پەیدابوون 20 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 20:1-18

ئیبراهیم و ئەبیمەلەخ

1ئیبراهیم لەوێوە بەرەو زەوی نەقەب کۆچی کرد و لەنێوان قادێش و شووردا نیشتەجێ بوو. بۆ ماوەیەک لە گرار مایەوە. 2ئیبراهیم سەبارەت بە سارای ژنی گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئینجا ئەبیمەلەخی پاشای گرار ناردی و سارای برد.

3ئینجا خودا هاتە خەوی ئەبیمەلەخ و پێی فەرموو: «ئەوا تۆ بەهۆی ئەو ژنەی بردووتە دەمریت، چونکە ئەو ژنێکی بە مێردە.»

4ئەبیمەلەخ کە هێشتا لە سارای نزیک نەکەوتبووەوە، گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئایا نەتەوەیەکی بێتاوان دەکوژیت؟ 5ئەی ئیبراهیم پێی نەگوتم ”ئەو خوشکمە،“ ساراش خۆی نەیگوت ”ئەو برامە“؟ من ئەمەم بە دڵسافی و دەستی پاکەوە کردووە.»

6خوداش لە خەونەکەدا پێی فەرموو: «منیش دەزانم تۆ ئەمەت بە دڵسافییەوە کردووە، هەر خۆشم ڕێگام لێ گرتیت کە گوناهم بەرامبەر بکەیت. لەبەر ئەوە بوو کە نەمهێشت دەستی بۆ ببەیت. 7ئێستاش ژنی پیاوەکە بگەڕێنەوە، ئەو پێغەمبەرە، لە پێناوی تۆ نزا دەکات و دەژیت. بەڵام ئەگەر نەیگەڕێنیتەوە، ئەوا بزانە کە بێگومان خۆت و هەموو ئەوانەی هی تۆن دەمرن.»

8ئەبیمەلەخ بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر لە خەو هەستا و هەموو خزمەتکارەکانی بانگکرد و هەموو ئەو شتانەی پێ گوتن کە ڕوویاندابوو، ئەوانیش زۆر ترسان. 9ئینجا ئەبیمەلەخ ئیبراهیمی بانگکرد و پێی گوت: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ چ گوناهێکم بەرامبەرت کردووە تاکو خۆم و شانشینەکەم تووشی تاوانێکی وا گەورە بکەیت؟ ئەو کارەی کە نابێت بکرێت، بە منت کرد.» 10ئەبیمەلەخ بە ئیبراهیمی گوت: «بۆچی ئەم کارەت کرد؟»

11ئیبراهیمیش گوتی: «لەبەر ئەوەی بە خۆمم گوت: ”هیچ لەخواترسێک لەم شوێنەدا بوونی نییە و لەبەر ژنەکەم من دەکوژن.“ 12لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕاستیدا ئەو خوشکمە، کچی باوکمە، بەڵام کچی دایکم نییە. ئیتر بووە ژنم. 13کاتێکیش خودا لە ماڵی باوکمەوە ئاوارەی کردم، بە ژنەکەمم گوت: ”بەم شێوەیە دەتوانیت خۆشەویستی خۆتم نیشان بدەیت: چووینە هەر شوێنێک، سەبارەت بە من بڵێ: ئەو برامە.“»

14ئیتر ئەبیمەلەخ مەڕ و مانگا و خزمەتکار و کەنیزەی هێنا و دایە ئیبراهیم، سارای ژنیشی بۆ گەڕاندەوە. 15ئینجا ئەبیمەلەخ گوتی: «وا زەوییەکەم لەبەردەم تۆیە، کوێت پێ باشە لەوێ دابنیشە.»

16بە ساراشی گوت: «من ئێستا هەزار شاقل زیو20‏:16 نزیکەی 12 کیلۆگرام.‏ دەدەمە براکەت. ئەمە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ئابڕووبردنەیە کە بەرامبەر تۆ لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەگەڵتن ئەنجامم دا؛ ئیتر تۆ تەواو ڕووسپیت.»

17ئینجا ئیبراهیم لە خودا پاڕایەوە، خوداش ئەبیمەلەخ و ژنەکەی و کەنیزەکانی چاککردەوە و منداڵیان بوو، 18چونکە یەزدان بەهۆی سارای ژنی ئیبراهیمەوە، هەرچی منداڵدانی ماڵی ئەبیمەلەخ هەبوو، بە تەواوی بەستبووی.