هۆشەع 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

هۆشەع 8:1-14

دورینەوەی گەردەلوول

1«کەڕەنا ببە بۆ دەمت!

هەڵۆیەک هاتە سەر ماڵی یەزدان،

لەبەر ئەوەی پەیمانەکەی منیان شکاند و

لە فێرکردنەکانم یاخی بوون.

2هاوار بۆ من دەکەن:

”ئەی خودای ئێمە، ئێمەی ئیسرائیل دانت پێدا دەنێین!“

3بەڵام ئیسرائیل بێزی لە چاکە بووەوە،

لەبەر ئەوە دوژمن ڕاوی دەنێت.

4ئەوان پاشایان دانا، بەڵام لە منەوە نەبوو،

میریان دانا، کە من نایانناسم.

لە زێڕ و زیوەکانیان بتیان بۆ خۆیان دروستکرد،

بۆ لەناوچوونیان.

5ئەی سامیرە، بتە گوێرەکەکەت بەلاوە بنێ!

تووڕەییم بەسەریاندا دەجۆشێت.

هەتا کەی ناتوانن خۆیان بێگەرد ڕابگرن؟

6هەروەها ئەوانیش هەر لە ئیسرائیلن!

وەستایەک ئەم بتەی دروستکردووە، نابێتە خودا.

گوێرەکەکەی سامیرە پارچەپارچە دەبێت.

7«ئەوان با دەچێنن و

گەردەلوول دەدورنەوە.

چێنراوێک کە بەروبوومی نییە و

ئاردی لێ دروستناکرێت و

ئەگەر دروستیش کرا

بێگانەکان هەڵیدەلووشن.

8ئیسرائیل هەڵلووشرا!

ئێستا لەنێو نەتەوەکاندا

وەک قاپێکیان لێ هاتووە کە هیچ سوودی نییە.

9وەک کەرەکێوییەکی تاک و تەنها

چوونە ئاشور.

ئەفرایم خۆی بە چەند دۆستێک فرۆشتووە.

10هەرچەندە ئەوان لەنێو نەتەوەکان خۆیان فرۆشتووە،

بەڵام ئێستا من کۆیان دەکەمەوە،

ئینجا ئەوان لەژێر باری پاشای توانادار8‏:10 مەبەست لە پاشای ئاشورە.‏ دەفەوتێن.

11«هەرچەندە ئەفرایم قوربانگاکانی قوربانی گوناهی زۆر کرد،

بۆی بوونە قوربانگای گوناهکردن.

12شتی زۆری بۆ دەنووسم کە پەیوەستە بە فێرکردنەکانم،

بەڵام ئەو بە نامۆیان دادەنێت.

13قوربانیم پێشکەش دەکەن و

خۆیان گۆشتەکەی دەخۆن،

بەڵام یەزدان پێیان ڕازی نییە.

ئێستا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یاد و

سزای گوناهەکانیان دەدات:

ئەوان دەگەڕێنەوە میسر.

14ئیسرائیل دروستکەری خۆی لە یاد کرد و

چەندین کۆشکی بنیاد نا،

یەهوداش شارە قەڵابەندەکان.

بەڵام من ئاگر دەنێرمە سەر شارەکانی

ئینجا قەڵاکانی دەخوات.»