هۆشەع 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

هۆشەع 1:1-11

1ئەمە ئەو پەیامەی یەزدانە کە لە سەردەمەکانی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ هۆشەعی کوڕی بئێری هات، کە هاوسەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل بوو.

ژن و منداڵی هۆشەع

2سەرەتا یەزدان لە ڕێگەی هۆشەعەوە پەیامی خۆی ڕاگەیاند، ئینجا بە هۆشەعی فەرموو: «بڕۆ ژنێکی سۆزانی بهێنە و با منداڵی زۆڵت1‏:2 زۆڵ: بیژی.‏ ببێت، چونکە خەڵکی خاکەکە وەک ژنێکی داوێنپیس ناپاکی بەرامبەر بە یەزدان کردووە.» 3ئەویش گۆمەری کچی دیڤلایمی هێنا، سکی پڕ بوو، کوڕێکی لێ بوو.

4یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی بنێ یەزرەعیل، چونکە پاش کەمێکی دیکە بنەماڵەی یێهو سزا دەدەم، لەسەر ئەو خوێنەی کە لە یەزرەعیل ڕشتیان، پاشایەتی ئیسرائیلیش لەناودەبەم. 5لەو ڕۆژەدا کەوانی ئیسرائیل لە دۆڵی یەزرەعیلدا دەشکێنم.»

6دیسان گۆمەر سکی پڕ بوو، کچێکی بوو. یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی لێ بنێ لۆڕوحامە1‏:6 واتای ناوەکەی (بەزەیی پێیدا نایەتەوە).‏، چونکە چیتر بەزەییم بە بنەماڵەی ئیسرائیلدا نایەتەوە، لێیان خۆشنابم. 7بەڵام بەزەییم بە بنەماڵەی یەهودا دێتەوە، بە کەوان، شمشێر یان جەنگ، ئەسپ و سوار ڕزگاریان ناکەم، بەڵکو بە یەزدانی پەروەردگاریان ڕزگاریان دەکەم.»

8لەدوای ئەوەی گۆمەر لۆڕوحامەی لە شیر بڕییەوە، دیسان سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو. 9یەزدان فەرمووی: «ناوی لێ بنێ لۆعامی1‏:9 واتای ناوەکەی (گەلی من نییە).‏، چونکە ئێوە گەلی من نین و منیش بۆ ئێوە نابم.

10«بەڵام لە داهاتوودا ژمارەی نەوەکانی ئیسرائیل وەک لمی دەریا دەبێت کە ناپێورێن و ناژمێردرێن، لەو شوێنەی پێیان گوترا، ”ئێوە گەلی من نین،“ بە ”ڕۆڵەکانی خودای زیندوو“ ناودەبردرێن. 11لەو کاتەدا نەوەی یەهودا و نەوەی ئیسرائیل یەکدەگرنەوە و یەک سەرۆک بۆ خۆیان دادەنێن، لەو خاکەی بۆی ڕاپێچ کراون سەردەکەون و دێنە دەرەوە، چونکە ڕۆژی یەزرەعیل گەورە دەبێت.»