پەیدابوون 15 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 15:1-21

پەیمانی خودا لەگەڵ ئەبرام

1لەدوای ئەم ڕووداوانە، لە بینینێکدا15‏:1 ‏بینین: خودا لە ڕێی پیشاندانی دیمەنێکەوە پەیامێک دەگەیەنێتە ئەو مرۆڤەی بییەوێت.‏ فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەبرام هات و فەرمووی:

«مەترسە ئەی ئەبرام،

من قەڵغانم بۆت،

پاداشتت زۆر گەورەیە.»

2بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چیم دەدەیتێ کە من هەروا وەجاخکوێر بم و میراتگری ماڵم ئەلیعەزەری دیمەشقییە؟» 3هەروەها ئەبرام گوتی: «هیچ وەجاخێکت نەداومەتێ، ئەوەی لە ماڵەکەم لەدایک بووە وا دەبێتە میراتگرم.»15‏:3 دەبێتە میراتگرم: بەپێی یاسایەک لەو سەردەمە هاوڕێیەک یان کۆیلەیەک کە خزمەتی پیاوێکی وەجاخکوێری دەکرد ئەوا دەیتوانی ببێتە میراتگری.‏

4لەو کاتەدا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات و فەرمووی: «ئەمە نابێتە میراتگرت، بەڵکو ئەوەی لە پشتی تۆوە دێت، ئەو دەبێتە میراتگرت.» 5ئینجا بردییە دەرەوە و فەرمووی: «سەیری ئاسمان بکە و ئەستێرەکان بژمێرە، ئەگەر دەتوانیت.» هەروەها پێی فەرموو: «نەوەکەت ئاوا دەبێت.»

6جا ئەبرام باوەڕی بە یەزدان هێنا و ئەویش ئەمەی بە ڕاستودروستی بۆ دانا.

7هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «من یەزدانم، ئەوەی لە ئووری کلدانییەکانەوە تۆی هێنایە دەرەوە، تاکو ئەم زەوییەت بە میرات پێ ببەخشێت.»

8بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چۆن بزانم کە من دەبمە میراتگری ئەم زەوییە؟»

9یەزدانیش پێی فەرموو: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە15‏:9 مەبەست لە (گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە)، پێش تەمەنی بە کەڵ هاتن.‏ و بزنێکی سێ ساڵە و بەرانێکی سێ ساڵە و قومرییەک و کۆترێکم بۆ بهێنە.»

10ئەمانەی هەموو بۆ هێنا و لە ناوەڕاستەوە لەتی کردن، لەتی هەریەکەشیانی بەرامبەر ئەوی دیکە دانا، بەڵام باڵندەکانی لەت نەکرد. 11ئینجا سیسارکە کەچەڵەکان بۆ سەر کەلاکەکان هاتنە خوارەوە، بەڵام ئەبرام دووری خستنەوە.

12کە خۆر بەرەو ئاوابوون دەچوو، ئەبرام کەوتە خەوێکی قووڵەوە و لەناکاو تاریکییەکی ترسناک و سەختی بەسەردا هات. 13ئینجا یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «بە دڵنیاییەوە بزانە کە نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە. 14بەڵام سزای ئەو نەتەوەیەش دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن. لەدوای ئەوە بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دێنە دەرەوە. 15بەڵام تۆ بە سەلامەتی دەچیتە لای باوباپیرانت و لە تەمەنێکی باشی پیریدا دەنێژرێیت. 16لە نەوەی چوارەمیشدا، نەوەکانت دەگەڕێنەوە ئێرە، چونکە هێشتا تاوانی ئەمۆرییەکان نەگەیشتووەتە ڕادەی خۆی.»

17ئینجا کاتێک خۆر ئاوابوو و تاریکی داهات، لەناکاو تەنوورێکی پڕ دووکەڵ و مەشخەڵێکی داگیرساو دەرکەوت و بە نێوان ئاژەڵە دوولەتکراوەکاندا تێپەڕی. 18لەو ڕۆژەدا یەزدان پەیمانێکی لەگەڵ ئەبرامدا بەست و پێی فەرموو: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەکانی تۆ، لە ڕووباری میسرەوە هەتا ڕووبارە گەورەکە، ڕووباری فورات، 19خاکی قێنی و قەنیزی، قەدمۆنی، 20حیتی، پریزی، ڕفائی، 21ئەمۆری، کەنعانی، گرگاشی و یەبوسییەکان.»