودەر تاکو نێچیرێک ڕاو بکات و بیهێنێتەوە. 6ڕڤقە لەگەڵ یاقوبی کوڕی قسەی کرد و گوتی: «گوێم لە باوکت بوو قسەی لەگەڵ عیسۆی برات دەکرد و گوتی: 7”نێچیرێکم بۆ بهێنە و خواردنم بۆ ئامادە بکە، بەر لە مردنم دەیخۆم و لەبەردەم یەزدان داوای بەرەکەتت بۆ دەکەم.“ 8ئێستاش، کوڕی خۆم، باش گوێم لێ بگرە و ئەوە بکە کە پێت دەڵێم: 9بڕۆ لەلای مێگەلەکە دوو گیسکی ناسکم بۆ بهێنە، تاکو بەو جۆرە بۆ باوکتی ئامادە بکەم کە حەزی لێیەتی. 10ئینجا بۆ باوکتی دەبەیت و دەیخوات، بۆ ئەوەی بەر لە مردنی داوای بەرەکەتت بۆ بکات.»

11یاقوبیش بە ڕڤقەی دایکی گوت: «بەڵام عیسۆی برام پیاوێکی تووکنە و منیش پیاوێکی کۆسەم. 12ئەی ئەگەر باوکم دەستم لێ بدات؟ ئەو کاتە لەبەرچاوی دەبمە فێڵباز و ئیتر لە جێگەی بەرەکەت، نەفرەت بەسەر خۆمدا دەهێنم.»

13دایکیشی پێی گوت: «کوڕی خۆم، با نەفرەتەکەت لە من بکەوێت. تەنها گوێ لە من بگرە و بڕۆ بیانهێنە بۆم.»

14ئیتر ئەویش چوو کاریلەکانی گرت و هێنانی بۆ دایکی. دایکیشی خواردنی دروستکرد، بەو جۆرەی کە باوکی حەزی لێ دەکرد. 15ئینجا ڕڤقە جلوبەرگە باشەکەی عیسۆی کوڕە گەورەی هێنا، کە لە ماڵەوە لەلای خۆی بوو، لەبەر یاقوبی کوڕە بچووکی کرد. 16دەستەکانی و ئەو بەشەی ملی کە لووسە بە پێستی گیسکەکان دایپۆشی. 17ئینجا ئەو نان و خواردنەی کە دروستی کردبوون، دایە دەست یاقوبی کوڕی.

18یاقوب هاتە لای باوکی و گوتی: «باوکە.»

ئەویش گوتی: «ئەوەتام، تۆ کیێت کوڕم؟»

19یاقوبیش بە باوکی گوت: «من عیسۆی نۆبەرەتم. ئەوەی پێت گوتم کردم. هەستە، دابنیشە و لە ڕاوەکەم بخۆ، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»

20ئیسحاقیش بە کوڕەکەی گوت: «ئەوە چۆن وا خێرا پەیدات کرد، کوڕی خۆم؟»

ئەویش گوتی: «یەزدانی پەروەردگارت بۆی هێنام.»

21ئینجا ئیسحاق بە یاقوبی گوت: «وەرە پێشەوە با دەستت لێ بدەم، کوڕی خۆم، بۆ ئەوەی بزانم ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منیت یان نا.»

22یاقوبیش لە ئیسحاقی باوکی چووە پێشەوە، ئەویش دەستی لێدا و گوتی: «دەنگەکە دەنگی یاقوبە، بەڵام دەستەکان دەستی عیسۆن.» 23ئیتر نەیناسییەوە، چونکە دەستەکانی وەک دەستەکانی عیسۆی برای تووکن بوون، کاتێک کە ویستی داوای بەرەکەتی بۆ بکات، 24پێی گوت: «ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منی؟»

ئەویش گوتی: «منم.»

25ئینجا گوتی: «بیهێنە پێشم با لە ڕاوی کوڕەکەم بخۆم، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.»

ئیتر یاقوب هێنایە پێشی و خواردی، ئینجا شەرابی بۆ هێنا و خواردیەوە. 26ئیسحاقی باوکی پێی گوت: «وەرە پێشەوە و ماچم بکە، کوڕی خۆم.»

27ئەویش چووە پێشەوە و ماچی کرد. ئیتر ئیسحاق بۆنی جلەکانی کرد، داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی:

«بڕوانە، بۆنی کوڕەکەم

وەک بۆنی دەشتودەرە

کە یەزدان بەرەکەتداری کردووە.

28با خودا لە شەونمی ئاسمان و

لە چەوری زەویت بداتێ،

هەروەها دانەوێڵەی زۆر و شەرابی نوێ.

29با گەلان ببنە خزمەتکارت،

نەتەوەکانیش کڕنۆشت بۆ ببەن.

ببە بە سەروەری براکانت،

کوڕانی دایکت کڕنۆشت بۆ ببەن.

با ئەوانەی نەفرەتت لێ دەکەن نەفرەت لێکراو بن و

ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتدار دەبن.»

30پاش ئەوەی ئیسحاق لە داواکردنی بەرەکەت بووەوە بۆ یاقوب، یاقوب لەلای ئیسحاقی باوکی چووە دەرەوە، عیسۆی برای لە ڕاوەکەی هاتەوە. 31ئەویش خواردنی ئامادە کرد و بردیە ژوورەوە بۆ باوکی و پێی گوت: «باوکە، هەستە لە ڕاوی کوڕەکەت بخۆ، تاکو داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»

32ئیسحاقی باوکیشی پێی گوت: «تۆ کێیت؟»

ئەویش گوتی: «من کوڕە نۆبەرەکەی خۆتم، عیسۆ.»

33ئیتر ئیسحاق زۆر توند لەرزی و گوتی: «ئەی کێ بوو ئەوەی کە نێچیرێکی ڕاوکردبوو و بۆی هێنام؟ منیش لە هەموویم خوارد، پێش ئەوەی تۆ بێیت داوای بەرەکەتیشم بۆ کرد، هەروەها بەرەکەتداریش دەبێت.»

34عیسۆ کە قسەکانی باوکی بیست، بە دەنگێکی زۆر بەرز و بە خەمبارییەوە هاواری کرد و بە باوکی گوت: «باوکە، دە داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە!»

35بەڵام ئیسحاق گوتی: «ئاخر براکەت بە فێڵبازی هات و بەرەکەتی تۆی برد.»

36عیسۆ گوتی: «ئایا لە جێی خۆیدا نییە کە ناونراوە ”یاقوب“27‏:36 یاقوب واتا پاژنە دەگرێت، واتایەکی مەجازییە واتا هەڵدەخەڵەتێنێت. بڕوانە 25‏:26.‏؟ ئەوە دوو جارە فێڵم لێ دەکات، نۆبەرایەتییەکەی منی برد، وا ئێستاش بەرەکەتەکەی منی برد.» ئینجا گوتی: «ئەی هیچ بەرەکەتێکت بۆ من نەهێشتووەتەوە؟»

37ئیسحاق وەڵامی دایەوە و بە عیسۆی گوت: «وا ئەوم کردووە بە سەروەری تۆ و هەموو کەسوکاریشیم داوەتێ بۆ ئەوەی ببنە خزمەتکاری ئەو، بە دانەوێڵە و شەرابی نوێ پشتگیریم کردووە. ئیتر بۆ تۆ چی بکەم، کوڕم؟»

38عیسۆش بە باوکی گوت: «ئایا تەنها یەک بەرەکەتت هەیە؟ باوکە، داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە.» ئیتر عیسۆ دەنگی هەڵبڕی و گریا.

39ئیسحاقی باوکی وەڵامی دایەوە:

«نشینگەکەت دوور لە دەوڵەمەندی زەوییەوە دەبێت،

دوور لە شەونمی ئاسمان لە سەرەوە.

40لەسەر شمشێرەکەت دەژیت و

دەبیتە خزمەتکاری براکەت.

بەڵام کاتێک سەرکێش بوویت،

نیرەکەی27‏:40 مەبەستی لە بارگرانییە.‏ دەشکێنیت کە بە ملتەوەیە.»

ڕاکردنی یاقوب بۆ لای لابان

41ئیتر عیسۆ ڕقی لە یاقوب هەڵگرت، بەهۆی ئەو بەرەکەتدارییەی کە باوکی داوای بەرەکەتی بۆ کردبوو. عیسۆ لە دڵی خۆیدا گوتی: «ڕۆژانی پرسەی باوکم نزیکە، ئینجا یاقوبی برام دەکوژم.»

42ڕڤقەش لەم قسانەی عیسۆی کوڕە گەورەی ئاگادار کرایەوە، ئیتر ناردی بەدوای یاقوبی کوڕە بچووکیدا و پێی گوت: «عیسۆی برات وا دڵخۆشی خۆی بەوە دەداتەوە کە تۆ دەکوژێت. 43ئێستاش کوڕی خۆم، گوێ لە قسەی من بگرە و ڕابکە بۆ لای لابانی برام لە حەڕان. 44بۆ ماوەیەک لەلای ئەو بمێنەوە هەتا ڕقی براکەت هێور دەبێتەوە. 45کاتێکیش تووڕەیی براکەت بەرامبەر بە تۆ هێور دەبێتەوە و ئەوەی لەبیر کرد کە پێت کردووە، ئەوا دەنێرم و لەوێ دەتهێنمەوە. ئیتر بۆ بە یەک ڕۆژ هەردووکتان لەدەست بدەم؟»

46ئینجا ڕڤقە بە ئیسحاقی گوت: «لەبەر کچانی حیتییەکان لە ژیانی خۆم بێزارم، خۆ ئەگەر یاقوبیش ژنێکی وەک ئەمانە لە کچانی حیتییەکانی ئەم خاکە بهێنێت، ئیتر ژیانم بۆ چییە؟»