عەزرا 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

عەزرا 1:1-11

پشتگیری کۆرش بۆ گەڕانەوەی ڕاپێچکراوەکان

1لە ساڵی یەکەمی کۆرشی پاشای فارس، بۆ بەدیهێنانی پەیامی یەزدان کە لەسەر زاری یەرمیاوە فەرمووبووی، یەزدان ڕۆحی کۆرشی پاشای فارسی هەژاند. ئینجا بانگەوازێکی بەناو هەموو شانشینەکەیدا ڕاگەیاند، هەروەها بە نووسراویش فەرمانی دا:

2«کۆرشی پاشای فارس ئاوا دەڵێت:

«”یەزدان، خودای ئاسمان هەموو شانشینەکانی زەوی داوەتە دەستم، ڕایسپاردووم پەرستگایەکی لە ئۆرشەلیمی یەهودا بۆ بنیاد بنێم. 3هەرکەسێک لە ئێوە کە سەر بە گەلەکەی ئەوە، با خودای خۆی لەگەڵ بێت و بەرەو ئۆرشەلیمی یەهودا بڕوات، پەرستگاکەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێتەوە، ئەو یەزدانەی کە لە ئۆرشەلیمە. 4هەرکەسێکیش لە هەر شوێنێک کە تێیدا ئاوارەیە و ماوەتەوە، با دانیشتووانی شوێنەکەی بە زێڕ و زیو و کەلوپەل و ئاژەڵی ماڵی یارمەتی بدەن، لەگەڵ ئەو بەخشینە ئازادانەی1‏:4 بەخشینە ئازاد: بڕوانە دەرچوون 35‏:29 و 36‏:3.‏ کە دەیبەخشن بۆ پەرستگای خودا لە ئۆرشەلیم.“»

5ئینجا گەورەی بنەماڵەکانی یەهودا و بنیامین لەگەڵ کاهین و لێڤییەکان، هەموو ئەوانەی خودا ڕۆحی هەژاندن، هەستان بۆ ئەوەی بچنە ئۆرشەلیم تاکو لەوێ ماڵەکەی یەزدان بنیاد بنێنەوە. 6هەموو دراوسێکانیان بە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو، بە کەلوپەل و ئاژەڵی ماڵی و بە دیاری نایاب یارمەتییان دان، سەرباری هەموو بەخشینە ئازادەکان.

7کۆرشی پاشاش قاپوقاچاغەکانی پەرستگای یەزدانی دەرهێنا، ئەوانەی نەبوخودنەسر لە ئۆرشەلیمەوە دەریهێنابوون و لە پەرستگای خوداوەندەکەی خۆی داینابوو. 8کۆرشی پاشای فارس لەسەر دەستی میترەداتی خەزنەدار دەریهێنا، ئەویش بۆ شێشبەچەری میری یەهودای ژماردن.

9ئەمەش ژمارەکەیانە:

سی لەگەنی زێڕین و هەزار لەگەنی زیوین؛

بیست و نۆ تاوەی زیوین؛

10سی جامی زێڕین لەگەڵ چوار سەد و دە جامی زیوین؛

هەزار پارچە قاپوقاچاغی دیکە.

11هەموو ئەو قاپوقاچاغەنەی لە زێڕ و زیو بوون، پێنج هەزار و چوار سەد پارچە بوون.

لەگەڵ سەرکەوتنی ڕاپێچکراوەکان لە بابلەوە بۆ ئۆرشەلیم شێشبەچەر هەموو ئەمانەی لەگەڵ خۆی هێنا.