پەندەکانی سلێمان 6 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 6:1-35

1ڕۆڵە، ئەگەر بووی بە کەفیلی دراوسێکەت،

ئەگەر لەگەڵ بێگانەیەک تەوقەت کرد6‏:1 تەوقەکردن بە مەبەستی ڕێککەوتن بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەک.‏،

2ئەگەر بە داوی قسەکانی دەمتەوە بوویت،

بە قسەی دەمی خۆت پێوە بوویت،

3ڕۆڵە، ئەمە بکە و فریای خۆت بکەوە،

چونکە ژێردەستەی دراوسێکەت بوویت،

بڕۆ، خۆت نزم بکەرەوە و لە هاوڕێکەت بپاڕێوە.

4خەو مەدە چاوەکانت و

پێڵووەکانت خەواڵوو نەبن.

5وەک مامز خۆت لە دەست ڕاوچی دەرباز بکە،

وەک چۆلەکە لە تەڵەی ڕاوچی.

6ئەی تەمبەڵ، بڕۆ لای مێروولە،

بڕوانە ڕێگاکانی و ببە بە دانا.

7بێ ئەوەی پێشەوا و

کوێخا و فەرمانڕەوای هەبێت،

8بەڵام لە هاویندا نانی خۆی ئەمبار دەکات و

لە کاتی دروێنەدا خۆراکی خۆی کۆدەکاتەوە.

9ئەی تەمبەڵ، هەتا کەی پاڵدەدەیتەوە؟

کەی لە خەوەکەت هەڵدەستی؟

10کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون،

کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان،

11ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت،

نەبوونیشت وەک چەکدار.

12کەسی هیچوپووچ، پیاوی چەواشەکار،

بە زمان خواری ڕەفتار دەکات،

13چاوی دەقوچێنێت و

بەپێی ئاماژە دەکات و

بە پەنجە دەریدەبڕێت،

14فێڵ لە دڵیدایە،

خراپە دادەهێنێت،

هەموو کاتێک ناکۆکی دەوروژێنێت.

15لەبەر ئەوە لەپڕ لێی دەقەومێت،

لەناکاو دەشکێت و چارەسەری نییە.

16شەش شت هەن یەزدان ڕقی لێیانە،

حەوتیش6‏:16 دەربڕینێکی عیبرییە بۆ دووپاتکردنەوە بۆ ژمارە حەوت.‏ قێزەونە لەلای:

17چاوی بەفیز،

زمانی درۆزن،

دەستێک کە خوێنی بێتاوانی ڕشتبێت،

18دڵێک پیلانی خراپ دابهێنێت،

پێیەک بە پەلە بەرەو خراپەکاری ڕابکات،

19شایەتی درۆزن درۆ بڵاو بکاتەوە و

وروژێنەری ناکۆکی نێوان برایان.

ئاگادارکردنەوە لە داوێنپیسی

20ڕۆڵە، ڕاسپاردەکانی باوکت بەجێبگەیەنە و

فێرکردنەکانی دایکت پشتگوێ مەخە.

21هەمیشە بە دڵتەوە گرێیان بدە و

بە گەردنی خۆتەوە هەڵیانواسە.

22لە هاتوچۆکردنتدا ڕێنماییت دەکەن،

لە ڕاکشانت چاودێریت دەکەن و

کە خەبەریشت بووەوە دەتدوێنن،

23چونکە ئەم ڕاسپاردانە چران و

ئەم فێرکردنەش ڕووناکییە،

سەرزەنشتی تەمبێکردنیش ڕێگای ژیانە،

24بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزێت،

لە زمانلووسی داوێنپیس.

25لە دڵەوە ئارەزووی جوانییەکەی مەکە،

با بە برژانگەکانی نەتبات،

26چونکە ژنی لەشفرۆش وا دەکات پێویستیت بە نانێک بێت،

بەڵام ژنی بەمێرد گیانی گرانبەهات ڕاودەکات.

27ئایا کەس دەتوانێت ئاگر لە باوەش بگرێت و

جلەکانی نەسووتێت؟

28یان بەسەر پشکۆدا بڕوات و

پێیەکانی داغ نەبێت؟

29ئاوایە ئەوەی بچێتە لای ژنی کەسێکی دیکە،

هەرکەسێک دەستی لێ بدات بێ سزا نابێت.

30سووکایەتی بە دز ناکرێت کە دزی دەکات

بۆ خۆتێرکردن کاتێک کە برسییە.

31هەرچەندە کە لێی ئاشکرا بوو دەبێت حەوت قات بداتەوە،

ئەگەر هەموو ماڵی خۆشی لەسەر دانابێت.

32بەڵام ئەوەی داوێنپیسی لەگەڵ ژنێک بکات تێنەگەیشتووە،

هەرکەسێک وا بکات خۆی دەفەوتێنێت.

33تووشی لێدان و سەرشۆڕی دەبێت و

شەرمەزارییەکەی ناسڕێتەوە،

34چونکە ئیرەیی پیاو دەوروژێنێت،

لە ڕۆژی تۆڵەدا دەست ناگێڕێتەوە،

35چاوی لە هیچ قەرەبووێک نییە،

بە دیاری ڕازی نابێت، ئەگەر بۆشی زیاد بکەیت.