پەیدابوون 16 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 16:1-16

هاجەر و ئیسماعیل

1سارایی ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو، بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو. 2سارای بە ئەبرامی گوت: «یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم. لەگەڵ کەنیزەکەم سەرجێیی بکە، بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.»

ئەبرامیش بە قسەی سارایی کرد. 3ئینجا پاش دە ساڵ لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان، سارایی ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا و دایە ئەبرامی مێردی تاکو ببێتە ژنی. 4ئیتر لەگەڵ هاجەر سەرجێیی کرد و ئەویش سکی پڕ بوو.

کاتێک کە زانی سکی هەیە، خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو. 5ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت: «تۆ بەرپرسی لەو سووکایەتییەی بە من دەکرێت. من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ، ئێستاش کە زانی سکی هەیە، لەبەرچاویدا سووک بووم. با یەزدان دادوەریی نێوان من و تۆ بکات.»

6ئەبرامیش بە سارایی گوت: «وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە، چیت پێ باشە وای لێ بکە.» ئیتر سارای ئەوەندە بەدڕەفتاری لەگەڵ هاجەر کرد، هەتا لە دەستی هەڵات.

7ئینجا فریشتەی یەزدان لە چۆڵەوانی هاجەری لەسەر کانییەک دۆزییەوە؛ ئەو کانییەی کە لەسەر ڕێگای شوورە. 8فەرمووی: «ئەی هاجەری کەنیزەی سارای، لەکوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەچیت؟»

ئەویش گوتی: «لەدەست سارایی خانمم ڕامکردووە.»

9فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «بگەڕێوە لای خانمەکەت و ژێردەستەی بە.» 10هەروەها پێی فەرموو: «وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.»

11دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو:

«ئێستا سکت پڕە،

کوڕێکت دەبێت،

ناوی دەنێیت ئیسماعیل،

چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلیی تۆ بوو.

12ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی16‏:12 مەبەستی لە سووکایەتی نییە، بەڵکو باسی ئاکاری کەرەکێوی دەکات لە بەهێزی و سەربەستی و سەربەخۆیی ژیانی.‏ لێ دێت.

دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و

دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو.

دەبێتە نەیاری هەموو براکانیشی.»

13ئینجا ئەم ناوەی لە یەزدان نا کە لەگەڵیدا دوا، «تۆ ئەو خودایەی کە دەبینیت،» چونکە هاجەر گوتی: «ئا لێرەشدا ئەوم بینی کە دەمبینێت.» 14لەبەر ئەمەشە کە ئەو بیرە16‏:14 لەبەر ئەوەی ئاوی کانییەکە نەما پێویست بوو کە بیرێک لێ بدەن بۆ ئەوەی بگەنە ئاوەکە.‏ بە «بیری لەحەی ڕۆئی» ناونراوە، ئێستاش وا لەنێوان قادێش16‏:14 قادێش: بڕوانە پەیدابوون 14‏:7.‏ و بەرەدە.

15ئیتر هاجەر کوڕێکی بۆ ئەبرام بوو، ئەبرامیش ئەو کوڕەی ناو نا ئیسماعیل. 16ئەبرام تەمەنی هەشتا و شەش ساڵ بوو کاتێک هاجەر ئیسماعیلی بۆ ئەبرام بوو.