پەیدابوون 21 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 21:1-34

لەدایکبوونی ئیسحاق

1یەزدان بەو شێوەیەی فەرمووی سارای بەسەرکردەوە و یەزدان چۆنی فەرموو ئاوای بۆ سارا کرد. 2ئینجا سارا سکی پڕ بوو؛ لە تەمەنی پیریی ئیبراهیمدا و لە هەمان ئەو کاتەی کە خودا پێی فەرمووبوو، منداڵێکی بوو. 3ئیبراهیم ئەو کوڕەی ناو نا ئیسحاق، کە سارا بۆی ببوو. 4کاتێک ئیسحاقی کوڕی بووە هەشت ڕۆژ، ئیبراهیم خەتەنەی کرد، هەروەک چۆن خودا ڕایسپاردبوو. 5تەمەنی ئیبراهیم سەد ساڵ بوو کاتێک ئیسحاقی کوڕی لەدایک بوو.

6سارا گوتی: «خودا منی خستووەتە پێکەنین، هەرکەسێکیش ئەمە ببیستێت لەگەڵ من پێدەکەنێت.» 7هەروەها گوتی: «کێ بە ئیبراهیمی دەگوت سارا شیر دەداتە منداڵان؟ لەگەڵ ئەوەشدا لە پیریی ئەودا کوڕێکم بوو.»

بەڕێکردنی هاجەر و ئیسماعیل

8کوڕە گەورە بوو و لە شیر بڕایەوە. لەو ڕۆژەی ئیسحاق لە شیر بڕایەوە، ئیبراهیم خوانێکی گەورەی ساز کرد. 9بەڵام سارا کوڕەکەی هاجەری میسری بینی کە لە ئیبراهیم بوو، گاڵتەی دەکرد. 10جا بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم کەنیزەیە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی ئەم کەنیزەیە لەگەڵ ئیسحاقی کوڕی من نابێتە میراتگر.»

11ئەم بابەتە ئیبراهیمی زۆر ناڕەحەت کرد، چونکە پەیوەندی بە کوڕەکەی ئەوەوە هەبوو. 12بەڵام خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «ناڕەحەتی کوڕەکە و کەنیزەکەت مەبە. هەرچی سارا پێت دەڵێت بە قسەی بکە، چونکە نەوەی تۆ لە ڕێگەی ئیسحاقەوە ناودەبردرێت. 13هەروەها لە کوڕی کەنیزەکەشەوە نەتەوەیەک دروست دەکەم، چونکە وەچەی تۆیە.»

14ئیبراهیم بەیانی زوو لە خەو هەستا و نان و مەشکەیەک ئاوی هێنا و خستییە سەر شانی هاجەر و لەگەڵ کوڕەکە بەڕێی کرد. ئەویش ڕۆیشت و لە چۆڵەوانی بیری شابەع سەرگەردان بوو.

15کە مەشکەکە ئاوی تێدا نەما، کوڕەکەی لەژێر دەوەنێک دانا. 16ئینجا ڕۆیشت و لە دوورەوە لە دووری تیرهاوێژێک بەرامبەری دانیشت، چونکە گوتی: «ناتوانم بە چاوی خۆم مەرگی کوڕەکەم ببینم.» ئیتر بەرامبەری دانیشت و بە دەنگی بەرز دەستی کرد بە گریان.

17خودا دەنگی کوڕەکەی بیست و فریشتەی خودا لە ئاسمانەوە هاجەری بانگکرد و پێی فەرموو: «چیتە هاجەر؟ مەترسە، خودا دەنگی کوڕەکەی بیست لەو شوێنەی لێی دانراوە. 18هەستە، کوڕەکە هەڵبگرە و دەستی بگرە، چونکە دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن.»

19ئینجا خودا هەردوو چاوی هاجەری کردەوە، ئەویش بیرێکی ئاوی بەدی کرد. ئیتر چوو مەشکەکەی پڕکرد لە ئاو و ئاوی دایە کوڕەکە.

20خودا لە کاتی گەورەبوونی کوڕەکەدا، لەگەڵی بوو. لە چۆڵەوانیدا ژیا و بووە تیرهاوێژ. 21کاتێک کە ئیسماعیل لە چۆڵەوانی پاران دەژیا، دایکی ژنێکی میسریی بۆ هێنا.

پەیمانی بیری شابەع

22لەو سەردەمەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ فیکۆل کە فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو، بە ئیبراهیمیان گوت: «لە هەموو ئەوەی دەیکەیت خودات لەگەڵدایە. 23ئێستاش لێرەدا سوێندم بۆ بخۆ بە خودا کە ناپاکی لە خۆم و منداڵ و نەوەکانم ناکەیت. من چ چاکەیەکم لەگەڵ تۆدا کرد، تۆش هەمان چاکە لەگەڵ من و لەگەڵ ئەو خاکەدا دەکەیت کە تێیدا ئاوارە بوویت.»

24ئیبراهیمیش گوتی: «سوێند دەخۆم.»

25ئینجا ئیبراهیم گلەیی لە ئەبیمەلەخ کرد سەبارەت بەو بیرە ئاوەی کە خزمەتکارەکانی ئەبیمەلەخ داگیریان کردبوو. 26بەڵام ئەبیمەلەخ گوتی: «ئاگادار نیم کێ ئەم شتەی کردووە. هەروەها تۆ پێت ڕانەگەیاندووم، منیش ئەمڕۆ نەبێت نەمبیستووە.»

27ئیتر ئیبراهیم مەڕ و مانگای هێنا و دایە ئەبیمەلەخ، ئیتر هەردووکیان پەیمانیان بەست. 28ئیبراهیم لە مێگەلەکە حەوت کاوڕەمێی بە تەنها ڕاگرت. 29ئەبیمەلەخیش بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە چییە کە بە تەنها ڕاتگرتوون؟»

30ئەویش گوتی: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە لە دەستی من وەردەگریت بۆ ئەوەی ببێتە شایەتییەک بۆم کە من ئەم بیرەم هەڵکەندووە.»

31لەبەر ئەوە ئەو شوێنەی ناو نا بە بیری شابەع21‏:31 بیری شابەع: واتا (بیری حەوت) یان (بیری سوێندخواردنەکە).‏، چونکە هەردووکیان لەوێ سوێندیان خوارد.

32لەدوای ئەوەی لە بیری شابەع پەیمانیان بەست، ئەبیمەلەخ و فیکۆلی فەرماندەی گشتی سوپاکەی هەستان و گەڕانەوە خاکی فەلەستییەکان. 33ئینجا ئیبراهیم داری گەزی لە بیری شابەع چاند، لەوێش بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری هەتاهەتاییەوە نزای کرد. 34ئیتر ئیبراهیم لە خاکی فەلەستییەکان ماوەیەکی زۆری بە ئاوارەیی بەسەربرد.