سەرژمێری 14 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

سەرژمێری 14:1-45

یاخیبوونی گەلەکە

1کۆمەڵ هەموو دەنگیان بەرزکردەوە و هاواریان کرد و ئەو شەوە گەل گریان. 2هەموو نەوەی ئیسرائیل دەستیان بە بۆڵەبۆڵ کرد بەسەر موسا و هارون و هەموو کۆمەڵ، پێیان گوتن: «خۆزگە لە میسر دەمردین! خۆزگە لە چۆڵەوانیدا دەمردین! 3بۆچی یەزدان ئێمە دەهێنێتە ئەم خاکە بۆ ئەوەی بە شمشێر بکوژرێین و ژن و منداڵمان بە تاڵان ببردرێن؟ ئایا باشتر نییە بگەڕێینەوە میسر؟» 4جا بە یەکتریان گوت، «سەرۆکێک بۆ خۆمان دادەنێین و دەگەڕێینەوە میسر.»

5ئینجا موسا و هارون بەسەر ڕوویاندا کەوتن لەبەردەم هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل کە لەوێ کۆببوونەوە. 6یەشوعی کوڕی نون و کالێبی کوڕی یەفونەش لەوانە بوون کە سیخوڕی خاکەکەیان کردبوو، جلەکانی خۆیان دڕاند و 7لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلدا دوان و گوتیان: «ئەو خاکەی پێیدا چووین هەتا سیخوڕی بکەین خاکێکی زۆر زۆر باشە، 8ئەگەر یەزدان پێمان دڵشاد بێت ئەوا دەمانباتە ناو ئەو خاکەی پێمان دەدات، خاکێک کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت. 9بەڵام لە یەزدان یاخی مەبن و لە گەلی ئەو خاکە مەترسن، چونکە نێچیری ئێمەن، ئەوەتا سێبەریان نەماوە و یەزدان لەگەڵمانە، لێیان مەترسن.»

10بەڵام هەموو کۆمەڵ گوتیان، «با ئەو دووانە بەردباران بکرێن.» ئینجا شکۆمەندی یەزدان لە چادری چاوپێکەوتندا بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل دەرکەوت. 11یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەتا کەی ئەم گەلە سووکایەتیم پێ دەکەن و هەتا کەی باوەڕم پێ ناکەن، سەرباری ئەو هەموو نیشانانەی لەنێویاندا کردم؟ 12من تووشی دەردیان دەکەم و لەناویان دەبەم، بەڵام تۆ دەکەمە گەلێکی گەورەتر و مەزنتر لەوان.»

13موساش بە یەزدانی گوت: «ئینجا میسرییەکان کە تۆ بە دەسەڵاتی خۆت ئەم گەلەت لەنێویان دەرهێنا گوێیان لێ دەبێت و 14بە دانیشتووانی ئەم خاکەی دەڵێن. ئەی یەزدان، ئەوانەی گوێیان لێبووە تۆ لەنێو ئەم گەلە دایت. ئەی یەزدان، تۆ ڕوو بە ڕوو بۆیان دەرکەوتیت و هەورەکەت لەسەریان وەستاوە و تۆش بە ستوونی هەور بە ڕۆژ و بە ستوونی ئاگر بە شەو پێشیان دەکەویت. 15ئەگەر ئەم گەلە لە هەمان کاتدا بکوژیت، ئەوا نەتەوەکان کە گوێیان لە هەواڵت بووە، دەڵێن، 16”چونکە یەزدان نەیتوانی بیانباتە ئەو خاکەی کە سوێندی بۆیان خواردبوو، ئیتر لە چۆڵەوانی کوشتنی.“

17«ئێستاش با توانای پەروەردگار مەزن بێت هەروەک فەرمووت: 18”یەزدان پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە، لە گوناه و یاخیبوون خۆشدەبێت، بەڵام تاوانبار ئەستۆپاک ناکات، بەڵکو لەسەر تاوانی باوکان سزای نەوەکان دەدات هەتا نەوەی سێیەم و چوارەم.“ 19تکایە لە گوناهی ئەم گەلە خۆشبە، ئەوەندەی مەزنی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، وەک چۆن لەم گەلە خۆشبوویت لە میسرەوە هەتا ئێرە.»

20یەزدانیش فەرمووی: «لەسەر داواکەت لێیان خۆشبووم. 21بەڵام بە گیانی خۆم و بەو شکۆمەندییەی یەزدانیش کە هەموو جیهان پڕ دەکاتەوە، 22تەنها یەکێکیش لەو پیاوانەی شکۆمەندی من و ئەو نیشانانەی بینیبێت کە لە میسر و لە چۆڵەوانی کردم و هەتا ئێستا دە جار تاقییان کردمەوە و گوێیان لە قسەکانم نەگرت، 23تەنها یەکێکیش لەوانە ئەو خاکە نابینێت کە سوێندم بۆ باوکانیان خوارد. هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ کردووم نایبینن. 24بەڵام کالێبی بەندەم لەبەر ئەوەی ڕۆحێکی دیکەی لەگەڵدا بوو و بە تەواوی دوام کەوت، ئەوا دەیبەمە ناو ئەو خاکەی بۆی چوو و دەبێتە میرات بۆ نەوەکەی. 25لەبەر ئەوەی عەمالێقییەکان و کەنعانییەکان لە دۆڵ نیشتەجێن، ئێوە بەیانی لە ڕێگای دەریای سوورەوە14‏:25 عیبری سوف‏ واتا (زەل). دەشێت مەبەست لە دەریای سوف بێت، ئەو دەریایە بێت کە دەکەوێتە سەرووی باکووری کەنداوی سوێسی ئەمڕۆ، بەڵام لە دەقی یۆنانی پەیمانی نوێ هەر بە دەریای سوور نووسراوە. بڕوانە عیبرانییەکان 11‏:29‏.‏ بڕۆن و بەرەو چۆڵەوانی بەڕێ بکەون.»

26هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 27«هەتا کەی ئەم کۆمەڵە بەدکارە بۆڵەبۆڵەکەرە لە دژم دەوەستن؟ من گوێم لە بۆڵەبۆڵی نەوەی ئیسرائیل بوو کە لەسەر من دەیکەن. 28پێیان بڵێ: ”یەزدان دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، وەک ئەوەی کە لە ئێوەوە گوێم لێ بوو، ئاواتان لێدەکەم. 29لەم چۆڵەوانییە لاشەکانتان دەکەوێت، هەموو تۆمارکراوەکانتان بەگوێرەی سەرژمێریتان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە لەوانەی بۆڵەبۆڵیان لە دژم کرد، 30ناچنە ناو ئەو خاکەی کە سوێندم خوارد تێیدا نیشتەجێتان بکەم، تەنها کالێبی کوڕی یەفونە و یەشوعی کوڕی نون نەبێت. 31بەڵام منداڵەکانتان کە گوتتان دەبنە نێچیر، ئەوا من دەیانبەمە ناوی و شارەزای ئەو خاکە دەبن کە ئێوە ڕەتتان کردەوە. 32جا لاشەکانی ئێوە لەم چۆڵەوانییە دەکەوێت. 33منداڵەکانیشتان بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی دەبنە شوان و ئازار دەچێژن بۆ بێوەفاییتان14‏:33 عیبری: داوێنپیسییەکەتان، بڕوانە هۆشەع 1‏:2‏.‏ هەتا دواهەمین لاشەکانتان لە چۆڵەوانیدا کۆتایی پێدێت. 34وەک ژمارەی ئەو ڕۆژانەی سیخوڕی خاکەکەتان کرد کە چل ڕۆژ بوو، بۆ هەر ڕۆژێک ساڵێک، چل ساڵ گوناهەکانتان هەڵدەگرن و تێدەگەن دژایەتیکردنی من چۆنە.“ 35من یەزدانم و فەرمانم کرد، دەبێت ئاوا لە هەموو ئەم کۆمەڵە بەدکارە ڕێککەوتووەی لە دژی خۆم بکەم، لەم چۆڵەوانییە لەناودەچن و دەمرن.»

36بەڵام ئەو پیاوانەی موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکەکە، هاتنەوە و هەموو کۆمەڵیان لێ هاندا بەوەی هەواڵی خراپیان لەسەر خاکەکە بڵاوکردەوە، 37ئەو پیاوانە لەبەردەم یەزدان بە دەرد مردن، لەبەر بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی خراپ لەسەر خاکەکە. 38بەڵام یەشوعی کوڕی نون و کالێبی کوڕی یەفونە لەو پیاوانە بوون کە بۆ سیخوڕی خاکەکە چووبوون و ژیان.

39کاتێک موسا باسی ئەم قسانەی بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل کرد، گەل دەستیان بە شیوەن کرد. 40ئینجا بەیانی زوو هەستان و چوونە سەرەوە بەرەو بەرزاییەکانی ناوچە شاخاوییەکە و گوتیان: «ئەوەتا ئێمە دەچینە ئەو شوێنەی یەزدان بەڵێنی داوە، چونکە ئێمە گوناهمان کرد.»

41موساش گوتی: «بۆچی لە فەرمانی یەزدان دەردەچن، ئەمە سەر ناگرێت! 42مەڕۆن، چونکە یەزدان لەنێوتاندا نییە، نەوەک لەبەردەم دوژمنتان ببەزن، 43چونکە عەمالێقییەکان و کەنعانییەکان لەوێن، لەپێشتانن و بە شمشێر دەکوژرێن، ئێوە لە یەزدان هەڵگەڕانەوە و یەزدان لەگەڵتاندا نابێت.»

44بەڵام ئەوان خۆیان هەڵکێشا و بەرەو بەرزاییەکانی ناوچە شاخاوییەکە سەرکەوتن، نە سندوقی پەیمانی یەزدان و نە موساش لە ناوەڕاستی ئۆردوگاکە دەرنەچوون. 45جا عەمالێقییەکان و کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو ناوچە شاخاوییانە هاتنە خوارەوە و هەتا حۆرما لێیاندان و تێکیان شکاندن.