عەزرا 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

عەزرا 3:1-13

بنیادنانەوەی قوربانگاکە

1کاتێک مانگی حەوت3‏:1 مانگی حەوت ئەو مانگەی ساڵنامەی عیبرانی دەکەوێتە کۆتایی مانگی ئەیلول و زۆربەی تشرینی یەکەم. هات، نەوەی ئیسرائیل لە شارۆچکەکانی خۆیان جێگیر بوون، ئینجا گەل وەک یەک کەس لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە. 2یەشوعی کوڕی یۆچاداق و برا کاهینەکانی، لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و هاوکارەکانی، دەستیان بە بنیادنانەوەی قوربانگاکەی خودای ئیسرائیل کرد بۆ ئەوەی قوربانی سووتاندنی لەسەر پێشکەش بکەن، هەروەک لە تەوراتی موسای پیاوی خودا نووسراوە. 3لەگەڵ ئەوەی ترسی گەلانی دەوروبەری لە دڵدا بوو، قوربانگاکەیان لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد نایەوە و قوربانی سووتاندنیان لەسەری بۆ یەزدان پێشکەش کرد، قوربانی سووتاندنی بەیانییان و ئێواران. 4بەپێی ئەوەی کە نووسرابوو جەژنی کەپرەشینەیان3‏:4 جەژنێکی جولەکەیە، بڕوانە (دواوتار 16‏:13).‏ گێڕا، بەگوێرەی ئەو ژمارەیەی کە دیاری کرابوو قوربانی سووتاندنی ڕۆژانەیان پێشکەش دەکرد، کاری هەر ڕۆژێک لە ڕۆژی خۆیدا. 5پاشان قوربانی سووتاندنی بەردەوام و قوربانی سەرەمانگ و قوربانی هەموو جەژنە پیرۆزەکانی یەزدانیشیان پێشکەش کرد، بێجگە لە بەخشینە ئازادەکان کە هەر یەکێک بە خواستی دڵی خۆی پێشکەشی یەزدانی دەکرد. 6لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوتەوە دەستیان کرد بە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن بە یەزدان، هەرچەندە بناغەی پەرستگای یەزدانیش هێشتا دانەمەزرابوو.

بنیادنانەوەی پەرستگا

7زیویان دایە نەقاڕ و دارتاشەکان، هەروەها خواردن و خواردنەوە و زەیتیان دایە سەیدائی و سورییەکان بۆ ئەوەی داری ئورز بە ڕێی دەریادا لە لوبنانەوە بهێننە یافا، بەپێی ئەو موڵەتەی کۆرشی پاشای فارس پێیدابوون.

8لە ساڵی دووەمی هاتنیان بۆ ماڵی خودا لە ئۆرشەلیم، لە مانگی دوو، زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل، لەگەڵ یەشوعی کوڕی یۆچاداق و پاشماوەی برا کاهین و لێڤییەکانیان و هەموو ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە ئۆرشەلیم، دەستیان بە کار کرد. ئەو لێڤییانەی کە بیست ساڵ و بەرەو سەرەوە بوون، دایاننان بۆ چاودێریکردنی کارەکەی ماڵی یەزدان. 9هەروەها یەشوع و کوڕ و براکانی، قەدمیێل و کوڕەکانی لە نەوەی هۆدەڤیا، هەروەها نەوەی حێناداد و کوڕ و براکانی کە هەموویان لێڤی بوون، پێکەوە ڕاوەستان بۆ چاودێریکردنی ئەو کرێکارانەی کارەکەی ماڵی خودایان دەکرد.

10کە بیناسازەکان بناغەی پەرستگاکەی یەزدانیان دامەزراند، بەپێی ڕێکخستنەکەی داودی پاشای ئیسرائیل کاهینەکان بە جلوبەرگ و کەڕەناوە چوونە شوێنی خۆیان، هەروەها لێڤییەکانی نەوەی ئاسافیش بە سەنجەوە چوونە شوێنی خۆیان تاکو ستایشی یەزدان بکەن. 11بە ستایش و سوپاسەوە گۆرانییان بۆ یەزدان گوت:

«بێگومان خودا چاکە،

بۆ هەتاهەتایە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.»

هەموو گەلیش بە دەنگی بەرز بە ستایشەوە هاواریان بۆ یەزدان دەکرد، لەبەر دامەزراندنی بناغەی ماڵی یەزدان. 12بەڵام زۆربەی کاهین و لێڤی و گەورەی بنەماڵەکان کە پیر بوون، ئەوانەی پەرستگاکەی یەکەمیان بینیبوو، لە کاتی دامەزراندنی بناغەی ئەم پەرستگایە لەپێش چاویاندا بە دەنگێکی بەرز گریان، زۆریش هەبوو بە دەنگی بەرز هاواری خۆشییان دەکرد. 13کەس نەیدەتوانی هاواری خۆشی لە دەنگی گریان جیا بکاتەوە، چونکە گەل بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد، تەنانەت لە دووریشەوە دەنگەکە دەبیسترا.