شینەکانی یەرمیا 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

شینەکانی یەرمیا 1:1-22

1چۆن ئەم شارە بەجێهێڵراوە،

ئەوەی پڕبوو لە خەڵک!

چۆن وەک بێوەژنی لێهات،

ئەوەی لەناو نەتەوەکان مەزن بوو!

ئەوەی لەنێو هەرێمەکان شاژن بوو

ئێستا بووەتە کەنیزە!

2بە شەو بەکوڵ دەگریێت،

فرمێسکی لەسەر گۆناکانییەتی.

لەناو هەموو دۆستانی

کەس نییە دڵنەوایی بکات.

هەموو دڵدارانی ناپاکییان لەگەڵ کرد،

بوون بە دوژمنی.

3لەدوای زەلیلی و کۆیلایەتی سەخت،

یەهودا ڕاپێچ کرا،

لەنێو نەتەوەکان نیشتەجێ دەبێت،

شوێنی ئارام نابینێتەوە.

ئەوانەی ڕاوی دەنێن

لە ناوەڕاستی تەنگانەدا پێی دەگەن.

4ئەو ڕێگایانەی بەرەو سییۆنن شین دەگێڕن،

لەبەر ئەوەی کەس بۆ جەژنەکان نایەت.

هەموو دەروازەکانی چۆڵ دەکرێن،

کاهینەکانی دەناڵێنن،

پاکیزەکانی خەمبارن،

ئەویش تاڵی دەچێژێت.

5ناحەزەکانی بوونە بە گەورەی ئەو،

دوژمنەکانی سەرکەوتوون،

چونکە یەزدان خەمباری کرد،

لەبەر زۆری گوناهەکانی

منداڵەکانی بەرەو خاکی غەریبی بردران،

دوژمنەکانیان ڕاپێچیان کردن.

6سییۆنی کچ1‏:6 دەربڕینێکی خوازەیە بۆ پایتەخت، مەبەست لە هەموو دانیشتووانی شارەکەیە.‏

هەموو جوانییەکەی ڕۆیشت.

میرەکانی وەک ئاسکیان لێهاتووە

لەوەڕگایان دەست ناکەوێت،

بە بێهێزی دەڕۆن

لەبەردەم ئەوانەی ڕاویان دەنێن.

7لە ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانی،

ئۆرشەلیم هەموو خۆشییەکانی خۆی بەبیر هاتەوە،

کە لە دێرزەمانەوە بوون.

کاتێک گەلەکەی کەوتنە دەستی دوژمن،

کەس نەبوو بە هانایەوە بێت.

دوژمنان تەماشایان کرد،

بە ڕووخانەکەی پێکەنین.

8ئۆرشەلیم بە تەواوی گوناهی کرد

لەبەر ئەوە گڵاو بوو.

هەموو ئەوانەی ڕێزیان لێی دەگرت سووکایەتی پێ دەکەن،

چونکە ڕووتی ئەویان بینی.

ئەویش دەناڵێنێت

بەرەو دواوە ڕوو وەردەگێڕێت.

9گڵاوییەکەی بە دامێنییەوە بوو،

بیری لە چارەنووسی خۆی نەکردەوە.

کەوتنەکەی سامناک بوو،

کەس نەبوو دڵنەوایی بکات.

«ئەی یەزدان، تەماشای زەلیلیم بکە،

چونکە دوژمن سەرکەوت.»

10دوژمن دەستی درێژکردووە

بۆ سەر هەموو گەنجینەکانی،

نەتەوەکانی بینی

هاتنە ناو پیرۆزگاکەیەوە،

ئەوانەی تۆ فەرمانت دا

نەیێنە ناو کۆمەڵەکەی تۆوە.

11سەراپای خەڵکەکەی دەناڵێنن و

بەدوای ناندا دەگەڕێن،

گەنجینەکانی خۆیان بە خواردن دەدەن

بۆ ئەوەی گیانیان بەبەردا بێتەوە.

«ئەی یەزدان، تەماشا بکە و ببینە،

چونکە سووک بووم.»

12«ئایا هیچ بۆ ئێوە نییە، ئەی هەموو ڕێبوارەکان؟

تەماشای دەوروبەر بکەن و ببینن.

هیچ ئازارێک هەیە وەک ئازارەکەی من،

ئەوەی کە تووشی منی کرد،

ئەوەی کە یەزدان بەسەری هێنام،

لە ڕۆژی جۆشانی تووڕەییەکەی.

13«لە سەرەوە ئاگری نارد،

بۆ ناو ئێسکەکانم دایبەزاند،

تۆڕی بۆ قاچەکانم دانایەوە

منی بەرەو پاش گەڕاندەوە.

منی وێران کرد،

داهێزراو بە درێژایی ڕۆژ.

14«گوناهەکانم وەک نیر1‏:14 مەبەستی لە بارگرانییە.‏ خرانە سەرم،

بە دەستەکانی ئەو هۆنرانەوە.

گوناهەکانم خرانە سەر ملم و

خودا هێزی لێ بڕیم.

پەروەردگار منی ڕادەستی کەسانێک کرد

کە ناتوانم بەرەنگاریان ببمەوە.

15«پەروەردگار هەموو پاڵەوانەکانی ڕەتکردەوە

کە لەناو مندا بوون.

لەشکرێکی لە دژی من بانگکرد

بۆ تێکشکاندنی گەنجەکانم.

پەروەردگار یەهودای کچە پاکیزەی

لەناو گوشەر پڵیشاندەوە.

16«لەسەر ئەمەیە من دەگریێم،

چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن،

ئەوەی دڵنەواییم دەکات لێم دوور کەوتووەتەوە،

کەس نییە گیان ببوژێنێتەوە.

کوڕەکانم وێران بوون،

لەبەر ئەوەی دوژمن زاڵ بوو.»

17سییۆن دەستەکانی پان دەکاتەوە،

بەڵام کەس نییە دڵنەوایی بکات.

یەزدان فەرمانی دا لە دژی یاقوب

کە دراوسێکانی دوژمنی ئەو بن.

ئۆرشەلیم لەناویاندا

گڵاو بوو.

18«یەزدان ڕاستودروستە،

بەڵام من لە دژی فەرمانی ئەو یاخی بووم.

ئەی هەموو گەلان، گوێ بگرن،

تەماشای ئازارەکانم بکەن.

پاکیزە و لاوەکانم

ڕاپێچ کران.

19«هاوارم بردە لای هاوپەیمانەکانم،

بەڵام هەڵیانخەڵەتاندم.

کاهین و پیرەکانم

لە شاردا لەناوچوون

لەو کاتەی بەدوای خۆراکدا دەگەڕان

بۆ ئەوەی لە ژیانیان بەردەوام بن.

20«ئەی یەزدان، ببینە، من لە تەنگانەدام!

دڵم توندە،

من لە ناخەوە پەستم،

چونکە زۆر یاخی بووم.

لە دەرەوە شمشێر دەستبەکارە،

لە ماڵەوەش تەنها مردن هەیە.

21«خەڵک ناڵەی منیان بیست،

بەڵام کەس نییە دڵنەواییم بکات.

هەموو دوژمنەکانم بەڵای منیان بیست،

دڵخۆش بوون بەوەی تۆ بە منت کردووە.

خۆزگە ئەو ڕۆژەت بەسەردەهێنان کە باست کرد،

ئینجا وەک منیان لێدێت.

22«با هەموو خراپەکانیان بێنە بەردەمت،

وایان بەسەربهێنە

وەک ئەوی بەسەر منت هێنا

لەسەر هەموو گوناهەکانم.

زۆر دەناڵێنم و

دڵم لاواز بووە.»