پەندەکانی سلێمان 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 3:1-35

1ڕۆڵە، فێرکردنەکەم لەبیر مەکە،

فەرمانەکانم لەناو دڵتدا هەڵبگرە،

2چونکە ڕۆژگاری درێژ و

ساڵانی ژیان و ئاشتیت بۆ زیاد دەکات.

3با خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لێت جیا نەبنەوە،

بە ملتەوە گرێیان بدە،

لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.

4ئینجا پەسەندی و نازناوی چاک بەدەستدەهێنیت

لەلای خودا و خەڵک.

5پڕ بەدڵ پشت بە یەزدان ببەستە و

بە تێگەیشتوویی خۆت پشت ئەستوور مەبە.

6لە هەموو ڕێگاکانت بیناسە،

ئەویش ڕێچکەکانت ڕاست دەکات.

7لەبەرچاوی خۆت، خۆت بە دانا مەزانە،

لە یەزدان بترسە و لە بەدکاری بەدووربە.

8دەبێتە تەندروستی بۆ لەشت و

خۆراک بۆ ئێسقانەکانت.

9بە سامانت ڕێزی یەزدان بگرە،

بە یەکەمین بەرهەمی هەموو خەرمانەکانت.

10ئەمبارەکەت پڕ دەبێت هەتا تێری،

قەڕابەکەت سەرڕێژ دەبێت لە شەرابی نوێ.

11ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە،

ڕقت لە سەرزەنشتی ئەو نەبێتەوە،

12چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات و

وەک باوکێک بە کوڕ دڵخۆش دەبێت.

13خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی دانایی دەدۆزێتەوە و

بەو کەسەی تێگەیشتن بەدەستدەهێنێت،

14چونکە قازانجی لە قازانجی زیو باشترە و

بەرهەمیشی لە زێڕ.

15لە یاقووت بەهادارترە و

هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.

16تەمەنی درێژ لە دەستی ڕاستیدایە و

دەوڵەمەندی و ڕێزیش لە دەستی چەپی.

17ڕێگاکانی ڕێگای خۆشحاڵین و

هەموو ڕێڕەوەکانی ئاشتین.

18درەختی ژیانە بۆ ئەوانەی خۆیان پێوە گرتووە،

خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی پێی پابەند دەبن.

19یەزدان بە دانایی زەوی دامەزراند،

بە تێگەیشتنیش ئاسمانی چەسپاند.

20بە زانیاری ئەو قووڵاییەکان شەق بوون،

هەورەکان شەونمیان دڵۆپاند.

21ڕۆڵە، دەست بە دانایی تەواو و سەلیقەوە بگرە،

ئەمانە لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە،

22دەبنە ژیان بۆ تۆ،

ملوانکە بۆ جوانی گەردنت.

23ئەوسا بە ئاسوودەیی بە ڕێگای خۆتدا دەڕۆیت و

ساتمە ناکەیت و ناکەویت.

24کاتێک ڕادەکشێیت بێ ترسیت،

ڕادەکشێیت و خەوت خۆش دەبێت.

25نە لە بەڵای کتوپڕ دەترسیت و

نە لە ماڵی بەدکاران کە وێران دەبێت،

26چونکە یەزدان دەبێتە پشتیوانت و

پێت لە پێوەبوون دەپارێزێت.

27دەستی چاکە مەگرەوە لەوانەی شایستەی چاکەن،

کاتێک لە تواناتدایە بیکەیت.

28بە کەس3‏:28 کەس: لە زمانی عیبری ئەم وشەیە بەم واتایانە دێت: (نزیکەکەت، برادەر، دراوسێ، هاوکار، هاوڕێ، هاوڵاتی). بڕوانە دواوتار 15‏:2 و لۆقا 10‏:29‏.‏ مەڵێ:

«بڕۆ، دواتر وەرەوە، بەیانی دەتدەمێ،»

لە کاتێکدا ئەو شتەت پێیە.

29پیلانی خراپ لە دژی دراوسێکەت مەگێڕە،

لە کاتێکدا ئەو بە دڵنیاییەوە لەلات جێنشین بووە.

30لەخۆڕایی دژایەتی کەسێک مەکە،

ئەگەر خراپەی لەگەڵتدا نەکرد.

31بەغیلی بە پیاوی ستەمکار مەبە،

هیچ ڕێگایەکی ئەو هەڵمەبژێرە،

32چونکە لەلای یەزدان مرۆڤی قەڵپ قێزەونە،

بەڵام نهێنی خۆی لەلای سەرڕاستانە.

33نەفرەتی یەزدان لەسەر ماڵی بەدکارە،

بەڵام ماڵی ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکات.

34هەرچەندە گاڵتە بە گاڵتەجاڕان دەکات،

بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.

35داناکان ڕێزداری بە میرات دەگرن،

بەڵام گێلەکان شەرمەزاری هەڵدەگرن.