پەیدابوون 25 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 25:1-34

مردنی ئیبراهیم

1ئیبراهیم ژنێکی دیکەی هێنا کە ناوی قەتورە بوو. 2لەویش زیمران، یۆقشان، مەدان، میدیان، یەشباق و شوەحی بوو. 3یۆقشان باوکی شەبا و دیدان بوو. وەچەکانی دیدانیش، ئەشووری و لەتوشی و لەئومییەکان بوون. 4کوڕەکانی میدیانیش عێفا، عێفەر، حەنۆک، ئەبیداع و ئەلداعە بوون. هەموو ئەمانە نەوەی قەتورە بوون.

5ئیبراهیم هەرچی ماڵوموڵکی هەبوو دایە ئیسحاق، 6بەڵام کاتێک هێشتا لە ژیاندا بوو، دیاری بەو کوڕانەی دا کە لە کەنیزەکانی بوون و بەرەو خاکی ڕۆژهەڵات ناردنی، دوور لە ئیسحاقی کوڕی.

7ئیبراهیم سەد و حەفتا و پێنج ساڵ ژیا. 8ئینجا ئیبراهیم لە تەمەنێکی باشی پیریدا، دواهەناسەی دا و مرد، پیرەمێردێکی تێر لە ژیان خواردوو، ئیتر چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. 9هەردوو کوڕەکەشی، ئیسحاق و ئیسماعیل، باوکیان لە ئەشکەوتەکەی مەخپێلە کە بەرامبەر مەمرێیە و لە کێڵگەکەی عەفرۆنی کوڕی چۆحەری حیتیدایە، بە خاک سپارد. 10ئیبراهیم ئەو کێڵگەیەی لە حیتییەکان کڕیبوو. لەوێ ئیبراهیم لەگەڵ سارای ژنی بە خاک سپێردرا. 11دوای مردنی ئیبراهیم، خودا ئیسحاقی کوڕی بەرەکەتدار کرد. ئیسحاقیش لەلای بیری لەحەی ڕۆئییەوە نیشتەجێ بوو.

نەوەکانی ئیسماعیل

12ئەمانەش نەوەکانی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمن کە هاجەری میسری، کەنیزەکەی سارا، بۆ ئیبراهیمی بوو.

13ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسماعیلن، ناویان بەپێی لەدایکبوونیان:

نەبایۆت کە نۆبەرەی ئیسماعیل بوو،

هەروەها قێدار25‏:13 دووەم کوڕی ئیسماعیلە و باوکی بەناوبانگترین هۆزی عەرەبە، کە لە بیابانی سوریا نیشتەجێ بوون.‏، ئەدبەئێل، میبسام،

14میشماع، دوما، مەسسا،

15حەدەد، تێما، یەتور،

نافیش و قێدما.

16ئەمانە کوڕەکانی ئیسماعیل بوون، هەروەها ناوی دوازدە میرە خێڵەکییەکەن بەپێی هەوار و خێوەتگاکانیان.

17ئیسماعیل سەد و سی و حەوت ساڵ ژیا، ئینجا دواهەناسەی دا و مرد و چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. 18نەوەکانی ئیسماعیل لە حەڤیلاوە هەتا شوور نیشتەجێ بوون، لە نزیک سنووری میسر لەسەر ڕێگای ئەشوور. ئەوان دژی هەموو براکانیان بوون.

یاقوب و عیسۆ

19ئەمانەش نەوەکانی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیمن.

ئیبراهیم ئیسحاقی بوو. 20ئیسحاق تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک ڕڤقەی کچی بتوئێلی ئارامی کە خوشکی لابانی ئارامی بوو لە پەدان ئارامەوە هێنای تاکو ببێتە ژنی.

21ئیسحاق لە پێناو ژنەکەی لە یەزدان پاڕایەوە، چونکە نەزۆک بوو. یەزدانیش وەڵامی دایەوە و ڕڤقەی ژنی سکپڕ بوو. 22هەردوو کوڕەکە لە سکیدا ململانێی یەکتریان دەکرد، ئەویش گوتی: «بۆچی ئەمە لە من ڕوودەدات؟» ئیتر چوو هەتا پرسیار لە یەزدان بکات.

23یەزدانیش پێی فەرموو:

«دوو نەتەوە لە منداڵدانتن،

دوو گەل لە هەناوتەوە لە یەک جیا دەبنەوە،

گەلێکیان لە گەلەکەی دیکە بەهێزتر دەبێت،

گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.»

24کە ڕۆژانی خۆی تەواو کرد و هاتە سەر منداڵبوون، بێگومان دووانەیەک25‏:24 جمک‏ لە منداڵدانی بوو. 25ئەوەیان کە یەکەم جار لەدایک بوو سوور بوو، هەموو لەشی وەک کەوڵێکی تووکن وابوو، بۆیە ناویان لێنا عیسۆ25‏:25 عیسۆ واتا تووکن. نازناوەکەشی (ئەدۆم) بوو، کە بە واتای سوور دێت.‏. 26دوای ئەم براکەی لەدایک بوو، کە بە دەستی پاژنە پێی عیسۆی گرتبوو، بۆیە ناویان لێنا یاقوب25‏:26 (یاقوب) واتا پاژنە دەگرێت، واتایەکی مەجازییە واتا هەڵدەخەڵەتێنێت. بڕوانە 27‏:36.‏. ئیسحاق لە تەمەنی شەست ساڵیدا بوو کاتێک ڕڤقە ئەمانی بوو.

27هەردوو کوڕەکە گەورە بوون. عیسۆ بووە ڕاوکەرێکی شارەزا و پیاوی دەشتودەر، بەڵام یاقوب پیاوێکی لەسەرخۆ و چادرنشین بوو. 28ئیسحاق عیسۆی زیاتر خۆشدەویست، چونکە حەزی لە گۆشتی نێچیر بوو، بەڵام ڕڤقە یاقوبی زیاتر خۆشدەویست.

29ڕۆژێک یاقوب چێشتی لێدەنا، عیسۆ لە دەشتودەر هاتەوە و پەکی کەوتبوو. 30عیسۆ بە یاقوبی گوت: «هەندێکم لەو چێشتە سوورە بدەرێ! پەکم کەوتووە.» لەبەر ئەمەیە ناوی لێنرا ئەدۆم25‏:30 ئەدۆم واتای سوورەیە.‏.

31یاقوبیش گوتی: «تۆش ئەمڕۆ نۆبەرایەتییەکەی خۆتم پێ بفرۆشە.»

32عیسۆ گوتی: «من وا خەریکە دەمرم، ئیتر نۆبەرایەتیم بۆ چییە؟»

33بەڵام یاقوب گوتی: «ئادەی ئەمڕۆ سوێندم بۆ بخۆ.» ئەویش سوێندی بۆ خوارد و نۆبەرایەتییەکەی خۆی فرۆشتە یاقوب.

34ئینجا یاقوب نان و نیسکی دایە عیسۆ. ئیتر عیسۆ خواردی و خواردیەوە، پاشان هەستا و ڕۆیشت.

بەو شێوەیە عیسۆ سووکایەتی بە نۆبەرایەتی کرد.